بڕیارێک لە بەرژەوەندیی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەرکرا

شەیری بکە لە:
بڕیارێک لە بەرژەوەندیی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەرکرا

ئەو بەرهەمانەی هەناردەکردنیان قەدەغەکراوە، بریتین لە: خەیار، تەماتە، پیاز، کولەکە و شووتی

ئاڤا نیوز

 

لەسەر پێداگریی هەرێمی کوردستان، حکومەتی عێراق هاوردەکردنی پێنج بەرهەمی کشتوکاڵیی وەرزی لە دەروازە سنوورییەکانی قەدەغە دەکات، ئەمەش لەپێناو ساغبوونەوەی بەرهەمی نێوخۆی جووتیارانی هەرێمی کوردستان.

وێنە گەورەکە: لە نێوان وەزارەتەکانی کشتوکاڵی  هەرێمی کوردستان و عێراق، ڕۆژمێری هاوبەش و پەسندکراوی کشتوکاڵی هەیە، بەپێی ڕۆژمێرەکە لەکاتی پێگەیشتنی هەر بەرهەمێک، هاوردەکردنی بەرهەمەکە لە دەروازە سنوورییەکان قەدەغە دەکرێت، بەڵام ئەمساڵ عێراق پابەندی ڕێککەوتنەکە نەبووە و 20 بەرهەم کە پێویست بوو قەدەغە بکرێن، لە ئێران هاوردەکراون. 

ڕاگەیێنراوی فەرمی: وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "ئەنجوومەنی ئابووریی عێراق لەسەر داواکاری و پێداگریی ئێمە، هاوردەکردنی هەریەک لە بەرهەمەکانی (خەیار، تەماتە، پیاز، کولەکە و شووتی ) قەدەغە کرد، کە پێچەوانەی ڕۆژمێری کشتوکاڵی پەسەندکراوبوو لەنێوان هەردوولا، بەهۆی مەراسیمەکانی عاشوورا لەلایەن حکومەتی عێراق قەدەغەکە هەڵگیرابوو".

بۆچی گرنگە: دەروازە سنوورییەکانی عێراق بەڕووی ئەم بەرهەمانە دادەخرێن، ئەمەش دەرفەتێکی گرنگە بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی جووتیارانی ناوچەی پێنجوێن، سیدەکان و  دەشتەکانی هەولێر و دهۆک کە ئێستا بەرهەمەکانیان پێگەیشتووە و کێشەی بەبازاڕکردنیان هەیە، لەمەودوا کێشەکە چارەسەر دەبێت و بەرهەمەکانیان هەناردەی بازاڕەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێن.

شەیری بکە لە: