سەرۆک بارزانی سەردانی باوکی ئاڤێستا دەكات

شەیری بکە لە:
سەرۆک بارزانی سەردانی باوکی ئاڤێستا دەكات

ساتی گەیشتنی سەرۆک بارزانی بۆ لای باوکی مامۆستا ئاڤێستا

ئاڤا نیوز

سەرۆک مەسعوود بارزانی لە دەڤەری شانەدەر سەردانی باوکی ئاڤێستای کرد، هاوخەمی خۆی بۆ دەربڕی و دڵنەوایی دایەوە، هەموو تیمەکانی ڕسپاردەوە بێ وچان هەرچییەکیان کردووە دەبێ تەرمەکە بدۆزنەوە و ئەوکارە تەنیا لەوان دەوەشێتەوە.


چیرۆكی سەرەكی: ڕۆژی 5-4-2025، مامۆستا ئاڤێستا یوسف بەرزنجی كە بۆ گەشت و سەیران سەردانی دەڤەری بارزانی كردبوو، لەوێ كاتێك دەچنە سەر ڕووباری ڕێزان براكەی لەسەر بەردێك دەخزێ و دەكەوێتە نێو ئاو و مامۆستا ئاڤێستاش بۆ دەربازكردنی براكەی دەچێتە پێش و ئەویش دەكەوێتە نێو ئاوەكە و دواجار براكەی ڕزگاری دەبێت و ئاڤێستاش ئاوی ڕووبار بێ ڕەحمانە دەیبات و ئەوە دوو هەفتەیە دەیان تیمی پسپۆر و خەڵكی خۆبەخش سەرقاڵی گەڕانن، تاوەكو ئێستا نەیانتوانیوە تەرمەكەی بدۆزنەوە.

زانیاریی بەدەستهاتوو: ئەمڕۆ چوارشەممە 16-4-2025، سەرۆك بارزانی لە شانەدەر سەردانی باوكی مامۆستا ئاڤێستای كردووە و جارێكی دیكە هاوخەمی خۆی بۆ یوسف بەرزنجی باوکی ئاڤێستا و بنەماڵەکەی دەربڕیوە.

زانیاریی تایبەت: بەپێی زانیارییەكانی ئاڤا میدیا، سەرۆك بارزانی بە باوكی ئاڤێستای گوتووە، "دڵی خۆت تووند مەکە پشتیوان بە خودا تەرمەکەی هەر دەدۆزینەوە، ئەوەی هاتووە  قەزا و قەدەرە و ڕەتناکرێتەوە و دەبێت پشوو درێژ بی و ئارام بگریت، پشتیوان بە خودا هەر دەگەینە ئامانج."

قووڵتر: لەمیانەی سەردانەكەیدا سەرۆك بارزانی، بە موقەدەم كاروان، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆرانی گوتووە "بەهیچ شێوەیەک نابێ هەست بە ماندووبوون بکەن و درێغی بکەن، ئەو کارەش هەر لە خۆتان دەوەشێتەوە".

ئەوەی پێویستە بیزانیت: سەرۆك بارزانی دەستخۆشی لە دانیشتوانی دەڤەرەکە کردووە كە چوونە بەدەم کەسوکاری ئاڤێستاوە و دڵنەواییان کردوون، سەرۆک بارزانی گوتویەتی خەڵکی ئەم دەڤەرە هەروا بووە بۆ هاوکاریی و هاوخەمیی و هەرواش دەمێنێتەوە.

ئەمەش بزانە: باوکی ئاڤێستا وێنەیەکی ئاڤێستای بەخشیوە بە سەرۆک بارزانی.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: