گرفتی بەردەم بەستنی نازناوی زانستی هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا چارەسەر دەکرێت

شەیری بکە لە:

ئاڤا نیوز

 

بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی ئاڤا دوای جەژنی ڕەمەزان خولی زمانی ئینگلیزی بۆ هەڵگرانی بڕوانامەکانی ماستەر و دکتۆرا دەستپێدەکاتەوە.

 

وێنە گەورەکە: کۆرسی زمانی ئینگلیزی کە یەکێکە لە مەرجەکانی وەرگرتنی نازناوی زانستی، لە مانگی 11ـی ساڵی ڕابردووەوە ڕاگیراوە و نزیکەی پێنج هەزار کەس چاوەڕێی پێدانی ئەو نازناوەن کە هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر و  دکتۆران، هاوکات بۆ ئەو مامۆستا و موعیدانەش کە پێویستیان پێی هەیە، ڕاگیراوە.

 


لێدوانی فەرمی: د.ژاڵە سەعید، بەڕێوەبەری گشتیی توێژینەوە و پەرەپێدان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا بە ئاڤای گوت، "لیژنەیەکی باڵا لە وەزارەتی خوێندنی باڵا پێکهێنراوە لەسەر ڕێکارەکانی کردنەوەی خولێکی نوێ و لە ئایندەیەدا خولی نوێ ڕادەگەیێنرێت."

 

لەلایەکی دیکە: مامۆستاکان دەتوانن تاقیکردنەوەی ئینتەرناشناڵ بکەن، کە لە هەرسێ پارێزگای هەولێر، سلێمانی و دهۆک هەیە و باوەڕپێکراون لەوانە ئایەڵتس، تۆفڵ و پی تی ئی، بەڵام بەهۆکاری قورسیان، مامۆستاکان تاقیکردنەوەکان ناکەن.


زانیاریی زیاتر: ئاڤا زانیویەتی نزیکەی 5 هەزار کەس ئەم کێشەیان هەیە، دوای جەژن خولێکی نوێ دەکرێتەوە و خوێندنیش هاوشێوەی پێشوو بە سیستەمی ئیمپریالی بەریتانی دەبێت.


ئەوەی پێویستە بیزانیت: لە هەرێمی کوردستان 15 سەنتەری زمان لە زانکۆ حکومییەکان هەیە، لە هەر خولێکیش بە هەموویان دەتوانن دوو بۆ دوو هەزار و 500 قوتابی وەربگرن، خولەکە چوار ئاستە، ئەگەر قوتابییەک لە سەرەتاوە دەستپێبکات هیچ دابڕانێک و دەرنەچوونێکی تێنەکەوێت هەشت مانگی دەوێت تا هەموویان تەواو ئەکات.


ئەمەش بزانە: ئەم هەواڵە بۆ ئەو کەسانەش گرنگە کە بەنیازن ماستەر و دکتۆرا بخوێنن کە بڕیارە ئەمساڵ خولێکی نوێ بکرێتەوە، دەتوانن پێشوەخت توانستی زمانی ئینگلیزی بەدەست بهێنن.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: