فایلی خەڵک؛ خراپی ڕێگا ئاستەنگ لەبەردەم هاتنی گەشتیاران بۆ سەرچاوەی زەڵم دروست دەکات

شەیری بکە لە:

ئاڤا نیوز

خراپی ڕێگای گوندی زەڵم ئاستەنگ لەبەردەم هاتنی گەشتیاران دروست دەکات و شۆفێران و گەشتیارانیش داوای قیرتاوکردنی ڕێگاکە دەکەن.

چیرۆکی سەرەکی: لەناو  گوندی زەڵم ئەو ڕێگایەی گەشتیاران دەگەیێنێت بە سەرچاوەی زەڵم بە درێژایی 300 مەتر تەواو نەکراوە و یەک سایدە، ڕێگاکە
قوڕ و لیتە و بەردەڵانە، ئەمەش وای کردووە کە گەشتیاران نەتوانن بە ئاسانی بگەنە سەرچاوەی زەڵم و ئاستەنگی دروستکردووە.

زانیاریی پەیامنێر: ئاراس ڕەفیق، پەیامنیری ئاڤا میدیا لە هەڵەبجە دەڵێ، ئەو بەشەی قیڕ نەکراوە تەنیا 300 مەترە کە بە 205 ملیۆن دینار چاک دەکرێ.

- گەشتیار و شۆفێران داوا دەکەن بەدواداچوونی بۆ بکرێت.

- هۆكاری دواكەوتنی پڕۆژەكە دەگەڕێنرێتەوە بۆ بوونی چەند خانوویێكی گوندەكە كە كەوتبووە سەر ڕێگاكە، هەرچەندە دواتر خانووەكان تەخت كران، بەڵام ئەمجارە بیانووی دیكە هاتە ناو بابەتەكە.

کاریگەریی و لێکەوتەکانی: كاسبكار و خاوەن فرۆشگا و شوێنە گەشتیارییەكانی ناوچەكە دەڵێن، "بەهۆی ئەو تۆزەی ڕێگاکەوە كار و كاسبیی ئێمەش پەكی كەوتووە و گەشتیار دێن، بەڵام بەهۆی خراپی ئەو ڕێگەیەوە بە ناچاری دەگەڕێنەوە".

لێدوانی فەرمی: كۆمپانیای جێبەجێكار و بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزار سەبارەت بە پڕۆژەكە قسەی جیاواز دەكات، محەممەد تالیب، ئەندازیاری کۆمپانیای جێبەجێکار دەڵێت، كارەكە ئاڵۆزە و پڕۆژەکە پێویستی بە دەستکاریکردنی هەردوو بۆڕی ئاوی خورماڵ و هەڵەبجە لەگەڵ بۆری ئاوەڕۆی گوندەکە هەیە، هەروەها پێویستە قوڵایی چەند مەترێک ببرێتە خوارەوە و 200 مەتر دیواری ڕاگر دروست بکرێت.

لەلایەکی دیکەوە: چیا قاسم، بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری هەڵەبجە، بۆ ئاڤامیدیا ڕایگەیاند: کەشوهەوا، بارانبارین، هاتنی وەرزی گەشتیاری و نەبوونی سیولە هۆکاری دیکەن بۆ خاوبوونەوەی کارەکان. بەڵێنیشی دا کە لە کۆتایی مانگی پێنجی ئەمساڵدا پڕۆژەکە تەواو بکرێت و دانیشتوانی گوندی زەڵم و دوکاندارەکان لە کێشەی هاتووچۆ ڕزگاریان ببێت.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ