لەسەر سووتانی 255 سەر مەڕ سێ کەس دەستگیر دەكرێن

شەیری بکە لە:
لەسەر سووتانی 255 سەر مەڕ  سێ کەس دەستگیر دەكرێن

وێنەی دوای ڕووداوەکە- سۆشیال میدیا

ئاڤا نیوز


دوای ئەوەی دوێنێ ئاگر لە پووش و پاوانی گوندی حاسڵی سنووری شارەزوور کەوتەوە و بەهۆیەوە دەیان سەر مەڕ سووتان، ئەمڕۆ پۆلیسی سلێمانی سێ کەسی دەستگیر کردووە.


وێنە گەورەکە: ساڵانە لەگەڵ دەستپێکی وەرزی هاوین، ڕووداوی کەوتنەوەی ئاگر لە پووش و پاوان زیاد دەکات و جگە لە زیانە ژینگەییەکەی، زیانی ماددی بەر جووتیاران دەکەوێت.


لێدوانە فەرمییەكان: سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە ئاڤا نیوزی گوت: "لەسەر سکاڵای خاوەن مەڕەکان، سێ کەس دەستگیرکراون کە لە کاتی کەوتنەوەی ئاگرەکە لە شوێنەکە بوون، لێکۆڵینەوەی دادگە دەریدەخات کە ئایا ئەو کەسانە بکەری کارەکەن یان نا. بەڵام بکەری سەرەکی ڕووداوەکە دەستگیر نەکراوە".


لە لایەکی دیکەوە: ئاوارە حەمە شەریف، بەڕێوەبەری ناحیەی زەڕایەن بە ئاڤا نیوزی گوت: بەهۆی ڕووداوەکەوە 255 سەر مەڕ سووتاون، نزیکەی 130 سەر ئاژەڵیان لەلایەن سەربڕینخانەی سلێمانی سەربڕدراون، لەو ژمارەیە 19 سەر مەڕیان شیاوی خواردن نەبوون.


باکگراوند: گوندی حاسڵ دەکەوێتە سنووری ناحیەی زەڕایەن لە قەزای شارەزوور، 46 کیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژهەڵاتی سلێمانییەوە دوورە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: