قەیرانێکی نوێ لە چین؛ هۆکار و چارەسەرەکانی

شەیری بکە لە:
قەیرانێکی نوێ لە چین؛ هۆکار و چارەسەرەکانی

شاری وهان. وێنە: سی ئێن ئێن

ئاڤا دیجیتاڵ

 

سەرکردەکانی چین لەم هەفتەیەدا چەندین هەوڵی ڕامیاریی نوێیان خستە گەڕ بۆ پشتیوانیی بازاڕە لاوازبووەکانی دارایی و بووژانەوەی ئابووریی وڵاتەکە، کە دووەم گەورەترین ئابووریی جیهانە.

 

دوای ئەوەی بانکی ناوەندیی چین مەرجەکانی پاشەکەوتی بانکی لابرد و یاسای نوێی دەرکرد بۆ هاندانی بانکەکان تاوەکو قەرزی زیاتر بە کۆمپانیاکانی خانووبەرە بدەن، هەوڵەکان بۆ پشتیوانیی قەرزپێدان و خەرجکردن بە خستنەبازاڕی ملیۆنان دۆلار کەوتنە کار.

 

داڕمانی بازاڕی خانووبەرەی چین یەکێکبوو لە هۆکارە سەرەکییەکانی ڕێگریکردن لە هەستانەوەی وڵاتەکە لەو گورزانەی پەتای جیهانیی کۆرۆنا لە وڵاتەکەی دا. بازاڕی دارایی جێگیر و وەگەڕخەرێکی گەورەی گەشەی ئابووریی جیهان لە مەترسیدان.

 

ئابووریی چین لە ساڵی 2023دا بە ڕێژەی 5.2% گەشەی کرد، کە لە سەروی ئامانجی حکومەتەوە بوو، بەرهەمی کارگەکان و فرۆشی وردەواڵە و زۆر نیشانەی تریش ئاماژەیان بە باشتربوون دەدا. بەڵام ئابووریناسان ئەمساڵ و ساڵی داهاتوو پێشبینیی خاوبوونەوە دەکەن، کە گەشەی ئابووریی جیهانی بۆ ماوەیەک خاو دەکاتەوە. لە 2023وە بازاڕەکانی بۆرسەی چینیش لاواز بوون، کە زیانەکانی لە ساڵانی ڕابردوودا گەیاندووەتەوە تریلیۆنان دۆلار. سستی کەرتی خانووبەرە، لەدەستچوونی کار و گرفتی تری پەتای جیهانیی کۆرۆنا وایان کردووە بەکاربەران زیاتر دەست بە پارەوە بگرن. هەندێک لە ئابووریناسان پێیانوایە کە ئەمانە هەڕەشەی ئەگەری گێژاوێکی هەڵاوسان دەکەن، بەوەی: نرخی خانووبەرە و شمەکی دیکە دادەبەزن؛ ئەمەش دەبێتە هۆی دڵساردبوونەوە لە وەبەرهێنان، کە وەبەرهێنان دەبێتە هۆی دابینکردنی هەلی کار و گوژم دەداتەوە بە هەڵستانەوەی ئابووری.

 

سەرکردەکانی چین بۆچی ئێستا کار دەکەن؟

لاوازبوونی ئابووری و بەگژداچوونەوەی پیشەسازیی تەکنەلۆژی و ئەو شێواندنانەی سەردەمی کۆرۆنا و گرژییەکانی بواری بازرگانی لەگەڵ ئەمریکا، بە هەموویان وایان کردووە وەبەرهێنە بیانییەکان لەبارەی داهاتووی بزنسەوە لە چین نیگەران بن. لی چانگ، سەرۆکی حکومەتی چین، هەفتەی ڕابردوو سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی کرد لەگەڵ ڕاوێژکارانی دەوڵەت و کابینەکەی خۆیدا، تیایدا ڕایگەیاند کە دەبێت کاری زیاتر بکرێت بۆ سەقامگیرکردنی بازاڕ و بەهێزکردنەوەی متمانە. هەفتەی ڕابردووش، لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهان لە داڤۆس دوا و هەوڵی دا بە هەمووان ڕابگەیێنێت کە: "وەبەرهێنان لە چین پڕکێشی نییە، بەڵکو هەلە".

 

یەکێک لە هەنگاوە هەرە گرنگەکان ئەوەیە کە دڵنیایی بدرێت لەوەی گەشەی ئابووری هێندە خێرایە کە هەلی کاری زۆر بۆ ئەو کرێکارە گەنجانە بڕەخسێنێت کە قوتابخانە بەجێدەهێڵن. لە ساڵی 2023دا ڕێژەی بێکاری لە نێو گەنجانی چیندا ژمارەی پێوانەیی تێپەڕاند و بە ڕێژەی 21% هەڵچوو. بەڵام لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا بۆ ڕێژەی 15% دابەزیوە، بەڵام هێشتا بەشێوەیەکی مەترسیدار بەرزە، ئەم هەڵچوونەش وا دەکات گەڕاندنەوەی گەشەی ئابووری بۆ سەر ڕێڕەوی ئاسایی خۆی لە هەموو کاتێک پێویستتر بێت.

 

حکومەت چی دەکات؟

بانکی ناوەندی لە پێنجی شوباتەوە لەبڕی بانکەکانی دیکە پاشەکەوت بە ڕێژەی 0.5% کەم دەکاتەوە. پان گۆنشەن، بەرپرسی بانکی میللیی چین، ڕایگەیاند کە ئەوە دەبێتە هۆی خستنەبازاڕی بڕی 1 تریلیۆن یوەن (140 ملیار دۆلار). هەروەها بانکی میللیی چین ڕێژەی سوودی بانکەکانی کەم کردەوە و یاسای نوێی دەرکرد بۆ ئاوەڵاکردنی دەستگەیشتنی پەرەپێدەرانی خانووبەرە بە قەرز لە بانکە بازرگانییەکاندا. کۆمپانیاکانی بواری خانووبەرە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ ڕێگەیان پێدەدرێت بۆ دانەوەی قەرز و وابەستەییەکانی دیکەیان ئەو قەرزانە بەکاربهێنن کە حکومەت بەڵێنی داوە بیدات بە کۆمپانیاکان بۆ موڵکی وەک نووسینگەی کارکردن و مۆڵ. ڕێکخەران لە پێشتردا ڕێژەی بارمتەی خانووبەرەیان داگرت و سنووردارکردنی کڕینی موڵکیان لابرد. پاش ئەوەی نرخی پشکەکان بەخێرایی دابەزین، فەرمان بە وەبەرهێنەکانی دامەزراوەکانی سەر بە حکومەت درا پشک بکڕن.

 

بۆچی قەیرانی خانووبەرە کێشەیەکی ئەوەندە گەورەیە؟

چەند ساڵێک لەمەوبەر دوای ئەوەی حکومەت زیادەڕەویی لە قەرزی بواری خانووبەرەدا قەدەغە کرد، دەیان پەرەپێدەری خانووبەرە ئیتر نەیانتوانی قەرزەکانیان بدەنەوە. یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیاکانی خانووبەرە، کە کۆمپانیای ئێڤەگراند-ە، هێشتا نەیتوانیوە زیاتر لە 300 ملیار دۆلار قەرز بداتەوە و بڕیارە ئەم هەفتەیە دادگایەکی هۆنگ کۆنگ لەسەر نەخشەی داڕشتنەوەی کۆمپانیاکە دادگاییەک بەڕێوە ببات.

ڕوون نییە ئەم هەوڵە ڕامیارییە نوێیانە چ کاریگەرییەکیان لەسەر کۆی گشتی ئەو قەیرانە دەبێت کە بەرۆکی بواری موڵکداریی گرتووە. دەمێکە فرۆشتنی زەوی یەکێکە لە گەورەترین سەرچاوەکانی داهات بۆ حکومەت و ئێستا ئەویش لەژێر باری قەرزی قورسدایە. هاوکات وەستانی دروستکردنی خانووی نوێ زیانی بە بەڵێندەران و دابینکەرانی کەرەستەی بیناسازی و کەلوپەلی ڕاخستنی ماڵ گەیاندووە. ئەمەش ژمارەیەکی ئێجگار زۆر کاری خەڵکی لەنێو بردووە، کە ئابووریی چینی هەژاندووە. فرۆشی خانووی نوێ و نرخی خانوو لە دابەزیندان، ئەمانەش وایان کردووە بەکاربەران لە خەرجکردن دڵسارد ببنەوە، چونکە خێزانە چینییەکان زیاتر ئارەزوو دەکەن زۆرینەی سامانەکانیان لە موڵکدا دابنێن. کەرتی خانووبەرە زیاتر لە چارەکێکی کۆی چالاکییە بازرگانییەکانی چین پێکدەهێنێت.

 

ئەو ڕێوشوێنانەی گیراونەتەبەر چۆن کاریگەرییان لەسەر خەڵکی ئاسایی دەبێت؟

کاتێک گەشەی خێرایی چین وەک زلهێزێکی ئابووری برەو لەدەست دەدات، وەبەرهێنە بیانییەکان و بەکاربەرەکان چاودێریی حکومەت دەکەن بۆ ئەوەی بزانن ئایا حکومەت نەخشەی ڕوونی هەیە بۆ بەرەوپێشبردنی ئابووری لە گەشەی خاودا؟

 

زۆرێک لە شیکەرەوەکان دەڵێن کە خستنەبازاڕی پارەی زیاتر و هاندانی بانکەکان بۆ قەرز ڕەنگە بە گوێرەی پێویست بە ڕێوە نەڕۆن. ستیفن ئینس، شارەزایەکی کۆمپانیای ئێس پی ئای بۆ بەڕێوەبردنی سامان، دەڵێت: "ڕاستە کەمکردنەوەی پاشەکەوتی بانک قەرزی زۆر بەردەست دەخات، بەڵام کێشە ڕیشەییەکە چارە ناکات؛ دەتوانیت ئەسپ ببەیت بۆ لای کانی، بەڵام ناتوانیت وای لێ بکەیت ئاو بخواتەوە". ئابووریناسان هاوڕان لەسەر ئەوەی کە بۆ درێژەدان بە گەشەیەکی بەهێز چاکسازیی درێژخایەن پێویستن، وەک دروستکردنی پاڵپشتییەکی باشتری دارایی کۆمەڵایەتی بۆ ئەوەی یارمەتیی خێزانەکان بدات زیاتر خەرج بکەن، لەبڕی ئەوەی پاشەکەوتی ڕۆژی ڕەشیان لە بانکەکاندا زیاتر بشارنەوە. هێشتا زۆربەی سامانی وڵاتەکە دەچێتە بواری بونیادنانی ژیرخانی وەک ڕێگەوبان و هێڵی شەمەندەفەر، نادڵنیاییش لە ڕامیارییەکاندا وەبەرهێنانی لە بزنسی بچووک و تایبەتدا سارد کردووەتەوە، کە ئەمانە هەلی کار دروست دەکەن.

شرۆڤە: ئیلەین کورتنباک

شەیری بکە لە: