ئەمریکا مەرجێکی قورسی پووتین بۆ ئاگربەست ڕەتدەکاتەوە

شەیری بکە لە:
ئەمریکا مەرجێکی قورسی پووتین بۆ ئاگربەست ڕەتدەکاتەوە

ڤلادمیر پوتین لە کۆشکی کریملن. وێنە: AFP

ئاڤا نیوز


بەرپرسانی ئیدارەی بایدن پیشنیازێکی ڤلادمیر پووتین، سەرۆکی ڕووسیایان ڕەتکردووەتەوە لەبارەی ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە ئۆکراینا بەهۆی ئەوەی نایانەوێت ئاگربەستێک بکرێت کە قسەی ئۆکراینای تێدا نەبێت.


بۆچی گرنگە: ماوەی دوو ساڵ زیاترە جەنگی ڕووسیا-ئۆکراینا بەردەوامە و ئەمە یەکەم جارە وردەکاری ئاگربەستێکی لەو جۆرە و پەیوەندیکردنی ڕووسیا بە ئەمریکاوە بڵاودەکرێتەوە.


ئەوەی پێویستە بیزانیت: ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری سێ سەرچاوەی ڕووسی ئاشکرایکردووە، لەساڵی 2023 ڤلادمیر پووتین لە ڕێی کۆمەڵێک وڵاتانی نێوەندگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوەی بە ئەمریکا ڕاگەیاندووە کە ئامادەی ئاگربەستە.


زانیاری زیاتر: بەپێی گوتەی سەرچاوەکان، پووتین ئامادە بووە جەنگ کۆتایی پێ بهێنیت، بەڵام بەبێ ئەوەی دەستبەرداری ئەو ناوچانە ببێت کە لە ئۆکراینا دەستی بەسەردا گرتووە.


هۆکارە زانراوەکان: یەکێک لە سەرچاوەکان باسی لەوە کردووە، واشنتن ئەوەی بە مۆسکۆ گوتووە، گفتوگۆ لەسەر ئاگربەستێک ناکەن گوتەی ئۆکراینا لەبەرچاو نەگیرێت، بۆیە پەیوەندییەکان لەنێوانیان کۆتایی هاتووە.


لێدوانی لایەنی بەرامبەر: ڤۆلۆدمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا، پێشتر ڕایگەیاندووە هەرگیز قبوڵی ئەوە ناکات ڕووسیا دەست بەسەر خاکی وڵاتەکەیدا بگرێت. 


هاوکات، سەرچاوەیەکی ئەمریکی ئەوەی بە ڕۆیتەرز ڕاگەیاندووە، هیچ پەیوەندییەکی فەرمی لەنێوان واشنتن و مۆسکۆ نەبووە و ئیدارەی بایدن هەرگیز بەشداری دانوستانێک ناکات ئۆکراینا فەرامۆش بکرێت.

شەیری بکە لە: