ئاڤا فێڵی هەندێک کەس ئاشکرا دەکات کە بەناوی ژینگەپارێزانەوە پارە وەردەگرن

شەیری بکە لە:

چەند ژینگەپارێزێک لەکاتی ئەرکدا

ئاڤا نیوز

لە هەولێر هەندێك کەس بەناوی ژینگەپارێزانەوە جەژنانە لە ماڵان وەردەگرن. ئاڤا میدیا بەدواداچوونی بۆ ئەم بابەتە کردووە و فێڵی هەندێکیان ئاشکرا دەکات.

وێنە گەورەکە: ساڵانە لەکۆتاییەکانی مانگی ڕەمەزاندا، کارمەندانی ژینگە پارێز لە دەرگای ماڵان دەدەن و داوای جەژنانە دەکەن، خەڵکیش پارەی جەژنانەیان پێدەدەن، بەڵام هەندێک خەڵکی دیکە بەبێ ئەوەی کارمەندی ژینگەپارێز بن، بەناوی ئەوانەوە لە دەرگای ماڵان دەدەن و داوای جەژنانە دەکەن.

زانیاریی پەیامنێر: عوبەید هەرکی، پەیامنێری ئاڤا بەدواداچوونی کردووە فێڵی هەندێکی ئاشکرا کردووە کە بەناوی ئەم ژینگە پارێزانەوە دەچن داوای جەژنانە لە ماڵان دەکەن.

- ئەو کەسانە دەچن بەدلەیەکی سەوزی ژینگە پارێزەکان لەبەر دەکەن و لە دەرگای ماڵان  دەدەن.

- لە عەینکاوە دوو کەس لەکامێرای چاودێرییەوە دەرکەوتوون، بەشەو دەچن لە دەرگای ماڵان دەدەن و بێزاریان دەکەن و داوای پارە دەکەن، خەڵکیش پۆلیسی ئاگادار کردووەتەوە و دەستگیری کردوون.

- هاووڵاتییەک بە پەیامنێری ئاڤای وتووە، لەم ڕۆژانەدا دوو کەس بە ئۆتۆمبێلێکی گرانبەها هاتوون و لە سەر شەقام ئۆتۆمبێلەکەیان ڕاگرتووە و چوون داوای جەژنانەیان لە خەڵک کردووە.

- ژینگە پارێزێکیش دەڵێ، "خەڵکەکە ئێمە دەناسێتەوە، ئێمە هەموو ڕۆژێک لە دەرگایان دەدەین بۆ تەنەکە خۆڵەکە و دەمانبینن، لەجەژناندا خۆیان جەژنانەمان دەدەنێ، ئەوانەی ئێستا هاتوون خەریکە سیقەی ئێمەش لەکەدار دەکەن".


لێدوانی فەرمی: ژیار جەلال، بەڕێوەبەری ژینگەپارێزی و خزمەتگوزاری هەولێر دەڵێ، پێدانی جەژنانە بابەتێکی تەواو ئارەزوومەندانەیە و هیچ هاوڵاتیەک ناچار نییە پارە بە ناوی جەژنانەوە بە کرێکار بدات.

- "نیگەرانین لەوەی کەسانێک بەناوی کارمەندەکانیانەوە داوای پارە دەکەن".

- "هەر کارمەندێکمان ڕەفتاری نەشیاوی ئەنجامدا لە بەزۆر وەرگرتنی پارە و دیاریکردنی بڕەکەی یاخود هەڵنەگرتنەوەی زبڵ تا پارەیان پێندەدرێت ڕێکاری یاساییان لەبەرامبەردا دەگرینەبەر".
 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ