عێراق و مەغریب لەبارەی هەڵگرتنی ڤیزا یاداشتی لێکتێگەیشتن واژۆ دەکەن

شەیری بکە لە:
عێراق و مەغریب لەبارەی هەڵگرتنی ڤیزا یاداشتی لێکتێگەیشتن واژۆ دەکەن

کۆبوونەوەی هەردوو وەزیری دەرەوەی عێراق و مەغریب. وێنە - ماڵپەری وەزارەتی دەرەوەی عێراق

ئاڤا نیوز

هەردوو وەزیری دەرەوەی عێراق و مەغریب یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان بۆ هەڵگرتنی ڤیزا لەسەر هەڵگرانی پاسپۆرتی دیپلۆماسیی واژۆکرد، دەستپێکردنی گەشتی ڕاستەوخۆی نێوان هەردوو وڵاتیشیان بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییە ئابوریی و بازرگانییەکان بە گرنگ ناوبرد.

وێنە گەورەکە: عێراق بۆ هەڵگرانی پاسپۆرتی دیپلۆماسی و هەڵگرانی پاسپۆرتی ئاسایی ژمارەیەک یاداشتی لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتنی لەگەڵ وڵاتان و لەوانەش ئێران و تورکیا هەیە، بەگوێرەی ڕێککەوتنەکانیش ڤیزا بە تەواوی هەڵگیراوە وەک ئێران یان بۆ تەمەنێکی دیاریکراو هەڵگیراوە وەک تورکیا.

ڕاگەیێنراوی فەرمی: وەزارەتی دەرەوەی عێراق بڵاویکردەوە، لە رەباتی پایتەختی مەغریب، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و ناسر بوریتە، وەزیری دەرەوەی شانشینی مەغریب کۆبوونەوە، دوای کۆبوونەوەکەش هەردوولا یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان بۆ هەڵگرتنی ڤیزا لەسەر هەڵگرانی پاسپۆرتی دیپلۆماسی واژۆکرد.

لێدوانە فەرمییەکان:

فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق:

- دەرفەتێکی گەورەی هەماهەنگی هەیە و گرنگە گەشتی ڕاستەوخۆی نێوان هەردوو وڵات بۆ بەهێزکردنی وەبەرهێنان و پەیوەندییە ئابوورییەکان دەستپێبکات.

- پەیوەندییەکانمان لەگەڵ مەغریب مێژووییە، بەغدا پشتیوانی لە یەکێتیی خاکی مەغریب و زۆرێک لە سیاسەتەکانی لە ئاستی هەرێمیی و نێودەوڵەتی دەکات.

- باسی دۆزی فەڵەستینمان کرد، جەخت لە مەترسیداری ئەو پێشنیازانە دەکەینەوە کە لەبارەی بەزۆر کۆچپێکردنی خەڵکی فەڵەستین لە غەززە دەخرێنەڕوو.

ناسر بوریتە، وەزیری دەرەوەی شانشینی مەغریب:

- پەیوەندییەکانمان لەگەڵ بەغدا گەشەی بەرچاویان بەخۆوە بینیووە.

- لەڕێگەی هاوبەشی ئابووریی و وەبەرهێنانیشەوە ئاستی هاوکارییەکان دەکرێت باشتر بکەین.

- عێراق لە ئاستی عەرەبیدا وڵاتێکی کاریگەر و کارایە، لوتکەی عەرەبی داهاتووش کە لە بەغدا بەڕێوەدەچێت، بەشێکە لە هەوڵەکانی عێراق بۆ بەهێزکردنی کاری هاوبەشی عەرەبی.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: