جیا لە بودجە و مووچە.. پرسی دەروازە سنوورییەکان بابەتێکی دیکەی گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدان

شەیری بکە لە:
دەروازەی زێت لەسەر سنووری هەرێمی کوردستان و تورکیا

دەروازەی زێت لەسەر سنووری هەرێمی کوردستان و تورکیا

ئاڤا میدیا – هەولێر
 

پرسی دەروازە سنوورییەکان و ناساندنی بەشێک لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراق، ئامانجێکی دیکەی شاندی هەرێمی کوردستان بووە، تا ئێستا نەگەیشتوونەتنە خاڵێکی هاوبەش سەبارەت بە سەرپەرشتی و داهاتیان.


پرسی دەروازە سنوورییەکان بابەتێکی گەرمی سەر مێزی گفتوگۆکانی شاندەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدایە، بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ بەغدا لەسەر چوار خاڵی گرنگ رێککەوتوون و کار لەسەر ئەوە دەکرێت چەند دەروازەیەکی دیکەی هەرێمی کوردستان بە فەرمی بناسێندرێن.

 

"لەسەر چوار خاڵ رێککەوتووین" 


یەکشەممە 24-12-2023، ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان، بە ئاڤا میدیای راگەیاند، لە دوایین کۆبوونەوەمان لەگەڵ شاندی بەغدا، کۆنووسێک لە نێوان شاندی هەولێر و بەغدا واژۆ کراوە و لەسەر چوار خاڵ رێککەوتووین، یەكێک لە خاڵەکان هەموارکردنەوەی یاسای دەروازە سنوورییەکانە، کە یاساکە بە جۆرێکە لە "دەسەڵاتی مەرکەزی" نووسرابوو، بەگوێرەی ئەو یاسایە دەبووایە دەروازە سنوورییەکان بخرێنە ژێر کۆنتڕۆڵی بەغدا، بەڵام ئێمە تێبینیمان لەسەری هەبوو کە دەبێت ئەم یاسایە "یاسایەکی تەنسیقی" بێت و ببێتە پردێکی پەیوەندی لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەند لەسەر پرسی دەروازە سنووریییەکان، ئەو خاڵە پەسەندکرا و شاندی بەغداش گەیشتنە ئەو باوەڕەی کە لەم هەلومەرجەدا ئەم یاسایە گونجاو نییە و دەبێت هەموار بکرێتەوە.

 

بەبیانووی جێبەجێنەکردنی بڕگەی 13ـی ساڵی 2019، حکومەتی ناوەندی پشت نابەستێت بە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان وەک دەروازەیەک بۆ ترانزێت، خاڵی دووەمی رێککەوتن لەگەڵ بەغدا، هەمواری بڕگەی 13ـی ساڵی 2019ـی پەیوەست بە دەروازە سنوورییەکان بوو کە جێبەجێنەکراوە و لای ئێمە ناپەسەند بوو، بڕیاردرا ئەو بڕگەیەش بەشێوەیەک هەموار بکرێتەوە کە هەماهەنگی تێدا بێت، جیاواز لەوەی کە ئێستا نووسراوەتەوە.

 

"نایاساییەکان دابخرێن" 


خاڵی سێیەمی رێککەوتنەکە بریتییی بووە لەوەی، هەردوولا سیاسەتێکی گومرگی دابڕێژن کە لەگەڵ دۆخەکە بگونجێت و لە هەموو دەروازەکاندا جێبەجێ بکرێن، گرنگترین خاڵی رێککەوتنی نێوان شاندی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەند، پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەشە لە نێوان هەولێر و بەغدا بۆ سەردانیکردنی دەروازە سنوورییەکان، بە دیاریکراوی سەرجەم ئەو دەروازانەی کە ئەوان گومانیان هەیە لەوەی نایاسایی بن و لەلایەن بەغداوە بە نافەرمی دادەنرێن.

لەمبارەیەوە ساماڵ عەبدولڕەحمان، ئاماژەی بەوەدا، "لەسەر ئەوە رێککەوتووین ئەو دەروازانەی کە مەرجەکانیان تێدایە لەلایەن حکومەتی بەغداوە بەفەرمی بناسێنرێن و مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، ئەوانەشی کە نایاسایین با دابخرێن".

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لەنێو شاندی عێراق بە ئاڤا میدیا گەیێنراوە، شاندی عێراق لە بەرامبەر ناساندنی کۆمەڵێک دەروازەی نوێ داوای سەرپەرشتی راستەوخۆ و داهاتی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانی کردووە.  

"خشتەیەک لەلایەن بەغدا دروستکراوە، ناوی کۆمەڵێک شوێن نووسراوە گوایە دەروازەن و بازرگانییان لێ دەکرێت، بەڵام لە راستیدا ئەوانە دەروازەنین رەنگە رێڕەوێک بن و سەردەمێک هاتووچۆی پێدا کرابێت، پاسەوانی سنووری عێراقیش بە درێژایی هەموو سنوورەکان هەن و ئاگاداری دۆخی ئەو شوێنانەن، پێشووتریش لەلایەن ئەوانەوە ئەو رێڕەوانە داخراون، ساماڵ عەبدولڕەحمان وای بە ئاڤا میدیا گوت.

 

لە کوردستان دان بە چوار دەروازەی فەرمیدا نراوە


لە عێراق 24 دەروازەی فەرمی هەن، لە بەرامبەردا هەرێمی کوردستان چوار دەروازەی فەرمی لەخۆدەگرێت، داواکاریی سەرەکی شاندی هەرێمی کوردستان ئەوەیە، ئەو دەروازانەی لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی هاوسنوور هەن بکرێن بە فەرمی، دەروازەکانیش پێکهاتوون لە تەوێڵە لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە، سەرتەک لە ئیدارەی گەرمیان، کێلێ لە سنووری ئیدارەی راپەڕین، سەیرانبەن لە سنووری پێنجوێن، پیشخابوور، سەرزێڕ و سێمالکا لە سنووری پارێزگای دهۆک، زێت لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.

بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیک کۆبوونەوەکانی هەردوو شاند دەستپێبکەنەوە و بگەنە چارەسەری کۆتایی لەسەر پرسی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

سەفین تەها

سەفین تەها

Output Manager

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ