جارێكی دیكە دەنگی بانگ لە منارەی حەدبا دەبیسترێت

شەیری بکە لە:
جارێكی دیكە دەنگی بانگ لە منارەی حەدبا دەبیسترێت

منارەی حەدبا دوای نۆژەنکردنەوە. وێنە - AFP

ئاڤا نیوز

منارەی حەدبا لە شاری مووسڵ دوای بوونیادنانەوەی بەهەمان شێوازی پێشووی، بە فەرمی بەڕووی نوێژخوێنان كرایەوە، پارێزگاری نەینەواش دەڵێت، بوونیاتنانەوەی منارەی حەدبا نوێنەرایەتی زیندووكردنەوەی ڕووحی شارەکە و مێژووی دێرین دەکات و ئەمڕۆ دەنگی بانگ لە منارەی مزگەوتە بیسترا.

وێنە گەورەكە: ساڵی 2017 کاتێک هێزە عێراقییەکان لە بەری ڕاستی شاری مووسڵ نزیک بوونەوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی شارەکە، چەکدارانی داعش مزگەوتی گەورەی نووری و منارەی حەدبایان تەقاندەوە، بەرلەویش شوێنەوارە گرنگەكانی دیكەی پارێزگاكەیان لەناوبردبوو لە دیارترینیان، مزگەوتی نەبی یونس و شاری دێرینی نەمرود.

لێدوانی فەرمی: عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا بە ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێسی ڕاگەیاندووە، "مووسڵ خاوەنی سامانێکی گەورەی کولتووری و ئایینییە، ئەمڕۆش لە ڕێگەی ئەم هێما مێژووییەوە شکۆمەندی خۆی دەگەڕێنێتەوە و نۆژەنکردنەوەی منارەی حەدبا نوێنەرایەتی زیندووكردنەوەی ڕۆحی شاری مووسڵ و مێژووی دێرین دەکات، سوپاسی یونسكۆ و یەكێتی ئەوروپا و ئیماڕات دەكەم كە ڕۆڵی سەرەكییان لە نۆژەنكردنەوەی هەبوو".

ئەوەی پێویستە بیزانیت: منارەی حەدبا یەكێكە لەو حەوت تەلارە لارەی جیهان كە بەهۆی سەرنجڕاكێشی لارییەكەی لە لیستی كەلەپووری جیهان پۆلێن كراوە، لەوچوارچێوەیەشدا پسپۆڕان و شوێنەوارناسان ڕژدبوون لەوەی لەسەر هەمان بناغە و شێوازە کۆنەکەی نۆژەنی بكەنەوە، هاوکات ئەو پارچانەی لە شوێنەکە جێمابوون و کۆکرابوونەوە لە بوونیادنانەوەی منارەکە بەکار هێنراونەتەوە. بودجەی زیاتر لە پەنجا ملیۆن دۆلار بۆ نۆژەنکردنەوەی تەرخانكرا، كە حكومەتی ئیماڕات تێچووەكەی گرتە ئەستۆ.

باكگراوند: منارەی حەدبا له ساڵی 1170 لەلایەن والی و فەرمانڕەوایی ئەوکاتەی شاری مووسڵ "عیمادەدین زەنگی" بوونیادنرا، بەرزی منارەکە 65 مەترە، یەكێكە لە ناسراوترین شوێنەوارەكانی عێراق و لەبەر گرنگی شوێنەكە، لەسەر پارەی 10 هەزار دیناری چاپ كراوە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ