تورکیا لە کوردستان بەنیازی چییە؟ کۆنسوڵی تورکیا پلان و پرۆژەکان بۆ ئاڤا ئاشکرا دەکات
- ببینە و ببیستە
- 2 کاتژمێر لەمەوپێش
ئاڤا نیوز
کۆنسوڵی تورکیا لە هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیێنێت، کوردستان و تورکیا پەیوەندییەکی مێژوویی و زۆر تایبەت و بەهێزیان لەسەر بنەمای مرۆیی و دامەزراوەییەوە بوونیادناوە. بۆ یەکەمجاریش کۆمەڵێک پلان و پرۆژەی وڵاتەکەی لە هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات.
چیرۆکی سەرەکی: لە میانی بەڕێوەچوونی پێنجەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست 'مێپس-2024' کە لە شاری دهۆک بەڕێوەچوو، ئاڤا میدیا دیدارێکی تایبەتی لەگەڵ ئەرمان تۆپچو، کۆنسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان کرد و باسی پەیوەندییە سیاسی، ئەمنی، ئابووری و کولتورییەکانی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان و چەند پرسێکی دیکە دەکات.
ئاڤا میدیا: زۆر بەخێربێن جەنابی کۆنسوڵی گشتی، خۆشحاڵین جارێکی دیکە چاومان بە بەڕێزتان دەکەوێت و دووبارە سەرسامتان کردین بەو ئێنێرجییەی کە هەتانە.
ئەرمان تۆپچو: زۆر سوپاس، بەڵی بێگومان منیش زۆر خۆشحاڵم کە جارێکی دیکە لەگەڵ ئێوە دادەنیشم و یەکەم چاوپێکەوتنیشم لەگەڵ ئێوە دەبێت، جارێکی دیکە لە دهۆک بەیەکەوەین!
"لەگەڵ هاوژین و کچەکەم بەیەکەوە لە هەولێر دەژین"
ئاڤا میدیا: بێگومان ئێمەش زۆر خۆشحاڵین، هۆکاری ئەمە چییە و چی وادەکات ئاوا چالاکانە کار بکەن؟
ئەرمان تۆپچو: زۆر ئارەزووی چالاکی دەکەم، بەڕاستی لە 27ـی ئایاردا لە هەولێر بەفەرمی دەستبەکاربوومە، لەگەڵ کچەکەم و هاوژینەکەم پێکەوە لە هەولێر دەژین، وەک خێزان بەیەکەوەین لێرەین. هاوسەرەکەشم وەک من لە وەزارەتی دەرەوە وەک دیپلۆمات کار دەکات. بەڵام لەگەڵ دەستبەکاربوونم لە هەولێر پێکەوە گفتوگۆمان کرد کە چی بکەین و چی دەکرێ! نامەوێ ئەوەش لەبیر بکەم کە یەکەم ساڵیادی هاوسەرگیریمان لێرە لە هەولێر پیرۆز کرد، واتە یادگارییەکی لەو شێوەیەشمان هەیە، ئەویش هاوڕایە و گوتی منیش هەولێرم زۆر خۆشدەوێت.
ئاڤا میدیا: جا ڕاهاتوون؟
ئەرمان تۆپچو: بەڵێ.
ئاڤا میدیا: ڕاهاتوون لەگەڵ هەولێر؟
ئەرمان تۆپچو: بێگومان، گوتی منیش هەولێرم زۆت خۆشدەوێت بۆ بەیەکەوە نەچین؟ منیش دێم لەگەڵت و بەیەکەوە دەچین، ئێستا پێکەوە لە هەولێر دەژین، بۆ هەر شوێنێک بچین هەست بە خۆشەویستییەکی زۆر دەکەین، چ لە هەولێر چ لە دهۆک، لە هەموو شوێنەکانی دیکە، خۆشەویستییەکی زۆر جوان دەبینین، بۆیە ئێمەش هەوڵ دەدەین بەرامبەری ئەو خۆشەویستییە بدەینەوە، هەر بۆیە ناتوانین لە ئۆفیس بمێنینەوە لە ڕاستیدا، بەردەوام چالاکی جیاواز چ لەگەڵ هاووڵاتیانمان بێت یان ئەو خوشک و برایانەمان کە لێرە دەژین، ڕۆژەکانمان لە هەولێر زۆر بە دڵخۆشی و چێژبەخش بەڕێ دەکەین.
"جیهان و ناوچەکە بە قۆناغێکی هەستیاردا تێپەڕ دەبن"
ئاڤا میدیا: پێنجەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست 'مێپس-2024' کە لە دهۆک بەڕێوەچوو، چۆن دەبینن؟
ئەرمان تۆپچو: شاهانەیە، لەناو ئەو هەموو ئاڵۆزییەی کە بەسەر جیهاندا زاڵە، لە هەموو ئەو قەیرانانەی باڵیان بەسەر ناوچەکەدا کێشاوە، هاوشێوەی قەیرانی ئابووری و شەڕ و ئاڵۆزییەکان، ئەم جۆرە کۆنفرانسانە یارمەتیدەرن بۆ وەرگرتنی هەناسەیەک و بیرکردنەوەی زیاتر. گرنگە بۆ خستنەڕوو و ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕاکان و کۆک بوون لەسەر بابەتەکان، وەک هەمان کۆنفرانسی میری کە دوو مانگ بەر لە ئێستا لە هەولێر بەڕێوەچوو و لێرەش مێپس بەڕێوەدەچێت. لە هەرێمی کوردستان لە کاتێکی وەک ئێستا جیهان و ناوچەکە بە قۆناغێکی هەستیاردا تێپەڕ دەبن، دوو کۆنفرانسی گەورەی لەم شێوەیە یارمەتیدەر دەبن بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکان، وەک دیارە مێپس لە ژێر چاودێری و سەرۆکایەتیی بەڕێز مەسرور بارزانی هاتووەتە ئاراوە و ڕێکخراوە، بەڕاستی لە هەموو لایەکی جیهانەوە بەشداربووان ئامادەن، لە تورکیاش بەشداربوو هەیە، وەکو سەرۆکوەزیرانی پێشووتری تورکیا و ئەندام پەرلەمانەکان و زۆر کەسایەتیی دیاری دیکە هاتوون بۆ دهۆک و لە مێپس بەشداری دەکەن. واتە لە دهۆکەوە دەربارەی جیهان قسە دەکەین، بەڕێوەچوونی ئەم کۆڕبەندە لە دهۆک مانای خۆی هەیە، لەبەرئەوەی لەڕووی سنووری جوگرافییەوە لە تورکیاوە نزیکە و لە هەموو ناوچەیەکی کوردستان بەمشێوەیە، بەڵام لە دهۆک لەڕووی نزیکی و چالاکی ئابووری و مرۆڤایەتی، لە دهۆکەوە سەیرکردنی جیهان و هەموو پێشهاتەکانی سوودی زۆر باشی هەیە و زۆر سوپاسی ڕێکخەرانی ئەم کۆڕبەندە دەکەین، بە تایبەتی بەڕێز سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی.
"کوردستان و تورکیا پەیوەندییەکی مێژوویی و زۆر بەهێزیان هەیە"
ئاڤا میدیا: ئامادەبوونی ئێوە و سەرۆکوەزیرانی پێشووتری تورکیا و هەموو ئەوانەی بە ناوی تورکیا ئامادەبوون، چ کاریگەرییەکی لەسەر پەیوەندی نێوان هەولێر و ئەنقەرە یاخود دهۆک و ئەنقەرە دەبێت؟ ئایا ئەم جۆرە کۆڕبەندانە دەتوانن پەیوەندییەکان هەنگاوێکی دیکە ببەنە پێشەوە؟
ئەرمان تۆپچو: پەیوەندی نێوان کوردستان و تورکیا، پەیوەندییەکی مێژوویی و زۆر بەهێزە و لەسەر بنەمای پەیوەندیی مرۆیی و دامەزراوەییەوە بوونیادنراوە. لە سەرەتای کردنەوەی کۆنسوڵخانەی تورکیا لە ساڵی 2010 کە ئەو کاتە خۆم یەکێک بووم لەو دیپلۆماتانەی بەشداربووم لەم پرۆسیەدا، دوای چەند ساڵێک لەو شوێنەدا کە ڕۆڵی کردنەوەم تێدا بینیوە، وەک کۆنسوڵی گشتی دەستبەکار بووم، ئەمەش بێگومان قەدەرێکی جوانە! بێگومان پەیوەندییەکی دامەزراوەییە، هاوکات پەیوەندی نێوان ئێمە و عێراق وەک وڵاتی دراوسێ زۆر گرنگە، پەیوەندی زۆر ستراتیژیمان هەیە، لەناو عێراقیشدا پەیوەندی زۆر تایبەتمان لەگەڵ کوردستان هەیە. تەنانەت توانایەکی زۆرباش هەیە بۆ ئەوەی بتوانرێ لە بواری جیاواز گەشەی زیاتر بەم پەیوەندییە دامەزراوەییانە بدرێت. گەر بیرتان بێت لەگەڵ ئێوە باسمان لەوە کرد کە دوای سەردانەکەی سەرۆککۆماری تورکیا بۆ هەولێر، دەرفەتی زۆرباش ڕەخسان و پەنجەرەیەکی دیکەی بۆ بەرەو پێشبردنی پەیوەندییەکان کردەوە، هەرشتێکیش بکەین بۆ خزمەتکردنی زیاتری خەڵکە و سوودگەیاندنی زیاترە بە دانیشتووان و پەیوەندییەکانمان.
ئێمەش لەگەڵ هاوڕێکانمان لە هەولێر سەیر دەکەین بزانین لە چ شوێنێک دەتوانین چی بکەین بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییەکانمان، لەڕووی ئاسایشەوە پەیوەندییەکی زۆر باشمان هەیە، لەڕووی ئابوورییەوە ڕەنگە هەندێک ئاریشە هەبێت سەبارەت بە کۆمپانیاکان، بەڵام بەردەوام لە هەوڵی چارەسەر کردنیان داین و ڕێگای هاوبەش دەدۆزینەوە. ڕاستگۆبم لەڕووی کولتوورییەوە سەرەڕای هەبوونی پەیوەندییەکی باشی مرۆیی شتێکی ئەوەتۆمان نەبووە، بۆیە لە هەوڵی ئەوەداین بتوانین شتی باش ڕێکبخەین.
"پەرە بە بوارە کولتووری و هونەرییەکانمان لەگەڵ کوردستان دەدەین"
ئاڤا میدیا: کەواتە هەنگاوەکانتان بۆ ئەم بابەتە چین؟ مەبەستم چالاکییە کولتورییەکان.
ئەرمان تۆپچو: لەڕاستیدا ئێمە یەکەم هەنگاومان ناوە بۆ ئەم بابەتە، هەفتەی ڕابردوو یەکەم نمایشی تایبەتی گۆرانییەکی کۆنمان تایبەت بە کۆماری تورکیا کرد، ئەمەش وەک یەکەم هەنگاو ئەزموونێکی نوێ بوو، پێشوازییەکی زۆر گەرمی لێکرا و هەمووان لە تورکیا چاوەڕوانی ئەمە دەکەن. لە چەند مانگی داهاتووشدا لە هەولێر و دهۆک و هەموو ناوچەکانی دیکە بەپێی توانا، هەوڵ دەدەین چالاکی هونەری و هونەرمەندانی تورکیا و کۆنفرانس و چالاکی ئەکادیمی و کاری دیکەمان دەبێت بۆ زیاتر بەرەو پێشچوونی پەیوەندییەکانمان لە بوارە کولتووری و هونەرییەکان.
"پڕۆژەیەکی زۆر جیاوازمان لەبەردەستە و بۆ یەکەمجار لە ئاڤا میدیاوە ئاشکرای دەکەم"
ئاڤا میدیا: ئایا بۆ ئەم مەبەستە هیچ ڕێبەر یان نەخشە پلانێکتان هەیە، یان لە سۆشیاڵ میدیا لە ڕێگەی ئەکاونەتەکانتان بۆ ئەوەی خەڵکی و میدیا بتوانن لە چالاکییەکانتان ئاگاداربن؟
ئەرمان تۆپچو: ڕێبەری ئێمە خەڵک خۆیەتی لەڕاستیدا، کاتێک لەگەڵ هەموو ئەو کەسانەی لە دەورمانن، هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان، خوشک و برا و دۆستەکانمان لە هەرێمی کوردستان، خاوەنکارەکان دادەنیشین و گفتوگۆ دەکەین، ڕاستەوخۆ هەست بەوە دەکەین کە پێویستە چی بکرێت و لەکوێ چی ئەنجام بدرێت، ئەمە ڕێبەرەکەمانە. بەڵام پڕۆژەیەکی دیکەی زۆر جیاوازمان لەبەردەستە کە بۆ یەکەمجار لە ئاڤا مێدیا ئاشکرای دەکەم: مانگی داهاتوو پلاتفۆرمێک دروست دەکەین لەڕێگەی ئەم پلاتفۆرمەوە هاوڵاتییانمان بەیەکەوە ببەستینەوە. زانیاری ئەم بیرۆکەیەم بە سەرۆکوەزیران و سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوە، لەم پلاتفۆرمەدا هونەرمەندان و بازرگان و مامۆستا و پزیشک و ڕۆژنامەنووس و بەڕێوەبەر، واتە هەمووان بەیەکەوە کۆدەکەینەوە، بەو پێکەوەبوونەمان لەو پلاتفۆرمە لە ڕێگەی کەسایەتییە دیارەکانمان کە خاوەنی خۆشەویستییەکی زۆر و کاریگەرییان هەیە، کۆدەکیەنەوە و دەیانخەینە ڕۆژەڤەوە. ئێمە وەک سیاسەتمەدارەکان کە لە ئۆفیس لەناو خۆماندا گفتوگۆ دەکەین، دەزانین ئەنجامدانی ئەم پڕۆژەیە ئاوا ئاسان نابێت، چونکە ئێمە لە ڕوانگەی خۆمان لێی دەڕوانین، بەڵام دەبێت لە ڕێگەی ئەو پەیوەندییە بەهێزەوە بێت کە لە نێوان خەڵکی دانیشتووی ئێرەدایە کە بتوانین هەموویان لەژێر یەک سەقف کۆیان بکەینەوە و پەرە بە پەیوەندییە مرۆییەکانمان بدەین.
"لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان پرۆژەی یەتەپە دەناسێنین"
ئاڤا میدیا: باستان لە پرۆژەیەک بەناوی یەتەبە کرد، یەتەبە چییە و چۆنە؟ خەڵک دەپرسێت دەتوانن بەخۆڕایی بڕۆن لە تورکیا دەست بە خوێندنی خۆڕایی بکەن؟ ئایا کەی دەست پێدەکات و چۆن دەستپێدەکات و پێوسیتە چی بکەن؟
ئەرمان تۆپچو: سەرۆکی یەتەبە هاوڕێیەکی زۆر بە نرخی منە، بەڕێز عەبدوڵڵا ئەرەن. لەبەر ئەوەی خۆی گەنجە ناوێکی دیاری نێو گەنجانیشە، ئەو بەرنامەی سکۆڵەرشیپ و بۆرسەکانی تورکیا (یەتەبە) بەڕێوە دەبات، دەتوانم بڵێم یەتەبە گەورەترین پرۆگرامی خوێندنی خۆرایی جیهانە و ئەمە زیادەڕۆیی تێدا نییە! بەڕاستی گەورەترین پرۆگرامە! لەبەرئەوەی جگە لە کرێی خوێندن دڵنیایی تەندروستی و تێچوونی ژیان و مافی مانەوەش هەر بەخۆڕایی دەبێت. واتە لەم پرۆگرامەدا قوتابی هیچ شتێک ناکات جگە لە خوێندن، مەبەستمە بڵێم دادەنیشێت و دەخوێنێت، یەتەبە هەموو کارەکانی بۆ دەکات و پرۆسەکە بەڕێوەدەبات. لە مانگی یەکدا کاتی دەستپێکردنی ناونووسینە بۆ سکۆلەرشیپی تورکیا، ئێمەش لە مانگی دوازدە بەڵێنمان لە بەڕێز عەبدوڵڵا وەرگرتووە، لە مانگی دوازدە لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و ڕەنگە لە زانکۆکانی دیکەش ئەم پرۆگرامە بەفەرمی دەناسێنین و قوتابیان دەتوانن لەڕێگەی ماڵپەڕ و ئەکاونتی فەیسوبووک و سۆشیاڵ میدیا چاودێریمان بکەن. تیمێک لە تورکیاوە دێن و ئەوکات هەموو پرسیارێکیان وەڵام دەدەنەوە. لەوانەیە دواتر ببینی کە تەنانەت لەو زانکۆیەی من لێم خوێندووە (زانکۆی ئۆتتوو) یاخود (زانکۆی تەکنیکی کارادێنیز) لە مەملەکەتی خۆم لە کارادێنیز دەبینیت گەنجانی هەولێر و دهۆک و سلێمانی و هەموو ناوچەکانی دیکەی کوردستان دەڕۆن لەم زانکۆیانە درێژە بە خوێندنیان دەدەن.
"وەزیری بازرگانی تورکیا سەردانی هەولێر دەکات"
ئاڤا میدیا: هەفتەیەک پێش ئێستا بەڕێز عومەر پۆڵات، وەزیری بازرگانی تورکیا سەردانی بەغدای کرد، بەڵام نەهات بۆ هەولێر، لەکاتێکدا هەولێر ناوەندێکی بازرگانییە!
ئەرمان تۆپچو: بەڕێز وەزیر، لەگەڵ شاندی بازرگانی تورکیا سەردانی بەغدا و بەسڕای کرد، وەک ئێوەش دەزانن کاتێک بابەت بازرگانی و ئابووری بێت ناتوانی هەموو شتێک لە یەک ساتدا ئەنجام بدەیت، چونکە بابەتەکە زۆر فراوانە.
چاوپێکەوتنەکانی بەغدا و بەسڕە ناوەڕۆکی زۆر کارای تێدا بوو، بابەت کە دەبێتە ئابووری بەتایبەت عێراق، بێگومان سەردانیکردنی بەغدا و هەولێر و مووسڵ و بەسڕە و شوێنەکانی دیکە بۆ وەزیرێک بەلایەنی کەم هەفتەیەک دەخایەنێت و ئەمەش ئاسان نییە بەداخەوە. هەروەک دیارە ئەوەی وەزیرە خشتەی کارەکانی جیاوازە و بەردەوام لە چالاکیدان، لەوێوە بۆ ئەوێ گەشت دەکەن، بەڵام دوای بەغدا و بەسڕە بەڕێز باڵیۆز ئاگاداری کردووینەتەوە لەوەی وەزیری بازرگانی سەردانی هەولێریش دەکات و بەڵێنی بەو بازرگانانە داوە کە بەیەکەوە بوون.
ئاڤا میدیا: واتە مانگی داهاتوو دەگاتە هەولێر؟
ئەرمان تۆپچو: تاوەکو ئێستا بەدیاریکراوی کاتی سەردانەکە دیار نییە، بەڵام لە ماوەیەکی کەمدا پێشوازی لە بەڕێز وەزیری بازرگانی دەکەین.
"لە تەواوی جیهاندا دیپلۆماسیەتێکی باش پەیڕەو دەکەین"
ئاڤا میدیا: کۆپ 29 لە باکۆ بەڕێوەچوو، لووتکەی گرووپی 20یش لە بەرازیل. سەرۆککۆماری تورکیا لە چالاکییەکە ئامادەیی هەبوو، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا هەندێک وڵاتە ئابوورییە گەورەکان لە کۆپ 29 ئامادە نەبوون، بەڵام لە لووتکەی جی 20 ئامادەبوون، وەک دەگوترێ سەرۆککۆماری تورکیا توانی ڕۆڵێکی باش لەم نێوەندەدا بگێڕێت و لەگەڵ بەشێک لە سەرکردەکانی وڵاتان دیدار ئەنجام بدات، ئەگەر هەڵسەنگاندێک بۆ پەیوەندییەکانی دەرەوەی تورکیا بکەین چۆن هەڵسەنگاندێک دەکەن؟
ئەرمان تۆپچو: پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی تورکیا بە ڕێژەیی 360 پلە بڵاوە و لە ئاستێکی زۆرباش دایە، مەبەستمە بڵێم لە تەواوی جیهاندا دیپلۆماسیەتێکی باش پەیڕەو دەکەین. لەڕووی دیپلۆماسییەوە تورکیا ناوێکی زۆر باشی هەیە، بەو هاوکاریی و یارمەتییانەی کە پێشکەشی دەکەین چ لەڕووی مرۆڤایەتی، سیاسی، بازرگانی و گەشتیارییەوە، ئەو سەرکەوتنانەی کە ئێمە بەدەستمان هێناون تورکیا بووەتە ناوێکی گەورە، لەڕووی سەرکردایەتییەوە کەسێکی وەک سەرۆککۆماری تورکیا سەرکردایەتیی دەکات، ئەو وەزیرانەی کە هەمانە، ئەوانە توانیویانە ئەرکێکی قورس بگرنە ئەستۆ و شەو ڕۆژ بۆ ئامانجی باش هەوڵ دەدەن، هەر وەک خۆت ئاماژەت پێدا، جەنابی سەرۆکۆمار توانی بەشداریی دوو کۆڕبەندی گەورە بەیەکەوە بکات، ئەو کۆنفرانسەی ئازەربایجان بۆ ئێمە بابەتێکی جیاوازە، وەک دوو دەوڵەت و یەک نەتەوە پێناسە کراوە، هەر بۆیەش سەرۆککۆماری تورکیا بەتایبەتییەوە دەڕوانێتە ئازەربایجان نەک تەنیا لەم ڕووەوە، بەڵکو لە زۆر ڕووەوە ئازەربایجان تایبەتمەندیی خۆی بۆ تورکیا هەیە، ئەو سەردانە زوو زووانەی کە لە نێوان هەردوولا ئەنجامدەدرێن، هەر وەک خۆت ئاماژەت بەوەش کرد، کۆپ 29 یەکێکە لە کۆنفرانسە هەرە گرنگەکانی جیهان، لەم بابەتەشدا تورکیا توانیوتی سەنگی خۆی هەبێت، هەر بۆیەش سەرۆککۆمار لەوێ بەشێوەیەکی چالاک ئامادەیی هەبووە، دەتوانین بەمشێوەیە هەڵسەنگاندن بۆ ئەم دوو دیدارە گرنگە بکەین.
"بەڕاستی ئاڤا میدیا توانیویەتی لە ماوەیەکی کەمدا بەشێوەیەکی داهێنەرانە دەربکەوێت"
ئاڤا میدیا: زۆر کاتی بەڕێزتمان گرت و نامانەوێت زیاتر لە کاتتان بگرین، ئەگەر شتێکتان مابێت بیڵێن بەتایبەت لە بواری گەنجەکان؟
ئەرمان تۆپچو: دەمەوێت لەڕێگەی ئێوەوە سڵاو ڕێز و خۆشەویستیم بنێرم بۆ بینەرە بەڕێزەکانتان، بەڕاستی ئاڤا میدیا توانیویەتی لە ماوەیەکی کەمدا بەشێوەیەکی داهێنەرانە دەربکەوێت و لە ماوەیەکی کەم زۆر شتی باش ئەنجام بدات. ئێمەش بینەری ئاڤاین و وەک بینەرێک دەتوانین بڵێین بەشێوەیەکی زۆر بێلایەنانە کاردەکات، بەتایبەت کە بابەتەکە پەیوەندی نێوان تورکیا و کوردستان بێت هەوڵی داوە بەشێوەیەکی بوونیادنەرانە دەنگەکان بگەیێنێت، دەمەوێت لێرە ئەوەش بڵێم کە تا ساڵی 2025 وەک تورکیا هەوڵ دەدەین کە لە هەرێمی کوردستان چەندین چالاکی جیاواز ئەنجام بدەین و بەتایبەت لەڕووی کولتوورییەوە و بەدڵی هەموو لایەک بێت. دڵنیام هەستێکی خۆش بە هەمووان دەبەخشێت و دڵخۆشیان دەکات، داواتان لێدەکەم چاودێری ئەو چالاکیانەش بکەن.
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
دوایین هەواڵەکان
- ژینگە
- 30 خولەک لەمەوپێش
شێخ دارا: لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان بەفر دەبارێت
هەڵبژاردەکان بۆ تۆ
شەرابێك بە ناوی مێسی دەكەوێتە بازاڕ
1 کاتژمێر لەمەوپێش
پەری پۆدکاست؛ کوردستان بەدرخان باسی ژیانی تایبەتی خۆی دەکات
25 تشرینی دووەم
دیداری تایبەت؛ داود ئۆغڵۆ لەبارەی نەوت و پرۆسەی ئاشتی و چەند پرسێکی دیکە قسە بۆ ئاڤا دەکات
24 تشرینی دووەم
تەیف سامی کێشەیەکی نوێ بۆ مووچە دروست دەکات
24 تشرینی دووەم
ئەحمەد داود ئۆغڵو بۆ مەسرور بارزانی: پێگەی هەرێمی کوردستان گرنگە
24 تشرینی دووەم
- کولتوور
- 24 تشرینی دووەم
هونەرمەند دانا غەنی پڕۆژەی نوێی هەیە
- ببینە و ببیستە
- 23 تشرینی دووەم
دەبنەواز؛ لەگەڵ کاروان شارەوانی و فەتاح سەوزەواری