نهێنیی سەرکەوتنی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12

نهێنیی سەرکەوتنی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12

ڕۆژی هەینی پێش ڕاگەیاندنی ئەنجامی خولی یەکەمی تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی (12)ی ئامادەیی، پەیامی پیرۆزبایی و چەپکە گوڵی سەرۆکوەزیران بارزانی بە شێوەی پڕۆتۆکۆڵی و لە سەرجەم شار و شارۆچکەکان، گەیێنرایە قوتابییە یەکەم و دووەم و سێیەمەکانی کوردستان، ئەمەش نیشاندەری خەمخۆریی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ هەستیارترین پڕۆسە کە ئایندەی دەیان هەزار گەنجی پێوە بەستراوە.

لە چەند ساڵی ڕابردوودا شاهیدی بایکۆت و دروستکردنی نائارامی بۆ پڕۆسەی خوێندن بووین، بەڵام وەزارەتی پەروەردە بە ڕوانگەیەکی دەوڵەتدارییەوە، تاقیکردنەوە گشتییەکانی ئەمساڵی لە کاتی خۆی بەڕێوەبرد. کاریگەریی ئەم  بایکۆتەش لە ڕیزبەندی قوتابییە یەکەم و دووەم و سێیەمەکان دەرکەوت، بەوەی یەکەمەکانی ئەمساڵ لەو قوتابیانە بوون کە قوتابخانەکانیان ساڵنامەی وەزارەتی پەروەردەیان جێبەجێ کردبوو و بایکۆتیان نەکردبوو. هەروەها بایکۆت بووە هۆی ئەوەی پارێزگای سلێمانی بۆ ڕێژەی دەرچوون لە پلەی یەکەمەوە دابەزێت بۆ پلەی چوارەم.

ئامانجی وەزارەتی پەروەردە لە تاقیکردنەوە گشتییەکان، هەڵسەنگاندنی قوتابییە لەڕووی تیگەیشتن و ئاستی زانستی، بۆیە گرنگە پڕۆسەکە ڕاست و شەفاف و دادپەروەرانە بێت. ئەمساڵیش پڕۆسەکە زۆر شەفاف بوو، چونکە هەموو قوتابییەک دەتوانێت پەڕەکانی سۆمای ببینێت کە وەڵامی تاقیکردنەوەکانیەتی و بەراوردی بکات لەگەڵ وێنەیەکی وەڵامە ڕاستەکان کە بۆی هاوپێچ کراوە.

وەزارەتی پەروەردە ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا بووەوە لە گزیکردن، بۆیە ژمارەی گزیکردنی ئەمساڵ کەمترین ئاستی هەبوو و تەنیا (51) حاڵەت تۆمار کراوە. 

هۆکاری سەرکەوتنی پڕۆسەی تاقیکردنەوە گشتییەکانیش ئەم خاڵانەی خوارەوەیە:

یەکەم: بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی د. ئالان حەمەسەعید ـ وەزیری پەروەردە، ئەو باند و کەسانە دەستگیر کران کە ساڵانە دۆخەکەیان دەقۆزتەوە بۆ کاری بازرگانی و بەلاڕێدابردنی قوتابی و لەکەدارکردنی پڕۆسەکە.

دووەم: ساڵانە تەنیا (4) گرووپی پرسیار هەبوو بۆ کەرتێکی (16 بۆ  20) قوتابی، ئەمەش ڕێگەخۆشکەر بوو بۆ گزیکردن بە وتنەوەی ڕاستەوخۆ و بەکارهێنانی بلوتووز، بەڵام ئەمساڵ (26) گرووپی پرسیاری هەبوو، بەمەش 40% سکیوریتی تاقیکردنەوەکان بەرز بووەوە.

سێیەم: کۆد و ئاماژەی نهێنی لە پرسیارەکان دانرا تا پێش بەو مامۆستا و پەیمانگایانە بگیردرێت کە لەژێر ناوی 'وەڵامی نموونەیی و دزەپێکراو'، بازرگانییان دەکرد و دەروونی قوتابییان دەشێواند. ئێستا هەر پەڕەیەک بڵاو بکرێتەوە، ڕاستەوخۆ دەزانرێت هی کامە قوتابی و هۆڵ و قوتابخانە و پارێزگایە.

چوارەم: قوتابی کاتێکی زۆری بە نووسینی ناو و کۆدە (13) ژمارییەکەی بەفێڕۆ دەچوو و هەڵەکردن تێیدا دەبووە گرفت و یا بانگەشەی ئاڵوگۆڕی وەڵامەکان و غەدر هەبوو، بەڵام ئەمساڵ پەڕەی سۆمای هەر قوتابییەک، ناو و کۆد و زمان و تەنانەت وێنەی قوتابییەکەشی لەسەر بوو، بەمەش قوتابی تەواو دڵنیا بوو لە وەڵامەکانی.

پێنجەم: پێشتر (800) هەزار بۆ یەک ملیۆن پەڕەی سۆما لە وڵاتی تورکیا چاپ دەکرا کە مەترسی دواکەوتن و دزین و پیسبوونی لێ دەکرا، بەڵام چیتر ئەم سەرمایەیە نابردرێتە دەرەوە و بە دەست و هێزی ناوخۆیی و ئامێری تایبەت، لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەزموونەکان چاپ دەکرێت.

شەشەم: ئەمساڵ بەڕێوەبەری هۆڵەکان  سەرقاڵ نەبوون بە لەبەرگرتنەوەی ناسنامە و پڕکردنەوەی لیستی ئامادەبوو و نەهاتووان، بەڵکو ئەلیکترۆنی بوو و بەمەش 60%ی سەرقاڵییان کەم بووەوە تا زیاتر ئاگاداری پڕۆسەکە و چاودێریی هۆڵەکە بن.

ئەمساڵ 122 هەزار و 15 قوتابی لە دوو هەزار و 115 هۆڵ و بە ئامادەبوونی 20 هەزار و 950 سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەری هۆڵ و یاریدەدەری بەڕێوەبەر و چاودێر و خزمەتگوزار، بەشداریی تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12ی ئامادەییان کرد.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: