چارەسەر بۆ دۆخی عێراق

شەیری بکە لە:
چارەسەر بۆ دۆخی عێراق

مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق

بەرلەوەی بەرپرسیارێتیی نیشتمانیی سەرۆکوەزیرانی عێراق وەربگرم،  لەدوای ڕۆیشتنی بەزۆرەملێ و دەربەدریم تاوەکو گەڕانەوەم لە ناوەڕاستی ساڵی 2003، لەو ماوەیەدا زۆر پرسیارم لەگەڵ خۆمدا هەڵگرتبوو، بە تێپەڕبوونم بە هەموو قۆناغەکانی دواتر تاوەکو دەگاتە خۆپێشاندانە جەماوەرییەکانی ئۆکتۆبەری 2019، لەنێوان ئەم پرسیارانە و نەبوونی تایبەتمەندییەکی گرنگ لە وەڵامەکانیاندا، بەشێکی هاوبەش هەیە، ئەویش ڕاشکاوییە. ڕاشکاویی هەنگاوی یەکەمە بۆ بونیادنانی دەوڵەتێکی دیموکراسیی دامەزراوەیی، کە چەمکەکانی (نیشتمان و دەوڵەت)  دەچەسپێنێت، داوا لە هەموومان دەکات بەرژەوەندیی گشتیی بخەینە پێش هەر بەرژەوەندییەکی دیکە.

 

 لێرەدا ئەو قسەیەم بە بیردێتەوە کە لە ساڵیادی کۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی، سەرۆککۆماری پێشووتری عێراق لە شاری هەولێری خۆشەویست لە 3ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2022 گوتم؛ (پێویستە دەست بە دیالۆگ، دیالۆگ، دیالۆگەوە بگرین.. هیچ شتێکی دیکە نا جگە لەوە، تاکە هۆکاری چارەسەرکردنی کێشەکانە). ئەمڕۆ هێشتا پابەندم بەو پێشنیازەوە، بەپێویستیشی دەزانم دیالۆگ شۆڕبکرێتەوە بۆ جیاوازی ئاستەکان لەڕووی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی و گشت پێکهاتە جیاوازەکان، بە مەرجێک ڕاشکاو و ڕوون، فراوان و قووڵ و بەرهەمدار بێت، بەدڵنیاییەوە کێشە هەڵواسراوەکانی ڕابردوو دادەگرێ و دەبێتە بناغەی چاکسازیی لە سیستەمی سیاسیمان.

 

بۆ کات بەفیڕۆ دەدەین؟

گفتوگۆکانی نێوان دەستەبژێرەکان و بەرپرسان و ئەوانەی پەیوەندییان بە کاروباری گشتییەوە هەیە، هەمیشە بە دانپێدانان بە شکستی ئەو پرۆسە سیاسییە کۆتایی دێت، کە لە دوای ساڵی 2003ەوە بونیادنراوە. ئەم شكستە درێژدەبێتەوە بۆ سیستەمی سیاسی و ئابووری و ئەمنی بە پلەی یەکەم. بە پلەی دووەمیش پەیوەندییە گشتییەکانی  نێوان پێکهاتەکان و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان و سرووشتی ئەو گوتارەی کە ئاراستەی  جەماوەر دەکرێت، لە کۆتاییدا هەموو ئەم شکستە بە بێتوانایی دەوڵەت بەگشتی و لاوازیی دامەزراوەکانی لە ئەنجامدانی ئەرکەکانیان و سەختیی لە بەرهەمهێنانەوەی خۆیدا دەردەکەوێت.

 

لەبەرئەوەی ئەوانە باسگەلێکن  پرسیار و کێشە دەورووژێنن، ئەوانە هەمیشە بەدوای وەڵامێکی (باوەڕهێن)دا دەگەڕێن، کە بتوانرێت لە میدیا و گوتارە گشتییەکاندا ڕێکبخرێن.  جووڵەیەک لەنێوان سیاسییەکان و جەماوەردا مسۆگەر بکەن. بۆیە پێویستە لە یاسایەکی بنەڕەتییەوە دەستپێبکەین کە داوای تێگەیشتن لە جووڵەی مێژوو و فێربوون لە ئەزموونی ئەوانی دیکە دەکات. مێژوو ئەگەر ڕابردووش بێت، بەرەو پێشەوە دەڕوات و ناتوانێت بگەڕێتەوە دواوە.

 

من بە بەردەوام ئەزموونی ئەوانی دیکە بیردەهێنمەوە، ئەمەش شتێکی مۆدێرن نییە، بەڵکو تەنیا بانگهێشتێکی دڵسۆزانەیە بۆ سوودمەندبوون و فێربوونی وانەیەکی نوێ، بۆ ئەوەی کات بەدەستبهێنین بۆ وەبەرهێنان نەک پشتگوێخستن و بەفیڕۆدانی کات، ئەمڕۆ ئێمە لە ململانێیەکداین لە دژی کات و لەدەستدانی دەرفەتەکان، هەلەکانی ئێستا دوابخەین،  واتە داهاتوومان بۆ ساڵانێک دواخست.

 

ئەزموونی تازەپێگەیشتووی عێراق لە بوارە جیاوازەکاندا لەبەرامبەر ئەو هەنگاوە گەورانەی لە وڵاتانی دەوروبەرمان و جیهان دەنرێن، سادە دەردەکەوێت. بۆیە ئەرکی نیشتمانی و مرۆیی و ئەخلاقیمان، دەستپێکردنی پڕۆژەی چاکسازی و گەشەپێدانی بەردەواممان لێ دەخوازێت. ئەمەش لەسەر ئەو بڕوایە دامەزراوە، کە سەردەمی کودەتاکان کۆتاییان هاتووە، دەستوەردانە سەربازییەکان نەهێڵین، گوتاری ڕاستگۆیانەش کرداری پێویستە نەک قسە.

 

چۆن دەتوانین ئەوانە بەدەست بهێنین؟

 

 پێویستە دەرگاکانی گفتوگۆ و دیالۆگی فراوان و ڕاشکاو بۆ دۆسییە ئاڵۆزەکان بکەینەوە، بە هەموو ئەو دۆسیانەشی "تێبینی"یان لەسەرە بە ڕەخساندنی کەشێکی لەبار. ئەم دیالۆگە لەسەر بنەمای پرسیاری ڕەوا سەرچاوە دەگرێت، کە شکستی دیدگاکانی پێشوو دەیسەپێنێت، پێویستمان بە پابەندبوونە بە چاکسازیکردن لە دۆسیەکان، بۆئەوەی لە چەند ساڵی نزیکی داهاتووشدا دیسان نەگوترێنەوە.

 

پێکهاتەکانی ناسنامەی نەتەوەیی عێراقیمان چین؟ خاڵە هاوبەشەکانی نێوان پێکهاتەکانمان چین؟ چۆن دەتوانرێت دابڕێژرێنەوە و بەشێوەیەکی باوەڕهێن بۆ هەموو چینوتوێژە نەتەوەیی و فیکری و کۆمەڵایەتییەکان بخرێنەوەڕوو؟ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە، پێشەکییەکن بۆ پاراستنی ئەو مێژووەی کە ڕەگ و ڕیشەی قووڵی لە مرۆڤایەتیدا داکوتاوە و دەبێتە خاڵی دەستپێک بۆ بونیادنانی داهاتوومان، کە بە درێژایی ساڵانی دەربەدەریی خەباتمان بۆی کرد لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق دژی دیکتاتۆرییەت.

 

باشترین شێوازی حوکمڕانیی چییە؟ چۆن دەتوانین ئیرادەی ڕاستەقینەی گەل دەرببڕین؟ سیستەمی هەڵبژاردنی گونجاو چییە؟ ئایا پێویستە هەندێک بڕگەی دەستووریی دووبارە پێداچوونەوەیان بۆ بکرێت؟ با دیارییان بکەین و میکانیزمی دەستکاریکردنیان پێشنیاز بکەین.

 

 چۆن دەتوانین پەیوەندی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵ ڕێکبخەین؟ ئایا لە سیستەمی حکومەتی فیدراڵیدا سەرکەوتوو بووین؟ یاخود پێویستە بیگۆڕین بۆ سیستەمی کۆنفیدڕاڵی؟ چۆن دەتوانین هەیبەتێک بۆ دەوڵەت و دامودەزگاکانی بگەڕێنینەوە؟ چۆن دەتوانین چارەسەرێکی گونجاو بدۆزینەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک کە بووەتە بەشێک لە کولتووری کۆمەڵگەکەمان؟ ئایا سیستەمی ئابووریمان سەرکەوتوو بووە لە گەیشتن بە خۆشگوزەرانیی خوازراو،  یان شکستی هێناوە لە گەیشتن بە کەمترین ئاستی گەشەسەندن؟ چۆن دەتوانین هاوسەنگیی نێوان سەرچاوە داراییەکانی دەوڵەت بگەڕێنینەوە بەبێ ئەوەی پشت بە داهاتی نەوت ببەستین؟

 چی پێویستە بەدەست بهێنرێت: بەرژەوەندیی باڵای عێراق یان بەرژەوەندیی ئەوانی دیکە؟ بۆ ناتوانین وەک ئەوانی دیکە بین کە بەرژەوەندیی وڵاتەکەیان لە پێش هەموو شتێکەوە داناوە؟

ئایا پێویستە عێراقییەکان تێکەڵی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بن یان نیشتمانپەروەر بن؟ شێوازەکانی کارلێککردن لەگەڵ پرسە سەرەکییەکان و سنوورەکان چین؟ ئێمە چۆن دەتوانین ئەم هەڕەشەیە بکەینە دەرفەتێک بۆ ئەوەی عێراق بکەینە گۆڕەپانێک بۆ کۆبوونەوە و دەستپێکردن و ڕاکێشانی پڕۆژە گەورەکان کە پەیوەندی ئابووری لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر بەدەست بهێنین؟ چۆن سیستەمی ئەخلاقی و بەهای خۆمان لە کاری سیاسی خۆماندا بەکار دەهێنین بەبێ ئەوەی بیکەینە بیانوو بۆ ئەنجامدانی تاوان؟ بۆ ئەوەی ئەوانەی باوەڕیان پێمان هەبووە لەدەستیان نەدەین، هەروەها ئەو بەهایانە لەدەست نەدەین کە سرووشتی مرۆڤ دایڕشتووە؟

 

ئەم جۆرە کێشانە دیل دەمێننەوە بەرامبەر بەو بیرۆکەیە، ئەگەر نەگۆڕدرێن بۆ دیالۆگێکی فراوان و بەرهەمدار لە ڕێگەی دامەزراوە نیشتمانییەکان و دەستەبژێرە سیاسی و ڕۆشنبیری و ئەکادیمی و کۆمەڵایەتییەکان. هەماهەنگیی ئەوان لەپێناو دۆزینەوەی وەڵامە، کە دواجار دەگۆڕێت بۆ پڕۆژەی جێبەجێکردن لەسەر دەستی کەسانی شارەزا. بەم شێوەیە متمانەی لەدەستچوو دەگەڕێنینەوە، خەڵک لایەنی دەوڵەت دەگرێت،  بۆیە ئاشتەوایی هەمەلایەنە بەدەست دەهێنین لەسەر بنەمای دیالۆگ و گفتوگۆ ، نەک تووندوتیژی و خوێن... و{ٱدْعُ إِلَىٰ سَبِيلِ رَبِّكَ بِٱلْحِكْمَةِ وَٱلْمَوْعِظَةِ ٱلْحَسَنَةِ وَجَٰدِلْهُم بِٱلَّتِى هِيَ أَحْسَن}.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: