دوای بەدواداچوونی ئاڤا، ڕووسیا 25 گەنجی کورد ئازاد دەکات

شەیری بکە لە:
دوای بەدواداچوونی ئاڤا، ڕووسیا 25 گەنجی کورد ئازاد دەکات

سنووری نێوان ڕووسیا و بیلاڕووسیا و لاتڤیا. گرافیک - ئاڤا میدیا

ئاڤا نیوز

دوای بەدواداچوونی ئاڤا میدیا بۆ کەیسی دەستبەسەرکردنی 25 هاونیشتیمانی لە ڕووسیا، لە ئێستادا بڕیاری ئازادکردنیان بۆ دەرچووە.

وێنە گەورەکە: سەرەتای ئەم مانگە، 25 گەنجی خەڵکی هەرێمی کوردستان سنووری ڕووسیا تێدەپەڕینن و لە ڕێگای بیلاڕووسیا و لاتڤیاوە هەوڵی چوون بۆ ئەوروپا دەدەن، بەڵام لەسەر سنوور کۆماندۆی لاتڤیا دەستگیریان دەکات و ئازاریان دەدات، یەکێک لەو گەنجانە ناوی محەممەد فەرحانە و خەڵکی قەرەداغە بە هۆی ئازارەوە گیان لەدەستدەدات و ئەوانی تریش لە ڕێگەی بیلاڕووسیاوە نێردرانەوە بۆ ڕووسیا و لەو وڵاتە دەستبەسەرکران.

ئاڤا میدیا ڕاستەوخۆ دوای دەستبەسەرکردنی ئەو هاونیشتیمانیانە دەستی بە بەدواداچوون بۆ کەیسەکە کرد لە ڕێگەی بەشی کونسوڵگەری باڵیوێزخانەی عێراق لە مۆسکۆ، نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕووسیا و کونسوڵخانەی ڕووسیا لە هەرێمی کوردستان و پەیوەندی کرد بە کەس وکاری ئەو گەنجانە و پردێکی پەیوەندی لە نێوان کەس و کاری ئەو هاونیشتیمانیانە و لایەنە دیبلۆماسی و پەیوەندیدارەکان دروست کرد.

لێدوانی فەرمی:  د. دانەر ئەبوبەکر، لە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕووسیا بە ئاڤای ڕاگەیاند: ڕووسیا بڕیاری ئازادکردنی هەموو ئەو گەنجانەی داوە کە خاکی ڕووسیایان بەکارهێنا بۆ پەڕینەوە بۆ ئەوروپا و دوێنێ 10 کەسیان گەڕێنرانەوە بۆ کوردستان و ئەو 15 گەنجەی دیکەش هەموو ڕێکارە یاساییەکانیان تەواو بوون و پاسپۆرتەکانیان لە بیلاڕووسیاوە بۆ گەڕێنراوەتەوە، لە ئێستادا تەنها ڕێکارەکانی سەنتەری پەنابەرانی ڕووسیا ماوە و لە ماوەیەکی نزیکدا دەگەڕێنرێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان.

د. دانەر ئەبوبەکر وتیشی: ڕۆڵی ئاڤا میدیا بەرز دەنرخێنین و ڕۆڵیکی کارا و کاریگەرتان هەبوو لە بەدواداچوون بۆ کەیسەکە و ئازادبوونی ئەو گەنجانەی کوردستان.

 

 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: