میدیاکار وریا حەمەکەریم بە ڕووداوی هاتووچۆ گیانی لەدەستدا

شەیری بکە لە:

ئاڤا نیوز

بەرەبەیانی ئەمڕۆ کاتژمێر 5 و 30 خولەک، میدیاکار وریا حەمەکەریم لەسەر ڕێگای هەڵەبجە - سلێمانی بەهۆی ڕووداوێکی هاتووچۆوە گیانی لەدەستدا.

چیرۆکی سەرەکی: کاتژمێر پێنجی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، میدیاکار وریا حەمەکەریم لە هەڵەبجەوە بۆ کارێکی میدیایی بەرەو سلێمانی بەڕێدەکەوێت، لە نزیک بازگەی عەربەت ئۆتۆمبێلێک لەسەر ڕێگەکە کێشەی بۆ دروست دەبێت و لە قەراخی شەقامەکەدا دەوەستێت، لەو کاتەشدا وریا حەمەکەریم لەوێوە تێدەپەڕێت و بۆ هاوکاریکردنی ڕادەوەستێت، لە کاتی سەرقاڵبوونیان بە چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلی ئەو هاونیشتمانییەدا، لەناکاو بارهەڵگرێک دێت کە ئیستۆپی نەماوە و خۆی بەواندا دەکێشێت و بەهۆیەوە هەردووکیان گیان لەدەست دەدەن، بارهەڵگرەکەش  ئاگری گرتووە و سووتاوە، شۆفێری بارهەڵگرەکە بە ڕەچەڵەک ئێرانییە و بارە تەماتەی پێبووە و ئێستا بێهۆشە.

زانیاری زیاتر: ئەو کەسەی کە وریا حەمەکەریم بۆ هاوکاریکردنی لە ئۆتۆمبێلەکەی دابەزیبوو، ناوی ئارام فەتاحە و خەڵکی سلێمانییە، پیاوێکی بەتەمەن بووە و لە سییەکانی تەمەنیدابووە و ئەویش لە ڕووداوەکەدا گیانی لەدەستداوە.

زانیاری پەیامنێر: ئاراس ڕەفیق، پەیامنێری ئاڤا لە هەڵەبجە ڕایگەیاند: وریا حەمە کەریم بۆ تۆمارکردنی بەرنامەیەک بەرەو سلێمانی ڕۆشتووە، بەڵام لەڕێگا تووشی ئەو ڕووداوە بووە، تەرمەکەی گەڕێنراوەتەوە هەڵەبجە و لە گۆڕستانی گوڵان بەخاکدەسپێردرێت.

لێدوانی فەرمی: ئازاد تۆفیق، پارێزگاری پێشووی هەڵەبجە بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند: "سەرەخۆشی لە خۆمان و خەڵکی هەڵەبجە و ڕۆژنامەنووسان دەکەین، من شەش ساڵە مامەڵەی لەگەڵ دەکەم و کوڕێکی خاوەن قسەی خۆی بوو، خوا ئارامی بە بنەماڵەکەی و خەڵکی هەڵەبجە و ڕۆژنامەنووسان ببەخشێت".

باکگراوند: وریا حەمەکەریم، پەیامنێر و پێشکەشکاری کەناڵی ئێن ئاڕتی بوو لە هەڵەبجە، ساڵی 1986 لە هەڵەبجە لەدایکبووە، تەنیا منداڵی خێزانەکەیەتی و باوکی ساڵی 1987 زیندەبەچاڵ کراوە و بەتەنیا لەگەڵ دایکیدا ژیاوە، لە چەند ساڵی ڕابردوودا دایکی وریا حەمەکەریم تووشی شێرپەنجە بووە و پلانی وابووە بیبات بۆ ئەوروپا بۆ چارەسەر، بەڵام بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ڕووداوێکی هاتووچۆدا گیانی لەدەستدا و فریا نەکەوت.

 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: