ئەمساڵ 102 تریلیۆن دینار بۆ مووچە تەرخان دەکرێت

شەیری بکە لە:
ئەمساڵ 102 تریلیۆن دینار بۆ مووچە تەرخان دەکرێت

دیناری عێراقی- وێنە: محەممەد شوانی- ئاڤا نیوز

ئاڤا نیوز


ئەندامێكی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، بودجەی 2024 بریتییە لە 228 ترلیۆن دینار؛ لەو پارەیە بڕی 102 ترلیۆن دیناری بۆ مووچە تەرخان دەکرێت؛ گوتەبێژی حکومەتی عێراقیش ڕایدەگەیێنێت، لە ماوەی دوو هەفتەدا خشتەکانی بودجە پەسەند دەکرێن و مووچە بەتەواوی گەرەنتی کراوە.


بۆچی گرنگە: لە بودجەی عێراق پشکی هەرێمی کوردستان بە 12.67% دیاری کراوە و بڕیارە لەو چوارچێوەیەشدا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت کە 949 ملیار دینارە.


لێدوانی فەرمی: جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ئاڤا نیوز گوتی: بودجەی ساڵی 2024 بریتییە لە 228 ترلیۆن دینار و كورتهێنانیش بە 84 ترلیۆن دینار مەزەندە دەکرێت.


ئەوەی پێویستە بیزانیت: لە کۆی بودجەی ئەمساڵ 102 ترلیۆن دینار بۆ مووچە تەرخان دەكرێت؛ ساڵی ڕابردوو كورتهێنانی بودجە 64 ترلیۆن دینار بووە، بەڵام لەمساڵدا كورتهێنانەكە 20 ترلیۆن دینار زیادی كردووە و گەیشتووەتە 84 ترلیۆن دینار.


لەلایەکی دیکەوە: باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە ڕاگەیێنراوێکدا ڕوونی کردەوە، ئەنجوومەنی وەزیران لە ماوەی دوو هەفتەدا خشتەکانی بودجە بۆ ساڵی 2024 پەسەند دەکات و بۆ ئەمساڵ مووچە بەتەواوی گەرەنتی کراوە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: