سەرۆکوەزیرانی عێراق لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان ئامادە دەبێت

شەیری بکە لە:
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق

ئاڤا نیوز 

 

سەرۆکوەزیرانی عێراق دەچێتە پەرلەمان و لەبارەی ئامادەکارییە سەربازییەکان پەیوەست بە دۆخی سووریا زانیاری بە پەرلەمانتاران دەدات، پەرلەمانیش پشتیوانی بۆ ڕێکارەکانی حکومەت دەردەبڕێت.

 

ئەوەی پێویستە بیزانیت: ڕۆژی چوارشەممە 04-12-2024 پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و یەکەم بڕگەی دانیشتنەکەی بریتی دەبێت لە میوانداریکردنی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، هاوکات گفتوگۆ لەسەر پرۆژەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای بودجەی گشتیش دەکات.

 

لێدوانی فەرمی: موختار مووسەوی، ئەندامی چوارچێوەی هەماهەنگی لە پەرلەمانی عێراق بە ئاڤا نیوزی ڕاگەیاند: لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا کە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئامادە دەبێت، تایبەت کراوە بە ئامادەکارییە ئەمنیی و سەربازییەکانی عێراق پەیوەست بە ڕووداوەکانی سووریا، هەر پاڵپشتییەکی پەرلەمانیش کە حکومەت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگییەکان و پاراستنی ئارامی وڵات پێویستی پێیەتی، پەرلەمان پێشکەشی دەکات.

 

زانیاریی زیاتر: لە کۆبوونەوەکەدا جێبەجێکردنی ئەو بەشەی کارنامەی حکومەت کە ماوە، جێبەجێکردنی  ڕێککەوتنە سیاسییەکان و بابەتی گۆڕانکارییە وەزارییەکانیش قسەیان لەسەر دەکرێت، پەرلەمانیش پشتیوانی خۆی بۆ هەموو هەنگاوەکانی حکومەت لەم بوارەدا دەردەبڕێت، بەڵام بابەتی ئەمنیی بەهۆی گرنگییەکەی و ترسی دووبارەبوونەوەی سیناریۆی 2014، بابەتی سەرەکی گفتوگۆکان دەبێت.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: