چیرۆکی ئەشکەوتە سەرنجڕاکێشەکان لە هەورامان

شەیری بکە لە:

ئاڤا دیجیتاڵ

 

لە گوندی دەرەی مەڕ، (80) ئەشکەوت هەیە و 60 ئەشکەوت سروشتین و 20 ئەشکەوتیان دروستکراوی دەستی مرۆڤن.

 

45 ساڵ پێش ئێستا 130 خێزان لێرە دەژیان، سیاسەتی ڕاگواستن گوندەکەی چۆڵ کرد، ( فایەق) تەمەنی هەڵکشاوە، بەڵام لەگەڵ گەشتنی بە گوندەکەی گەڕایەوە سەردەمی منداڵی.

 

فایەق هەورامی، دانیشتووی گوندەکەیە، دەڵێت: ئەشکەوتەکانمان هەر لەخوارەوە دەستپێدەکات، مەڕی گاوران، گەلەمەڕی سۆفیان، مەڕە دووبەرمان، مەڕی زیندانەکەمان هەیە، ئەشکەوتەکان ناویان زۆر زۆرە، زیاتر لە سەد ئەشکەوتمان هەیە، مەڕی جۆڵاسان هەیە، جۆڵایان دروست کردووە، جۆڵا ئیشی تیاکردووە، ئەشکەوتێکمان هەیە کە بەدەست هەڵکەنراوە ئەشکەوتی مامۆ حاجی عەلی دوکان بووە، من خۆم یادەوەریم لەگەڵیدا هەیە، ئیتر شتی پێویستی ڕۆژانەی ژیان لێرەدا هەبوو، ئەمە دووکانی مامۆ حەمەحاجی عەلی بوو، کە ئێمە دەهاتین لە برنجەوە دەستپێدەکات، هەتا چاو ڕۆن و نوقڵ و ئەوەی پێویستبوو لێرەدا دەفرۆشرا.  

 

شیوی ئەشکەوتان بە زاراوەی سۆرانییە و دەرەی مەڕ بە شێوەزاری هەورامییە.

 

ئێرە دەرەی مەڕە، یەکێکە لەگوندەکانی باشووری کوردستان و دەکەوێتە ناوچەی هەورامان، لەڕووی ئیدارییەوە سەر بە قەزای خورماڵ و پارێزگای هەڵەبجەیە، دووری ئەم گوندە لە پارێزگای هەڵەبجەوە 25 کیلۆمەتر.

 

لەدوای ساڵی 1991 ئاوەدان کرایەوە، بەڵام ئێستا تەنیا ئەو کەسانەی تێدا دەبینرێت کە خەریکی ئاژەڵدارین، ئەشکەوتەکانیش وەک گەلەخان بەکاردەهێنن.


عەفان دەرەمەڕی، دانیشتوویەکی دیکەی گوندەکەیە: ئەم ئەشکەوتانە بۆ شتی زۆر سوودمان لێ بینیون، لەوانە بۆ ڕووداوە سروشتییەکان، هەر زستانێک سەختبووایە ماڵ و حاڵمان چۆڵ دەکرد و دەچووینە ئەشکەوتەکان، بۆ شۆڕشەکانی کوردیش هەر مەپرسە، هیچ پێشمەرگەیەک لەودەشتی شارەزوور و قەرەداخە ماندووبووبێت شەونخونی کێشابێت هاتووەتە ئەشکەوتەکانی دەرەی مەڕ ئیسراحەتی کردووە و خزمەتیان کردووە و لەوێ ماونەتەوە.

 

هەروەها دەڵێت: سێ چوار ساڵە لەم ئەشکەوتی زەردەهاڵەم، مەڕوماڵات و حەیوان و وڵاخم هەیە، مانگاکان دەبەمە ناو ئەشکەوتەکان، ئیتر ترسی باران و بەفر و نییە، هەر خۆر دەرکەوێت دەداتە ناوەکەی، ئەم ئەشکەوتە فراوانە لای ژوورەکەی 40 مەتر دەبێت، بەڵام من 20 مەترم بڕداوە بۆ ئەوەی گوێرەکە و مانگا و شت لەوە و ژوور نەڕوات.

 

مێژووی ئەم گوندە بۆ سەردەمی ئیمپراتۆریەتیی ماد و ئەشکانیەکان دەگەڕێتەوە، کنە و پشکنینەکانی ئەشکەوتی گاوران ئەوەی سەلماندووە.

 

یوسف باقی، شوێنەوارناس دەڵێت: دەتوانین بڵێین شوێنەواری ئەشکەوتی گاوران شوێنەوارێکە کە بۆسەردەمی مادەکان دواتریش بۆ سەردەمی ئەشکانیەکان دەگەڕێتەوە، بەڵگەشمان بۆ ئەم قسەیەمان ئەوەیە ئەگەر ئێمە بێین و بەراوردێک لەنێوان ئەم ئەشکەوتە و ئەشکەوتەکانی دیکە بکەین بۆ سەردەمی ماد و ئەشکانیەکان دەگەڕێنەوە، هەمان پێکهاتەی بیناسازییان هەیە. 

 

جگە لە 36 ناوچە گەشتیاریەکەی پارێزگای هەڵەبجە (150) ناوچەی شوێنەواری تۆمارکراو هەن، گرنگیپێدانیان هێندەی دیکە کەرتی گەشتیاریی ناوچەکە دەبوژێنێتەوە.

 

 

شەیری بکە لە: