نێچیرڤان بارزانی: پشتیوانی بۆ پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و مافی پێکهاتەکان لە سووریا دووپات دەکەینەوە
- کوردستان
- 16 نیسان
ئاڤا نیوز
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیوەست بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لە بەغدا، پابەندبوونی جێگیری هەرێمی کوردستانی بە دەستووری عێراق دووپات کردەوەو هاوکات جەختی لەسەر جێبەجێکردنی خێرای یاسای گێڕانەوەی موڵکداری و چالاکترکردنەوەی لیژنەی جەجێکردنی ماددەی 140ـی دەستووری عێراق کردەوە. هاوکات بە پێویستیشی زانی پەلە لە پێکهێنانی کابینەی تازەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکرێت.
چیرۆکی سەرەکی: پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 2025-4-16، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەسلێمانی بەشداريی لەکۆڕبەندی زانکۆی ئەمریکی لەعێراق ـ سلێمانيدا کرد. گوتارێکی پێشکەش کرد.
گوتاری فەرمی: نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە میانی گوتارەکەیدا پشتیوانی هەرێمی کوردستانی بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دووپات کردەوە و هاوکات بە دەرفەتێکى مێژوويي ناوی برد.
لە لایەکی دیکەوە: سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لە پاراستنی مافی هەموو پێکهاتەکان لە سووریادا کردەوەو بە پێويستی زانی حکومەتى سووريا ڕەنگدانەوەى هەموو پێکهاتەکانى وڵاتەکە بێت بەبێ جياوازى.
دەقی گوتارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
ئێستا جیهان ڕووبەڕووی ئاڵنگاری هاوبەش دەبێتەوە
نێچیرڤان بارزانی، لە سەرەتای گوتارەکەی تیشکی خستە سەر ئەو گۆڕانکارییە جیۆپۆلەتیکانەی کە ئێستا جیهانى گرتووەتەوه و ڕایگەیاند: ئەمڕۆ ئەم کۆڕبەندە لە کاتێکدايه کۆمەڵێک گۆڕانکاريى گەورەى جیۆپۆلەتیکی، جیهانى گرتووەتەوه کە سروشتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەگۆڕێت و لەوانەیە گۆڕانکاری لە هەندێک هاوسەنگيی هەرێمی و جیهانیدا دروست بکات. شەڕ و ململانێکان لە شوێنەکانى وەک ئۆکراینا و غەززە و فراوانبوونى کێبڕکێى ئابووریی زلهێزەکان، هەموویان کاریگەرييان لەسەر ناوچەی ئێمەش دەبێت.
لە هەمان کاتدا، ئێستا جیهان ڕووبەڕووی ئاڵنگاريى هاوبەش دەبێتەوە بەتایبەتی لە بواری گۆڕانی ئاووهەوادا کە مەترسيى لەسەر ئاسایشی خۆراک، کۆچ، تيرۆر و چەندين مەترسيى ديکه دروست دەکات و هەڕەشە لە ئێستا و داهاتووى جيهان و مرۆڤايەتى دەکەن. ئەو کاریگەرییانە لە زۆر شوێنی عێراق بە ڕوونی لێمانەوە دیارن و هەزاران کەس لەبەر نەمانی ئاو، ناچار بوون شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان بگۆڕن.
ئێمە لە هەرێمی کوردستان باوەڕمان بە گرنگيی هاريکارى و کاری هاوبەش و هەماهەنگيی نێودەوڵەتی هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ئاڵنگارييانە. پێمان وایە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت بەرپرسیاريەتیی هاوبەشى خۆی بەرامبەر بە پرسە جیهانییەکان بگرێتە ئەستۆ کە بۆ هەموو مرۆڤایەتی، گرنگن.
"پشتیوانی خۆمان بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دووپات دەکەینەوە"
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پشتیوانی خۆی بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دووپات دەکردەوەو بە دەرفەتێکی مێژوویی ناوی برد و ڕایگەیاند: لەنێو هەموو ئەم ئاڵنگارييانەدا، مايەى خۆشحاڵييە کە لە ناوچەکەدا پەرەسەندنی ئەرێنيیش دەبینین لەپێناو بەديهێنانى ئاشتیدا. ئەوەى ئەم ماوەيە لە تورکيا بۆ ئاشتى هاتووەتە ئاراوە، پرۆسە و دەرفەتێکى مێژوويييە، بە هەموو شێوەيەک پێشوازی و پشتيوانيى خۆمان بۆ سەرخستنى، دووپات دەکەينەوە. ئەمە دەرفەتێکە بۆ بەهێزکردنی سەقامگیری لەم ناوچەیە و کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێی هاوکاريی بنیادنەرانەيە کە سوودى بۆ هەموو ناوچەکە دەبێت.
ئاشتی هێزە و ئاشتیخوازی، ڕێبازی کەسانی خاوەن باوەڕ و بەهێزە. لە ئاشتیدا هیچ کەس و لایەنێک تێکناشکێت، هەموومان سەردەکەوین و وڵاتانی ناوچەکەش گەشە دەکەن. هێزى ئاشتى، لە هێزى هەموو شەڕەکان گەورەترە.
کورد و گەلى کوردستان بەگشتى، ئاشتيخوازن. هەر کاتێک و لە هەر کوێ ترووسکايييەک بۆ ئاشتى هەبێت، گەلی کوردستان هەميشە بەئومێدەوە، بەپيرييەوە چووە. دەبێ هەموو کەس و ڕێکخراوێکی سیاسيی کوردستان، باوەڕی بەو ڕێباز و ویستەی گەلی کوردستان هەبێت.
"پێویستە مافی هەموو پێکهاتەکان لە سووریا پارێزراو بێت"
پەیوەست بە دۆخی سووریاش، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: جێگەی دڵخۆشییە کە هەموو پارت و لایەنە کوردستانییەکان کۆکن لەسەر داواکاريی ئاشتیانەی چارەسەری کێشەی کورد لە سووریا، بۆ ئەو مەبەستە هەنگاوی باشیان هەڵناوە بە یەکخستنی داواکارییەکانیان. هیوادارین لەگەڵ حکومەتی سووریا، بتوانن سووریایەکی دیموکرات و دابینکەری مافی هەموو نەتەوە و پێکهاتەکان دابمەزرێنن کە ببێتە سەرچاوەی سەقامگیری بۆ ناوچەکە. پێويستە حکومەتى سووريا ڕەنگدانەوەى هەموو پێکهاتەکانى وڵاتەکە بێت بەبێ جياوازى و هاوبەشى و مافى هەمووان لە سووریا پارێزراو بن.
"هەرێمی کوردستان هەمیشە سەلماندویەتی کە فاکتەری ئارامی و سەقامگیرییە"
نێچیرڤان بارزانی، باسی لە ڕۆڵی گرنگ و ئەرێنی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکە کرد و ئاماژەی بەوەدا، هەرێمی کوردستان هەمیشە سەلماندویەتی کە فاکتەری ئارامی و سەقامگیرییەو دەتوانێت ڕۆڵێکی ئەرێنی و گرنگ لەبەهێزکردنی ئاسایش و ئاسایشی ناوچەکەدا بگێڕێت، لێرەوە لەم کۆڕبەندەدا پابەندبوونی هەرێمی کوردستان بە بەردەوامی ئەم ڕۆڵە لە ڕێگەی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر بنەمای ڕێز لەیەک گرتن و بەرژەوەندی هاوبەش دووپات دەکەینەوە.
"پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان هێزێکی گەورەیە بۆ عێراق"
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغداش، نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند: بڕواى تەواومان بە يەکترتەواوکردنى هەرێمى کوردستان و عێراق و وڵاتانى ناوچەکە پێکەوە هەيە بۆ سەقامگيرى و پەرەپێدانى بەردەوام لە هەموو بوارەکاندا. هاوکارى و پێکەوەکارکردنى هەرێمى کوردستان و عێراق و هەردووکيان لەگەڵ وڵاتانى دراوسێ و ناوچەکەدا بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان، بۆ هێنانەديى ئاشتى بەردەوام دەبێت، لە ڕێگەى ديپلۆماسى و گفتوگۆوه، دەرفەتى گەورە لەبەردەم گەلان و وڵاتانى ناوچەکەدا بۆ ئێستا و داهاتوويەکى باشتر دەکاتەوە. گەشەکردنی هەرێمی کوردستان وەک بەشێکی عێراق پەیوەستە بە سەقامگیريی عێراقەوە، پێشکەوتنی هەرێمی کوردستانیش هێزێکی گەورەیە بۆ عێراق، ئەمانە لە یەکتر جیاناکرێنەوە.
گەشەکردنی هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە عێراق پەیوەستە بە سەقامگیری عێراق و پێشکەوتنی هەرێمی کوردستانیش هێزێکی گەورەیە بۆ عێراق، ئەمانە لە یەکتر جیاناکرێنەوە.
"نکۆڵيکردن لە مافەکانى کورد تەنیا ماڵوێرانى و نەهامەتى بۆ ناوچەکە دەهێنێت"
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێیوابوو ئيتر کاتى ئەوەيە ئاوڕێکى جددى لە پرسی کورد لە ناوچەکە بدرێتەوە و ڕایگەیاند: زياتر لە سەد ساڵى ڕابردوو زۆر بە ڕوونى سەلماندى کە پشتگوێخستن و نکۆڵيکردن لە مافەکانى کورد و گەلى کوردستان، جگە لە شەڕ و ئاشووب، لە ماڵوێرانى و نەهامەتى و دواکەوتوويى بۆ ناوچەکە و گەلانى ناوچەکە، هيچ ئەنجامێکى ديکەى نەبووە و نابێت.
ڕابردوو، وانە و پەندێکى مێژوويى به نرخێکى گران پێشکەش کردین، ئەويش ئەوەيە: هەوڵى بێهوودەى سڕينەوەى ميللەتێکى دەيان مليۆنى لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست کە لە نيشتمان و لەسەر خاکى ڕەسەنى خۆى دەژيت، هەرگيز ئارامى و سەقامگيرى بۆ ناوچەکە ناهێنێت، بەڵکو بەپێچەوانەوە، هەميشە ناوچەکە لەبەردەم چارەنووس و جۆرەها ئەگەرى ترسناکدا دەهێڵێتەوە.
بۆيە دواى ئەو هەموو ڕابردووە تاڵە، پێمان وايە ئيتر کاتى ئەوەيە ئاوڕێکى جددى لەم پرسە بدرێتەوە. هەموومان لەم ناوچەيە بە گيانى پێکەوەيى، تەبايى، يەکترقبووڵکردن، هاريکاريى هاوبەش و پێکەوەژيانى ئاشتييانە و ئارەزوومەندانە، دەستى دۆستايەتى بخەينە دەستى يەکتر و ئاشتييەکى هەميشەيى لە ناوچەکە بەدى بهێنين. ئاشتييەک، داهاتوويەکى ڕووناک بۆ نەوەکانى ئێستا و داهاتووى هەموو میللەتانى ناوچەکە، مسۆگەر بکات. داهاتوويەک تيايدا ئەم ناوچەيە ببێتە ناوەندێکى گرنگى جيهان و مرۆڤايەتى.
بۆ ئەم مەبەستە، لە هەموو ئەو وڵاتانەى کورد و نەتەوەکانى دیکە پێکەوە دەژين کە پەيوەنديى مێژوويى و دێرينى هەزاران ساڵەيان پێکەوە هەيە، دەرفەت لەبارە و بارودۆخ گونجاوە بۆ ئەوەى لە هەر وڵاتێک بەپێى دۆخ و سروشت و تايبەتمەنديى ئەو وڵاتە، لە چوارچێوەى سنوورى ئەو وڵاتانەدا، بە ديالۆگ و لێکگەیيشتن و ئاشتيانە، کێشەکان چارەسەر بکرێن و ئاسوودەيى و سەقامگيريى هەميشەيى بەدى بێن، تاکوو هەمووان پێکەوە ڕوو لە داهاتوويەکى دڵنيا و بێ ترس، بکەن.
کورد یەکێکە لە نەتەوە ڕەسەن و گەورەکانی ناوچەکە. بە ئاشتی، ڕۆڵی کورد لە پێشکەوتنی ناوچەکەدا زۆر بەهێز دەبێت، هەروەها وڵاتانی ناوچەکە دەبنە خاوەن هێزێکی زۆرتر.
"پابەندبوونی جێگیرمان بە دەستووری عێراق دووپات دەکەینەوە"
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: پابەنديی جێگیریمان بە دەستووری عێراقەوە دووپات دەکەینەوە وەک چوارچێوەیەک کە ئەم پەیوەندییە ڕێکدەخات. ئێمە پێمان وایە دەستوور بە پرەنسیپەکانی فیدراڵی و فرەیی و هاوبەشى، گەرەنتيی ڕاستەقينەيە بۆ مافەکانی هەموو پێکهاتەکانی عێراق بەبێ جياوازى.
بە سوپاس و پێزانينەوە بۆ هەوڵەکانى سەرۆکوەزيران بەڕێز محەمەد شياع سوودانى، ماوەی ڕابردوو پێشکەوتنی بەرچاو لە چارەسەرکردنی پرسەکانى نێوان هەولێر و بەغدا بينرا. ڕوانگەی بەڕێز سوودانى لە بەهێزکردنی هاوبەشییەکان و کەمکردنەوەی ناکۆکییەکان، ڕوانگەیەکی ڕاستە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق.
"جەخت لەسەر جێبەجێکردنی خێرای یاسای گێڕانەوەی موڵکداری دەکەینەوە"
لەبارەی کێشەی جووتیارانی کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان و پرسی جێبەجێکردنی ماددەی 140، نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند: جەخت لەسەر جێبەجێکردنی خێرای یاسای گێڕانەوەی موڵکداری و چالاکترکردنەوەی لیژنەی جێبەجێکردنی ماددەی 140ـی دەستووری عێراق دەکەمەوە.
ئێمە بەردەوام دەبین لە گفتوگۆی بوونیادنەر لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بۆ گەییشتن بە چارەسەری هەمیشەیی بۆ هەموو کێشەکان بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەنديی عێراق بە هەموو پێکهاتەکانييەوە بکات و ماف و شايستە دەستوورييەکانى هەمووان دەستەبەر و مسۆگەر بکات.
"پێکهێنانی کابینەی تازەی حکومەتی هەرێمی کوردستان"
سەبارەت بە پرسی پێکهێنانی کابینەی تازەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، بە پێویستی زانی پەلە لە پێکهێنانی حکومەت بکرێت و ڕایگەیاند: لە دۆخ و ئاڵنگارييەکانى ئێستاى ناوچەکەدا، پێويستە پەرلەمانی کوردستان کارا بێت، بۆ ئەوەش ئەرکى هەرە لەپێشینەی پارتى دیموکراتی کوردستان و يەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لايەنە براوەکانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانە کە پەلە بکەن و هەرچى زووترە کابينەى تازەى حکومەتى هەرێمى کوردستان پێکبهێنن. حکومەتێک وەڵامدەرەوەى چاوەڕوانييەکانى هاووڵاتييان بێت و بتوانێت وەک پێويست مامەڵە لەگەڵ پێشهات و ئاڵنگارييەکاندا بکات.
بەپارێزگابوونی هەڵەبجە
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی لە خەڵکی پارێزگاکە کرد و ڕایگەیاند: هەر لەم بۆنەيەدا دەمەوێ جارێکى ديکە، بە گەرمى پيرۆزبايى لە خەڵکى خۆشەويستى شاری هەڵەبجە بکەم بۆ بەپارێزگابوونى شارەکەيان و دەستخۆشی لە جەنابی سەرۆکوەزیران دەکەم کە بە هەموو شێوەیەک هەوڵی دا هەڵەبجە ببێتە پارێزگا. دڵنيايان دەکەمەوە کە هەموومان کار دەکەين بۆ ئەوەى ئەمە بکەينە دەرفەتێکى ديکە بۆ خزمەتکردنى زياترى هەڵەبجە و خەڵکى ناوچەکە.
پاڵەوانبوونی دهۆک لە جامی کەنداو
نێچیرڤان بارزانی، لە کۆتایی گوتارەکەشیدا بەبۆنەی بەدەستهێنانی نازناوی جامی کەنداو لەلایەن یانەی دەهۆکەوە، پیرۆزبایی لە دهۆکییەکان و خەڵکی کوردستان و عێراق بە گشتی کرد و گوتی: دەمەوێ به ناوی هەموو بەشداربووانەوە، پیرۆزبایی لە عێراق، پیرۆزبایی لە دهۆک بکەم کە لە فووتبۆڵ بردیانەوە و جامی یانەکانی کەنداویان بەدەستهێنا. لێرەوە به ناوی هەمووتانەوە پیرۆزباییيەکی گەرمیان لێدەکەین، دەستخۆشییان لێدەکەین و پێیان دەڵێین ئەوان شانازی بوون بۆ عێراق، شانازی بوون بۆ هەرێمی کوردستان.
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
دوایین هەواڵەکان
- ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
- 2 کاتژمێر لەمەوپێش
پێنتاگۆن: ژمارەی هێزەکانمان لە سووریا کەمدەکەینەوە
- ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
- 3 کاتژمێر لەمەوپێش
ئەمریکا: دۆخی سووریا مەترسیدارە
- ژینگە
- 4 کاتژمێر لەمەوپێش
حكومەتی هەرێمی كوردستان پێدانی قەرز بۆ كارەبای وزەی خۆر دەستپێدەكات
- ژینگە
- 5 کاتژمێر لەمەوپێش
لە شەقڵاوە پاشماوەی خۆراک لە زبڵ و خاشاک جیا دەکرێتەوە
- کوردستان
- 5 کاتژمێر لەمەوپێش
مەراسیمی بەخشین تایبەت بە کاکەییەکان بەڕێوەدەچێت
هەڵبژاردەکان بۆ تۆ
ئاڤا گوتار و ڤیدیۆیەكی بڵاونەكراوەی سەرۆك بارزانی بڵاو دەكاتەوە
16 نیسان
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پیرۆزبایی لە یانەی دهۆک دەکات
15 نیسان
یانەی دهۆک بۆ یەکەمجار لە مێژوودا بووە پاڵەوانی جامی کەنداو
15 نیسان
یاری نێوان یانەی دهۆک و قادسیە بە ئامادەبوونی زیاتر لە 25 هەزار هاندەر بەڕێوەدەچێت
15 نیسان
نرخی ئامێری PS5 بەرزدەبێتەوە
14 نیسان
- کوردستان
- 5 کاتژمێر لەمەوپێش
مەراسیمی بەخشین تایبەت بە کاکەییەکان بەڕێوەدەچێت
- کوردستان
- 5 کاتژمێر لەمەوپێش
لە سەیدسادق دەیەمین فێستیڤاڵی بەهارە بەڕێوەدەچێت
- کوردستان
- 6 کاتژمێر لەمەوپێش
شاندی باڵای هەسەدە و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی كۆدەبنەوە
- کوردستان
- 7 کاتژمێر لەمەوپێش
یەكێتی نیازی هەیە پەیوەندییەكانی لەگەڵ توركیا پتەو بكات