پیر شالیار؛ زەماوەندە سەرنجڕاکێشەکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

شەیری بکە لە:
پیر شالیار؛ زەماوەندە سەرنجڕاکێشەکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

جەژنی پیر شالیار نزیكەی 100 ساڵە لە شارەدێی هەورامانی تەخت لە زستاندا دەكرێت.

ئاڤا دیجیتاڵ

 

جەژن یان زەماوەندی  پیر شالیار، یەكێك لە بۆنە ئاینییەكانە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، هەموو ساڵێك لە چلەی زستاندا بەڕێوەدەچێت، هەزاران کەس كۆدەبنەوە و”زیكر” دەكەن و خواردنی تایبەت بەو ڕۆژە دەخۆن.

 

 چیرۆكی سەرەكی: جەژن یان زەماوەندی پیر شالیار، نزیكەی 100 ساڵە لە شارەدێی هەورامانی تەخت لە زستاندا دەكرێت. مورید و شێخ و دەروێشەكانی پیر شالیار لەسەر بانی  شارەدێكە كۆدەبنەوە. دەف لێدەدەن، دەستی یەك دەگرن و “حەی ئەڵا” كە یەكێكە لە زیكرەكانیان دەیكەن. گەشتیارێكی زۆر لە جیهاندا لەو ڕۆژەدا سەردانی هەورامان دەكەن و چێژ لە دیمەنەكانی جەژنەكە دەبینن.

 

ئەوەی پێویستە بیزانیت:  ئارامگە یان مەزاری پیر شالیار ناونراوە، “چلەخانە و پیری” زاراوەكە هەورامییە، بەواتای شوێنی چلەی پیر و گەورەی پیر شالیار دێت، ئەم ناوچەیە دەكەوێتە شارەدێی هەورامانی تەخت لە سنووری شاری پاوە لە پارێزگای سنە.

 

پیر شالیار، وشەیەكی لێكدراوی سێ بڕگەییە كە هەر بڕگەیەك مانایەكی تایبەت و گرنگییەكی گەورەی هەیە لە بیروبۆچوونە ئاینییەكاندا.


پیر واتە: كەسێك كە هەر حەوت قۆناغی خاوێنبوونەوەی ڕۆحی و پیاوچاكی وەرگرتووە لە ئاینی میترادا.

شا واتە: ناونیشانێكی سیاسی و كۆمەڵایەتی گەورە، بە كەسێك وتراوە كە توانایەكی گەورەی هەبووبێت لە کارامەییدا.


لیار: لە ئاینی میتراییدا بۆ جێنشین یان شوێنگرەوەی فەرماندە یان كەسەباڵاكان بەكارهاتووە.

 

ئەوەی لە جەژنەکە روودەدات: یەكێك لە دیاردە تایبەتەكانی ئەم جەژن و زەماوەندە، بریتییە لە كۆبوونەوە بەدەوری یەكتر و ئاهەنگ و سروودی ئاینی، لەسەر مەزاری پیر شالیار بەردێك هەیە پێیدەگوترێت بەردی كۆمسایی، بەردەكە دەشكێنرێت و بەپێ قسەی دەروێش و پیرەكان دواتر خۆی چاكدەبێتەوە.

 

كە چلەی زستان دێت، سێ رۆژ زەماوەندی پیر شالیار بەردەوام دەبێت، خواردنێكی زۆر ئامادە دەكەن و دابەشی دەكەن بەسەر بەشداربووانی ڕێوڕەسمەکە و میوانەكان و دانیشتووانی هەورامانی تەختدا.

 

گێڕانەوە مێژووییەکان: سێ پیر شالیار هەیە، پیر شالیاری یەكەم كە بەپێی گێڕانەوە مێژووییەكان دەگەڕێتەوە بۆ پێش زایین، پیر شالیاری دووەم، كە سەرەتایی زاینە و ئەم پیر شالیارەی ئێستا كە ماوەتەوە، نازناوە شەجەرییەكەیان بەمجۆرەیە.

 

سید مصطفی، ابن سید معروف، ابن سید بابیل، ابن سید مسعود، ابن سید سلیمان، ابن سید فضل الله، ابن سید محمد، ابن سید محمد، ابن سید حسین، ابن سید احمد، ابن سید علی العریضی، ابن سید (الامام) جعفر صادق، ابن الامام محمد باقر، ابن الامام زین العابدین، ابن الامام حسین، ابن الامام الهمام علی ابن ابی طالب و فاطمه الزهراء، ورده الرسول.

 

مێژوونووسان چی لەبارەوە دەڵێن: بەشێك لە مێژوونوسان قسەیان لەبارەی پیر شالیار كردووە:

- مەلا عەبدوکەریمی مودەڕیس لە کتێبی کۆڕی زانیاراندا  لەبارەی پیر شالیارەوە دەڵێت، لە سەدەی شەشەمی کۆچی ژیاوە.

- دكتۆر كەمال مەزهەر، مێژوونوسی كورد دەڵێت، پیر شالیار لە سەدەی شەشەمدا ژیاوە و خاوەنی كتێبێكە بە ناوی “مەعریفەت و پیری”.

- شەرەفخانی بەدلیسی لەبارەی پیر شالیارەوە، نووسیویەتی، ئەوەی لە پیر شالیار بینرا لە هیچ شوێنێكی دیكە نابینرێت.

 

ئەوەی لەبارەیەوە دەگوترێت: زۆر گێڕانەوەی جیاواز لەبارەی پیر شالیارەوە دەگێڕدرێنەوە. لە یەكێك لە سەربووردەكاندا بەمشێوەیە باس لە بابەتەكە دەكرێت؛ بەهار خاتوونی کچی شای بوخارا كەڕولاڵە، هیچ کەس نەیتوانیوە دەردی کچی پادشا چارەسەر بکات، هەواڵ دەنێرن بۆ بوخارا كە پیر شالیاری هەورامان دەتوانێت چارەسەری بکات.

 

مامی بەهار و بەشێک لە دارودەستەکەی دەکەونەڕێ بۆ هەورامانی تەخت بۆ لای  پیر شالیار، کاتێک دەگەنە هەورامان بەهۆی بیستنی دەنگی سەیر و دیمەنی جوان لە نزیک ماڵەکەی پیرشالیار ، زمانی دەکرێتەوە و دەشتوانێت ببیستێت، بەمشێوەیە بەهار خاتوون دەدەنە پیرشالیار. بەهۆی ئەوەی پیرشالیار هەژاربووە و لەڕووی ماددیەوە زەماوەندێکی شاهانە سازبکات، دانیشتووانی هەورامان بە شانازیی کچی پادشا و کەرامەتی پیرەکەیان، زەماوەندەکەی لەئەستۆدەگرن و ئێستاش وەک ڕووداوێکی مێژوویی ساڵانە یادی دەکەنەوە.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان