سەرکردەی بەشێک لە لایەنە براوەکانی کەرکووک بە جیا لە بەغدا کۆدەبنەوە

شەیری بکە لە:

ڕۆکان مەحموود، نێردراوی ئاڤا لە بەغدا نوێترین زانیارییەکان دەخاتەڕوو

ئاڤا نیوز

بەشێکی لایەنە براوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاری کەرکووک لە بەغدان و بە جیا کۆدەبنەوە. یەکێتی هەوڵی ڕێکخستنی کۆبوونەوەی  ئەنجوومەنی پارێزگا دەدات، سێ ئەندامی هاوپەیمانی عەرەبی بەڵێنیان بە حیزبەکە داوە ئەگەر سەرکردەکانیان ڕێگەیان بدەن، بەشداری کۆبوونەوەکەی ئەمشەو دەکەن.

وێنە گەورەکە: بڕیاربوو کاتژمێر 08:00 لە هۆتێل ڕەشیدی بەغدا لەسەر داوای سوودانی، یەکێتی و ئەو لایەنانەی لەگەڵی ڕێککەوتوون کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا نەکراوە و لایەنەکان لەنێوان خۆیان کۆدەبنەوە، بۆ ئەم مەبەستەش پێنج ئەندامی یەکێتی، شەش ئەندامی عەرب و ئەندامەکەی کریستیان لە هۆتێل ڕەشیدن .

زانیاریی پەیامنێر: ڕۆکان مەحموود، نێردراوی ئاڤا لە بەغدا گوتی، "ئاسۆ مامەند و خالید شوانی، ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی لە هوتێلەکەن و سەرپەرشتی گفتوگۆکانی یەکێتی لەگەڵ لایەنەکان دەکەن."

زانیاریی زیاتر: یەکێک لەو ئەندامانەی لەگەڵ یەکێتی ڕێککەوتوون بە نێردراوی ئاڤای گوتووە، "بە یەکێتیمان گوتووە ئەگەر لەلایەن سەرکردەکانمانەوە ڕێگەمان پێبدرێت بەشداری کۆبوونەوەی ئەنجوومەن دەکەین."

لەلایەکی دیکەوە: ڕاکان جبووری، پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکووک نووسراوێکی بڵاوکردووەتەوە کە واژۆی هەر شەش ئەندامەکەی کوتلەی عەرەبی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لەسەرە و تیێدا ئاماژە بەوە دەکەن، بەگوێرەی ماددەی 13 لە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، مەرجە هەموو لایەنەکان لە پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکووکدا بەشداربن.

ئەمەش بزانە: دوو ئەندامەکەی پارتی و دوو ئەندامەکەی تورکمان ڕەتیدەکەنەوە بەشداری کۆبوونەوەکە بکەن. کاوە ئەحمەد، کارگێری لقی دووی پارتی لە کەرکووک بە ئاڤا نیوزی گوت، "ئاگادار نەکراوینەتەوە و لە کۆبوونەوە و بەشداری ناکەین."

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: