مەسرور بارزانی: ئەوەی هەڵگری پەیامی ئاشتی و ئاوەدانی بوو زیاتر بووە جێی متمانەی خەڵک

شەیری بکە لە:
مەسرور بارزانی: ئەوەی هەڵگری پەیامی ئاشتی و ئاوەدانی بوو زیاتر بووە جێی متمانەی خەڵک

سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی، وێنە: محەممەد شوانی - ئاڤا

ئاڤا نیوز 

 

سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، لەم هەڵبژاردنە دەرکەوت ئەوەی هەڵگری پەیامی ئاشتی و ئاوەدانی بوو زیاتر بووە جێی متمانەی خەڵک و هیواخوازە هەموو لایەنەکان دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردن قبووڵ بکەن و ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە ئەوان وەکو پارتی ڕاستگۆ دەبن لەگەڵ بەڵێنەکانیان.

 

وێنە گەورەکە: لە هەولێر دەیەمین دیداری مێری بە ناونیشانی "بەرەو حکومڕانی دروست و خۆشگوزەرانی" دەستی بە چالاکییەکانی کرد و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران و جێگری سەرۆکی پارتی بەشداری لە یەکێک لە پانێڵەکان بە ناونیشانی "ھەرێمی کوردستانی عێراق دوای ھەڵبژاردن: ستراتیژ و ئەولەویەتەکان". کرد و تیشکی خستە سەر چەندین باباتەی گرنگ.

 

لەلایەکی دیکە: سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی تیشکی خستە سەر چەند بابەتێکی پەیوەست بە حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان و ڕێگرییەکانی بەردەم کارەکانی کابینەکەی و ئەو هەنگاوانەی ناویانە بۆ پێشخستنی ژێرخانێکی بەهێزی ئابووری و بوونیادنانی سیستمی بانکی و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا..

 

"هیوادارم هەموو لایەک ئەنجامەكانی هەڵبژاردن قبوڵ بكرێت"

 

سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی لە میانی بەشداریکردنی لە یەکێک پانێڵێکەن لەبارەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند: "هەڵبژاردنێكی گرنگ بوو بۆ هەرێمی كوردستان، بۆ گەڕانەوەی شەرعیەت بۆ سەرجەم دامەزراوەکان و پێگەکانی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان. دەبوو پێش دوو ساڵ ئەم هەڵبژاردنە بکرێت، بەڵام بەهۆی پێداگری هەندێک لایەن هەڵبژاردن دواخرا، تا گەیشت بەوەی داوای گۆڕینی یاسای هەڵبژاردن و نەهێشتنی کورسی کۆتاکان کرا. هاوکات داوای ئەوە کرا کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی بەغدا سەرپەرشتی ئەو هەڵبژاردنە بکات.

 

ئەوەبوو دواجار لە 20ی ئۆکتۆبەر هەڵبژاردنی کوردستان بەشداری 72٪ی خەڵكی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو، ئەمەش ئاماژەیەکی زۆر دیارە لەوەی خەڵکی هەرێمی کوردستان هۆشیارە و بڕوایان بە دیموکراسیەت هەیە، ئەگەرچی تێبینیش هەبوو، بەڵام هەڵبژاردنەکان بە بەشداری لایەنە نێودەوڵەتییەكان و جیهان هەڵبژاردنێكی پاک و بێگەرد وبوو، پێویستە لایەنەکانیش ڕای خەڵکیان قبووڵ بێت و ئەنجامەکانیش جێگەی ڕەزامەندی لایەنە سیاسییەکانیش بێت.

 

"بەڵێنی ئەوە بە خەڵكی دەدەین پارتی ڕاستگۆ دەبێت لەگەڵ بەڵێنەكانی"

 

سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی، سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی بۆ بەشداربوونی هەموو ئەو لایەنە سیاسییانە گەڕاندە کە لە پرۆسەکەدا بەشداربوون و ئەمەشی وەک خاڵێکی گرنگ پێناسەرکرد. گوتیشی: لایەنگرانی هەموو لایەنە سیاسییەکانیش بە بەشداری خۆیان وایاناکرد کوردستان لەو پرۆسە دیموکراسیەدا سەرکەوتووی یەکەم بێت.

 

سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی تیشکی خستە سەر ئەوەی کە حەقیقەت جیاوازە لەگەڵ پێشبینی و لێکدانەوە، گوتی: "زۆر لایەن هەبووە پێش هەڵبژاردن بە جۆرێکی دیکە بیری کردووەتەوە یان پێشبینی جۆرە ئەنجامێکی کردووە، بەڵام دوای دەرچوونی ئەنجامەکان هەڵوێستی جیاوازی پیشاندا. خەڵك دەبێت ئێستا ڕاستییەكان بزانێت و ببینێت، پێویستە هەموو لایەناكان ئەو ڕاستییە قبووڵ بکەن. ئەمە ڕای خەڵکی کوردستان بووە کە متمانەی بە کێ داوە و خەڵک بە دەنگی خۆیان بە دیاریان خست کە چ جۆرە پاشەڕۆژێکیان دەوێت. لەو ڕوانگەشەوە دەتوانم ئەوە بڵێم کە پارتی وەکو حیزبی براوەی ئەم هەڵبژاردنە ڕاستگۆ دەبێت لەگەل پەیامەکانی خۆی کە پەیامی ئاوەدانی و ئاشتی و پێکەوەژیان و ئارامی و خۆڕاگریی بووە. وەک پارتی ڕاستگۆ دەبین لەگەڵ بەڵێنەكانمان و لەگەڵ خەڵکی کوردستان.

 


"سەرەڕای ڕێگرییەکان بەردەوام بووین لە جێبەجێكردنی پلانەكانی حكومەت"

 

سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی لە دێژەی قسەكانیدا گوتی: "پارتی لەگەڵ ئەو بەرنامە هاوبەشەی لە حکومەتدا هەبووە، بەردەوام بووە لە دروستکردنی نیشتیمانسازی و هەستمان بەوە كردووە كە خەڵك پێویستی بە چی هەیە، بە تایبەتی لەبواری خزمەتگوزارییەوە هەنگاوی زۆر باش هاوێژراوە، لە ڕووی دروستکردنی ژێرخانی ئابووری شتی زۆرباش کراوە، لە ڕووی دروستكردنی ستراتیژیەتێکی نیشتیمانی نەتەوەیی لەسەر ئاستی هەموو کوردستان كاری زۆر باشمان كردووە، بەڵام ئەوە نییە بێ ئاستەنگ نەبووبێت، بەداخەوە ڕێگریش هەبووە لە جێبەجێكردنی بەرنامەکانی حکومەت لە ساڵانی ڕابردوو، بەڵام هەر بەردەوامبووین.

 

"هەنگاوی زۆر باشمان هاوێشت لە هەمەچەشنکردنی ئابووری"

 

سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژی بۆ ئەوەکرد کە ئەوان لە ساڵانی ڕابردوودا هەوڵی جددیان داوە بۆ ئەوەی داتا سەنتەرێکی زۆر پێشکەوتوو لەسەر ئاستی جیهانی لە هەرێمی کوردستان دروست بکەن و گوتی: سوپاس بۆ خوا دروستمان کرد، ئێستا داتایەکی زۆر باش و ورد لەبەردەستە بۆ ئەوەی بڕیاری لەسەر بدرێت، دواتر هەوڵێکی جددی درا بۆ ئەوەی کارە خزمەتگوزارییەکان لە تەندروستی بێت یاخود ڕاپەڕاندنی کاروباری ڕۆژانە بێت لە هەر وەزارەتێک، هەموو ئەو کارانە ئەنجام دراون، لەڕووی ئابوورییەوە کەسێک بێت و بیەوێت، کۆمپانیایەکی هەبێت و بیەوێت تۆماری بکات، ئێستە ڕێکارەکان وا ئاسان کراوە بە چەند کاتژمێرێک دەتوانێت کارەکانی ڕاپەڕێنێت کە پێشتر ماوەیەکی زۆر درێژتری دەویست.

 

سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی گوتیشی: لە ڕووی ئابووریەوە، ئێمە بڕیاری هەمەچەشنکردن و هەمجۆرکردنی ئابووریمان دا، هەنگاوی زۆر باشمان هاوێشت و گەیشتینە ئاستێک بووژانەوەی ئابووری لە 1.8٪وە ببێتە 8٪، بە مانای هێندە زیادی کرد لەماوەی ساڵانی ڕابردوو، هاوکات بازاڕی عێراق دەرەوەمان بۆ جووتیارانی کوردستان و ساغکردنەوەی بەرهەم و بەرووبوومەکانیان کردەوە.

 

"لەڕووی سێکتەری بانکییەوە هەنگاوی زۆر باش هاوێژراوە"

 

سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی لە قسەكانیدا باسی لە پرسی بانک و كارەبا و خزمەتگوزاری و نەهێشتنی گەندەڵی و واستە و واستەكاری كرد و گوتی: لەڕووی سێکتەری بانکییەوە هەنگاوی زۆر باش هاوێژراوە کە تا ئێستا هەمووی تەوا نەبووە، بەڵام قۆناغی زۆر باشییان بڕیووە، ئومێدمان هەیە لە ماوەیەکی نزیکدا ئەمانە هەموویان ببن بە هۆکار بۆ دروستکردنی ئەو نیشتمانسازییەی کە باسی دەکەین، ئەمانە هەمووی ئەو ژێرخانانەن کە پێویستن.

 

بە گوتەی سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی ئەوەی لەلای ئەوان گرنگە لە سیاسەتی ئەوان "هاووڵاتی سەنتەرە، سەرنتەری گرنگیپێدانە، کەواتە هەرشتێک لە بەرژەوەندی هاووڵاتی دابێت، هەرشتێک ئاسانکاری و خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتی باشتر بکات، دەبێت حكومەت خۆی بگونجێنێت لەگەڵ داواكارییەكانی خەڵكی و دەشبێت خۆمان لەگەڵ پێشکەوتنەکانی جیهان لەسەر ئاستی ناوچەکە و نێودەوڵەتیدا بگونجێنین.

 


"ناکرێت بەشداربیت لە حکومەت و ڕێگربیت لە کارەکانی ئەو حکومەتە"

 

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە هەموو هاووڵاتییەک چاوی لەوەیە دەرفەتی یەکسانی بۆ بڕەخسێت، ئەرکی حکومەتیشە ئەو دەرفەتە یەکسانەی بۆ بڕەخسێنێت. حکومەتیش ئامرازێکە بە دەستی ئەو کەسانەی حکومەت بەڕێوەدەبەن، ئەو کەسانەش لایەن حزبەکانەوە هاتوون و حکومەت بەڕێوەدەبەن، کەواتە دەبێت ئەجێندایەکی یەکگرتوو و هاوبەش هەبێت بۆ بەڕێوەبردنی حکومەت و هەموو لایەکیش پێیەوە پابەند بن. ناکرێت تۆ بەشداربیت لە حکومەت و لە هەمان کاتیشدا ڕێگر بیت و نەهێڵیت ئەجێندای حکومەت وەک خۆی جێبەجێ بکرێت.

 


"بۆ گەشانەوەی گەورەی ئابووریی دەبێت یارمەتی کەرتی تایبەت بدەین"

 

سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی دەڵێت: لە وڵاتێکدا ئەگەر بمانەوێت بەرەو پێشەوە بچین گەشانەوەی گەورەی ئابووریی بەخۆمانەوە ببینین، دەبێت یارمەتی کەرتی تایبەت بدەین و زەمینەی بۆ ساز بکەین بەرەو پێشەوە بچێت.

 

بە گوتەی سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی کە ئەمە کرا، ئۆتۆماتیکی هەلی کار زیاد دەبێت و گەنجیش دەتوانێت خۆی تێدا ببینێتەوە و داهێنانیشی تێدا بکات. بۆ ئەوەی ئەوە بکرێت پێویستیمان بە وەبەرهێنان هەیە چ لەناوخۆ چ لە دەرەوە. تاوەکو بتوانێت وەبەرهێنەرێکی دەرەکی بێنیتە کوردستان دەبێت زەمینەیەکی لەبار هەبێت تاوەکو متمانەت پێ بکات.

 

"هەندێک لایەن پێشخستنی سیستمی بانکی بە مەترسیی بۆسەر خۆیانی دەبینن"

 

سەرۆکوەزیران ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان سیستمێکی پێشکەوتووی بانکی هەیە، دەستمان بەوە کردووە هەموو هاووڵاتییەکی کوردستان ببێتە خاوەنی هەژماری بانکی خۆی، بەڵام ئەمە لە بەرژەوەندی هەموو لایەنێکی سیاسیدا نەبووە. زۆر لایەنی سیاسی هەن کە هەمیشە مووچەو پارەی کردووەتە وەسیلەیەک بۆ ئەوەی هاووڵاتی بەکاربهێنێت بۆ وەلائی سیاسی.


بە گوتەی سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی ئەگەر هاووڵاتی سەربەست بێت و ئیرادە و دەسەڵاتی دارایی بە دەستی خۆیەوە بێت، زۆر لایەنی سیاسی هەست بە مەترسیی بکەن، بۆیە دژایەتی ئەم پرۆژەیە دەکەن.


سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی دەشڵێت: هەژماری من، نە هەژماری کەسییە و نە حیزبییە، بەڵکو هەژماری هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانە و گەڕانەوەی دەسەڵاتە بۆ هاووڵاتی. بۆ ئەوەی خۆی بێ ئەوەی منەتی هیچ بەرپرسێکی سیاسی و حیزبێکی سیاسی بەسەرەوەبێت بتوانێت مامەڵە بە سەروەت و سامانی خۆی بکات.

 

"کاری جددی کراوە بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی"

 

کاری جددی کراوە بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی، بەڵام بنبڕکردنی گەندەڵی کارێکە هیممەت و پشتیوانی دەوێت، ناکرێت لایەنێکی سیاسی دژی پرۆسەی گەندەڵیی بووەستێت و حکومەت بە تەنیا بتوانێت ئەمە بکات. دەبێت دەسەڵات هەر هەمووی بە یەکەوە پێداگر بن لەسەر ئەوەی گەندەڵی نەمێنێت. یەکەم شتیش خۆیان واز لە گەندەڵیی بهێنن.

 


"بەهیچ شێوەیەک پشتگیری لە قۆرخکاری ناکەین و دژی دەوەستینەوە"

 

سەرۆکوەزیران ڕەتیدەکاتەوە قۆرخکاری لە هەموو شوێنێک هەبێت، بە پێچەوانەوە ڕێگریی لە قۆرخکاری کراوە و دەرفەت بە هەموو کەسێک دەدرێت و هەموو کەسێکیش مافی یەکسانی هەیە بۆ ئەوەی بەشداربێت. بەڵام لە بازاڕی ئازاددا لە ڕکابەریکردن هەندێک لایەن و کۆمپانیا کە ئەزموونیان باشترە و توانایی باشتریان هەیە دەتوانن لە زۆرێک لە پرۆژەکان سەرکەوتووتربن لەوەی کە کەسێکی دیکە تەنیا لەبەر ئەوەی خۆی ناونووسکردووە یان ئارەزووی ئەوەی هەیە بێت لەو بوارەدا کار بکات، بەڵام ناتوانێت ململانێی بکات.

 

بە گوتەی سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی ئەوان بە هیچ شێوەیەک پشتگیری لە قۆرخکاری ناکەن و "لەمەو دواش هەر یاسایەک پێویست بێت بۆ ئەوەی ئێمە زیاتر بتوانین دەرفەتی یەکسان بۆ هەموو خاوەن کارەکان لە کوردستان دروست بکەین، بەردەوام دەبین لەسەر ئەوە".

 


"پێشمەرگە هێزێکی نیشتمانییە ئەگەر تەنانەت وەلائی سیاسیشی هەبێت"

 

سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە پێشمەرگە جێی شانازی هەموو کوردستانە لە هەر کوێ بیت هەر کەسێک ڕۆژێکیش پێشمەرگایەتی کردبێت و بەرگریی لە وڵات و کەرامەتی خەڵکی کوردستانی کردبێت، جێی شانازییە. جا یەکەی 70 بێت، یەکەی 80 بێت، هێزی هاوبەش بێت، هی لایەنێکی دیکەی سیاسیی بێت.. هەر پێشمەرگەیەک بەرگریی لە خاک و وڵاتی خۆی و کەرامەتی نەتەوەی خۆی کردبێت جێی شانازییە.

 

سەرۆكوەزیران دەشڵێت: ڕێزم بۆ یەکەی 70 و 80 هەیە، ڕاستە ئەوانە وەلائی سیاسییان بۆ لایەنێکی سیاسی هەیە. بەڵام پێشمەرگە هەبووە سەر بە حیزبێکی دیکەی سیاسی بووە، بۆ نموونە حیزبی سۆسیالیست، ئەوانیش شەهید و برینداریان داوە. کەواتە یەکێک مەیلی سیاسی هەبێت و پێشمەرگەش بێت ناتوانیت بڵێیت ئەمە هێزی نیشتمانی نییە، ناتوانیت پێوەر بۆ پێشمەرگە دابنێیت بڵێی لەبەر ئەوەی مەیلی سیاسی هەیە، پێشمەرگەی نیشتمانی نییە. مادام بەرگریی لە خاک و وڵاتەکەی دەکات پێشمەرگەی نیشتمانییە. بەڵام بۆ ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و وەزارەتی پێشمەرگە سەرپەرشتی هەموو هێزی پێشمەرگە بکات لەم کابینەیە هەنگاوی جددی هاوێژراوە و شتی باشیش کراوە.

 


"دەستوور بکرێتە بنەما دەتوانن زۆر زوو گرفتەکان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکەین"

 

سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی پێیوایە پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا لە قۆناغێکی باشدایە و دەڵێت: زۆر لەو بۆچوونە هەڵانەی کە پێشتر هەبوون تا ڕاددەیەکی زۆر توانیومانە چارەسەریان بکەین. هیوادارم بابەتی پەیوەندی لەسەر بنەمای دەستوور کە ڕێنیشاندەری شێوازی حکومڕانی عێراقە بە شێوەیەکی گشتی و ڕێکخەری پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغداش. ئەمە ببێت بە بنەما، بەبێ ئەوەی جیاوازی بکرێت لە جێبەجێکردنی بەند و خاڵەکانی دەستوور، پێموایە دەتوانین زۆر زوو ئەو کەلێن و گرفتانەی کە هەن چارەسەر بکەین.

 

سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژە بۆ عەقلیەتە دەکات کە هێشتا بیر لە مەرکەزیەت دەکاتەوە لە بەغداو دەڵێت: لەسەر ئاستی کەسی پەیوەندی زۆرباشمان لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکان هەیە لە بەغدا، دۆستی نزیکی ئێمەن. بەڵام ئەوەش ناشارمەوە هەندێک عەقلیەتیش هەیە هێشتا بیر لە بیرۆکەی مەرکەزیەت دەکاتەوە، هێشتا لەوانەیە حەقیقەتی فیدراڵیەت و پرۆسەی دیموکراسی وەکو پێویست تێنەگەیشتبێت.

 

"هیوادارم حکومەتی عێراق بە یەک چاو سەیری هەموو هاووڵاتیانی عێراق بکات"

 

سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی بابەتی بوودجە وەک یەکێکە لە پرسە گرنگەکان باس دەکات و هیواخوازە حکومەتی بەغدا زیاتر بیر لەوە بکاتەوە هەموو هاووڵاتیانی عێراق بە چاوێک سەیر بکرێت.


سەرۆكوەزیران ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە ئێستا دەسەڵاتێکی باش لە بەغدا هەیە، جەنابی سەرۆکوەزیرانە، دەسەڵاتی حکومڕانی سیاسی لایەنە سیاسییەکان کە تێگەیشتنێکی زۆر باشتریان لەو کێشانە هەیە کە لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە، هیوادارین بتوانین ئەم کێشانە بە جۆرێک چارەسەر بکەین، ئیتر بیر لە شتی هاوبەش بکەینەوە بۆ باشتر کردنی دۆخی وڵات چارەسەرکردنی کێشەکان.

 

"شەراکەتی ڕاستەقینە پەیڕەو بکرێت زۆربەی کێشەکان چارەسەر دەبن"

 

سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی لەبارەی بنەمای هاوپەیمانیێتیان لەگەڵ لایەنەکانی بەغدا دەڵێ: ئێمە نەتەوەیەک و کیانێکی سیاسی دانپێنراوین بەپێی دەستوور، کە کیانی هەرێمی کوردستانە و مافە دەستوورییەکانیشمان دیاریکراوە. کەواتە هەر شتێک کە دەیکەین دەبێت ئەمە ببێت بە بنەما بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکان لەسەر ئاستی حکومەتی فیدراڵیش.

 

سەرۆكوەزیران دەشڵێ: ئێستا لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی کە بەڕێوەبردنی دەوڵەت بەڕێوەدەبەن، ئێمە ڕێککەوتنێکمان هەیە. ئەو ڕێککەوتنەش لەسەر بنەمای شەراکەت و تەوافوق و تەوازون بووە. هەمووی جێبەجێ کراوە؟ نەخێر هەمووی جێبەجێ نەکراوە. هیوادارین بابەتی شەراکەتی ڕاستەقینە لە وڵاتدا پەیڕەو بکرێت، پێموایە زۆربەی کێشەکانی کە ماون، ئەوانەش چارەسەر دەبن.

 


"هیوادارین عێراق نەبێتە بەشێک لەو ململانێیەی لە ناوچەکەدا هەیە"

 

لەبارەی ئەو گرژیانەشی لە ناوچەکە هەیە و دوورخستنەوەی عێراق لەو ململانێیە بۆ ئەوەی نەبێت بە بەشێک لە ململانێکان، سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی گوتی: هەرگیز بڕوام بەوە نییە هیچ کێشەیەک بە شەڕ چارەسەر بکرێت، تەنانەت ئەو وڵاتانەی لە شەڕدان لە ئەنجامدا دەبێت بە ئاشتی چارەسەری کێشەکانیان بکەن، ئەگینا کێشەکان هەر بەردەوام دەبێت. کەواتە ئەنجامی هەموو شەڕێک ئاشتییە.

 

بۆیە هیچ پێویست ناکات و پێمان وانییە عێراق وەکو دەوڵەت و خەڵکی عێراق شایەنی ئەوەبن لە شەڕێکی درێژخایەن لە ناوچەکەدا تێوەبگلێن کە بە هیچ جۆرێک  لە بەرژەوەندی خەڵکی عێراقدا نییە. ئەوەی پێشمان کراوە کردوومانەو داواشمان کردووە کە عێراق دوور بخرێتەوە. بێگومان هەرێمی کوردستان بەشێک دەبێت لە چارەسەر، بەشێک نابێت لە دروستکردنی مەترسیی نە بۆ خودی عێراق و نە بۆ دراوسێکانی عێراق.

 

"عێراق بە جۆرێک دەتوانێت گەشە بکات ئاشتی و ئارامی تێیدا بەرقەرار بێت و دوور بێت لە شەڕ و پێکدادان، پێموایە خەڵکی عێراقیش ماندوو بووە بە هەموو پێکهاتەکانیەوە لە هەموو شەڕە یەک لەدوای یەکەکان. پێمان خۆشە ئێمەش وەکو وڵاتانی دیکە بیر لە گەشەسەندن و ئاوەدانی و پەرەپێدان و خوێندن و پەروەردە و باشترکردنی کەرتی تەندروستی و دروستکردنی ڕێگەوبان و ژێرخان بکەینەوە. هیوادارم عێراق بە هیچ جۆرێک تێکەڵی ئەم شەڕ و کێشانەی ناوچەکە نەبێت".

 

"ئەوەی هەڵگری پەیامی ئاشتی و ئاوەدانی بوو زیاتر بووە جێی متمانەی خەڵک"

 

لە کۆتایی قسەکانیدا سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی هیوای خواست بۆچوونە کەسییەکان بەلاوە بنرێن و بەژەوەندیی باڵای گەل و نیشتمان هێز و لایەنە سیاسییەکان لە نزیک یەک کۆبکاتەوە. درێژکردنی دەستی ئاشتی بۆ یەکتر قبووڵکردنی یەکتر یارمەتیدەر دەبێت بۆ باشترکردنی دۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق بەشێوەیەکی گشتی.

 


لەم هەڵبژاردنەش بەدەر کەوت ئەوەی هەڵگری پەیامی ئاشتی و ئاوەدانی بوو زیاتر بووە جێی متمانەی خەڵک، هیوادارم هەموو لایەک ئەو ڕاستییە تێگەیشتبن و ئاشتی و سەقامگیری ببێتە جێگرەوەی ململانێی بێهوودە.

 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: