وەڵامی یەکێتی بۆ تورکیا: نە دژایەتیتان دەکەین، نە دژایەتیمان پێدەکرێت

شەیری بکە لە:
وەڵامی یەکێتی بۆ تورکیا: نە دژایەتیتان دەکەین، نە دژایەتیمان پێدەکرێت

لۆگۆی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و ئاڵای تورکیا

ئاڤا نیوز

گوتەبێژی یەکێتی بە نەرمی وەڵامی پەیامە تووندەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمار و بەرپرسانی تورکیا دەداتەوە و ڕایدەگەیێنێ، "نە دژایەتیتان دەکەین و نە دژایەتیمان پێدەکرێت".

وێنە گەورەکە: پەیوەندییەکانی تورکیا و یەکێتی نزیکەی ساڵێکە گرژییەکی قووڵی تێکەوتووە و تورکیا یەکێتی بە هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ پەکەکە تۆمەتبار دەکات، بە ئاشکراش داوای لێدەکات کۆتایی بەو پەیوەندییانە بهێنێت. 

لێدوانی فەرمی: سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان بە ئاڤا نیوزی گوت: "ئه‌و تۆمەتانەی لەبارەی پەکەکە ئاراستەی یەكێتی دەكرێن، بەهانەی بێمانا و بێبەهان، چونكە شەڕ‌ دژی توركیا لە سنووری دهۆك و ئامێدییە نەوەک سنووری سلێمانی".

بە ئاماژەکردن بەوەی تورکیا دەوڵەتێکی گەورە و بەهێزە لە ناوچەکەدا، گوتەبێژی یەکێتی گوتی: "تورکیا بەم هەموو هێز و فڕۆکە و چەکە قورسەوە ناتوانێت لەناو خاکی تورکیا ڕووبەڕووی پەکەکە ببێتەوە، ئێمە چۆن دەتوانین ئەوە بکەین".

لەلایەکی دیکەوە: قوباد تاڵەبانی پێشتر بە هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیای گوتووە، "ئامادەین بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ توركیادا، بەڵام ئێوە داوای شتێكمان لێدەكەن كە بوونی نییە و سنوور و ناوچەی دەسەڵاتی ئێمە سەدان میل لە توركیاوە دوورە، یەكێتی هێزی نەناردووەتە سەر توركیا و دوژمنایەتی ناكات، چونكە سوودی بۆمان نییە".

کاریگەری و لێکەوتەکان: بە هەمان هۆکار نزیکەی ساڵێکە تورکیا سەرجەم گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی ڕاگرتوون،  بۆردوومانە ئاسمانییەکانیشی لە سنووری سلێمانی  چڕکردوونەتەوە و تاوەکو ئێستا 161 گوند چۆڵکراون.

 



شەیری بکە لە: