بۆ سەری ساڵ، پارێزگاری هەولێر چەند ئەركێك بە تەواوی هێزە ئەمنییەكان دەسپێرێت

شەیری بکە لە:
بۆ سەری ساڵ، پارێزگاری هەولێر چەند ئەركێك بە تەواوی هێزە ئەمنییەكان دەسپێرێت

ئامادەکاریی هەولێر بۆ ڕۆژانی سەری ساڵی نوێ، وێنە: محەممەد شوانی ئاڤا نیوز

ئاڤا نیوز

 

سەبارەت بە ئەو شوێنانەی كە هاونیشتمانی و گەشتیاران بۆ ڕۆژانی پشووی سەری ساڵ ڕوویان لێدەكەن،پارێزگاری هەولێر، هێزە ئەمنییەكان بە چەند ئەركێك ڕادەسپێرێت.

 

وێنە گەورەكە: ساڵانە لەگەڵ دەستپێكردنی پشووی سەری ساڵ لە هەرێمی كوردستان چەندین ڕێوڕەسم و ئاهەنگ و مەراسیمی جۆراوجۆر بەڕێوەدەچن و دەیان هەزار گەشتیار لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق و دەرەوی وڵات ڕوو لە شارەكانی هەرێمی كوردستان بەگشتی و هەولێر بەتایبەت دەكەن، فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی حكومەتیش بۆ ئەوە ڕێوڕەسمەكان بە باشترین شێوە و لە كەشێكی ئارام بەڕێوەبچن، لە ناوەڕاستی مانگی 12ەوە دەست بە ئامادەكاریی دەكەن.

 

ڕاگەیێنراوی فەرمی: بەپێی ڕاگەیێنراوێكی پارێزگای هەولێر، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە كۆبوونەوەیەكیدا لەگەڵ ژمارەیەك لە بەرپرسانی ئەمنی و ژمارەیەك لە فەرمانگە پەیوەندیدارەكان باسی لە ئامادەكارییەكان بۆ پشووی سەری ساڵی زایینی كرد و ئەركی پاراستن و دابینكردنی ئارامی و ئاسایشی بە تەواوی هێزە ئەمنییەكان سپارد لە سەرجەم ئەو شوێنانەی كە هاوڵاتییان و گەشتیاران ڕووى تێدەکەن.

 

زانیاریی زیاتر: پارێزگاری هەولێر جەختی لە ڕێگریکردن لە دیاردەى دزێو و ناشارستانییەکان کردەوە و ئاماژەى بەوەدا کە بە هیچ شێوەیەک نابێت چاوپۆشى بکرێت لەو کەس و لایەنانەى دەرفەت دەقۆزنەوە بۆ ئەنجامدانى زێدەڕۆیى لەسەر موڵکى گشتیى، بۆ ئەو مەبەستەش سەرجەم لایەنەکانى ڕاسپارد بەردەوامبن لە ڕێگە گرتن لە ئەنجامدانى هەر جۆرە زێدەڕۆییەک و هەرکەس و لایەنێکیش دەستدرێژی بکاتە سەر زەوی و موڵکى گشتیى ڕێکكارى یاسایی لە بەرامبەردا بگیرێتەبەر.

 


گۆشەیەكی دیكە: پارێزگارى هەولێر، بەڕێوەبەرایەتى گشتیى گەشتوگوزارى هەولێر و ئاسایشى بازگەکانى هەولێرى ڕاسپارد، جگە لە پلان و بەرنامە و ڕێککارەکانی تایبەت بە خۆیان، لە ئامادەباشى تەواودابن بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران کە ساڵانە بەم بۆنەیەوە لە ناوەڕاست و خوارووى عێراق و وڵاتانى تر ڕوو لە پایتەختى هەرێمى کوردستان دەکەن و ئاسانکارییان بۆ بکرێت.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: