با ڕێ نەدەین سۆشیالمیدیا ببێتە مەیدانی جوێنفرۆشان!

با ڕێ نەدەین سۆشیالمیدیا ببێتە مەیدانی جوێنفرۆشان!

گرافیکی ئاڤا نیوز

1. لەم سەردەمەدا، سۆشیالمیدیا بووەتە گرنگترین و کەمتێچووترین و خێراترین کەناڵی بەشداریی کاراو کاریگەرانەی زۆرینەی خەڵک لە پڕۆسەی دیموکراسی و بڕیاردانی سیاسی و ئیداری و بونیادنانی وڵات و نیشتمانسازیدا. هەر لە ڕێی سۆشیالمیدیاوە دەرفەت بۆ هەموو هاووڵاتیان ڕەخساوە بۆ گەیاندنی پەیام و گلەیی و داواکاری و چاوەڕوانی و خواست و کێشەکانیان بە دامودەزگەکانی دەوڵەت و حکومەتەکانیان.


2.  وەک هەموو ئامراز و هۆکارەکانی تری تەکنۆلۆژیا، سۆشیالمیدیاش ئەگەری ئەوەی هەیە وەک چۆن بە ئەرێنی و بۆ چاکەو سوودی گشتی بەکار دەهێنرێت، لە هەمانکاتدا ئەگەری ئەوەشی هەیە کەسان و گرووپ و لایەن هەبن بە نەرێنی و بۆ ئامانج و نیازی خراپەکاری و توندوتیژییی سیاسی، کۆمەڵایەتی و کەسی بەکاری بهێنن. 


3. بە سەرنجدانێکی خێرا لە پلاتفۆڕمەکانی سۆشیالمیدیای کوردی هەردوو دیمەنی ئەرێنی و نەرێنی، چاکەو خراپەکاری دەبینین. خۆشبەختانە ڕێژەیەکی هەرە بەرزی هاووڵاتیان بە ئاراستەی ئەرێنی و چاکە سۆشیالمیدیا بەکار دێنن بۆ وەرگرتنی زانیاری و یەکترناسین و بەسەربردنی کاتێکی خۆش و دەربڕینی ڕاوبۆچوونی خۆیان بە شێواز و زمانێکی پاراو و شیرین و دۆستانە. 


4. بەداخەوە ڕێژەیەکیش  خەڵک هەن ئەگەرچی کەمیش بن، بەڵام زۆر زەق و دیارن، زۆر بە خراپی و بێباکانە بەردەوام لە سۆشیالمیدیادا ئامادەو چالاکن. دوور لە هەموو دابونەریت و ڕەوشتێکی بەرزی خواناسی و کوردەواری، لەبری پێشاندانی ڕێز و دۆستایەتی، پەلاماری هەمووان دەدەن.. لەبری گفتوگۆی ژیرانە و زمانی شیرین، جوێن دەدەن و ناودەزڕێنن و بووختان هەڵدەبەستن. لەبری بەخشینەوەی وزە و ورەی ئەرێنی و ئاشتی و تەنایی، بێباکانە خەریکی چاندنی تۆوی دووبەرەکی و یەکترشکاندن و ڕووشاندنی کەسێتیی کەسانی ترن.


5. ئەو کولتووری جوێندان و بووختان و ناوزڕاندنەی لەناو سۆشیالمیدیای کوردیدا سەریهەڵداوە و تەشەنەی سەندووە، وەک شێرپەنجە هەموو کایەکانی ژیانمانی گرتووەتەوە، بڕوام وایە کەم تا زۆر  هیچ کەسێکمان  لەم شاڵاوە نەگریسە نەپارێزراوین. بەشی هەرەزۆری شاڵاوی ئەو دۆزەخی پڕ لە ڕکوکینە و گرێ دەروونییەش بەرۆکی ڕۆشنبیران و ئەو کەسانەی گرتووە کە لە بوارێکدا چالاک و دەرکەوتوون یان ڕایەکی جیاوازیان هەیە و بە خواستی ئەم و ئەو نادوێن و نەبوونەتە بووکە سەماکەرەی دەستی لایەنێک یان بەرژەوەندییەکی تەسکی تایبەت.


6.  هەندێ تێکست وڤیدیۆ و دیداری نووسەر و هونەرمەند و سیاسی و میدیاکار هەیە ئەگەر بە زەڕەبین لەناویدا بگەڕێیت، یەک وشەی زبر، یەک جوێن، یەک ئەندێشەی نەرێنی، یەک ناوزڕاندن و سووکایەتی نابینیەوە. بە هەزاران بینەریان هەبووە. بەدەیان هاووڵاتی هاوڕابوون و دەستخۆشی و پشتگیرییان کردووە، کەچی هەندێ کۆمێنت زۆر سەرنجت ڕادەکێشن. سەرت سووڕدەمێنێ لەو هەمووە ڕکوکینە و ناحەزی و زمانپیسییە کە چۆن لە ناخی ئەو چەند کەسەدا پیشیان خواردووەتەوە. زۆر پێم سەیرە کەسێکی لەدایکبووی ساڵانی دوو هەزار کە هێشتا نازانێت ناوت چییە و بەهەڵە ناوت گۆ دەکات، کەچی زۆر بێباکانەو لەخوانەترسانە و بەدەر لە ئاکاری کۆمەڵایەتی، تۆمەتی بەعسیبوونت بۆ هەڵدەبەستێ. کەسێکی تر بەبێ خستنەڕووی هیچ بەڵگەیەک و بێ سڵکردنەوە لە یاساو لێپێچینەوە، تۆمەتی شەهادەی تەزویر و 'قبول خاصت' بۆ هەڵدەبەستێ و لەخۆڕا بە کۆیلەی دەسەڵات یان بە سیخوڕی ئۆپۆزیسیۆن لەقەڵەمت دەدات . لەناکاو ناوت لە لیستێکدا بڵاو دەکرێتەوە گوایە دەسەڵات خانووەیەکی ٦٠ دەفتەر دۆلاریی بۆ کڕیویت ! لەکاتێکدا ڕەنگە لە هەموو ژیانتدا ٦٠ دەفتەری تاقیکردنەوەی خوێندکارانیشت بە دەستەوە نەگرتبێت! یان وێنەیەکت بە فۆتۆشۆپ ئیدیت دەکەن کە خەریکی ماچکردنی دەستی بەرپرسێکی بیانیت! جێی پرسیارە کە ئایا بۆچی یەک کەس لەو جوێنفرۆش و دەروون نەخۆشانە دوور و نزیک ناچن بەلای ناوەرۆکی ڤیدیۆکەدا و هیچ کۆمێنتێکی سەنگین لەسەر  بابەت و پرس و کێشەکە نادەن، کەچی وەک گورگی برسی پەلاماری خودی کەسێتی و خێزان و خانەوادەت دەدەن بە مردووەکانیشتەوە؟!


7. ئەم دیاردەیە بە دیوێکدا نەخۆشییەکی دەروونی و کورتهێنانێکە لە پەروەردەی خێزانی و ئایینی و میدیایی و سیاسیی، بەدیوێکی تریشدا ئاماژەیەکە بۆ بە کرێگیراویی هەندێ لەو کەسانە لەلایەن هەندێ ڕێکخراو و خاوەن بەرژەوەندیی تایبەتەوە. بۆ هەردوو دیوی ئەم شێرپەنجە سامناکەی کە خەریکە بنەماکانی ڕەوشتی مرۆڤدۆستی و ژیاندۆستی و خواناسی و کوردەواری لەبناغەوە هەڵدەتەکێنێت، بەرپرسیارێتیی ڕۆشنبیران، حکومەت، میدیا، پەروەردە و مزگەوت و حیزبە نیشتمانییەکانە بە ڕژدی و بە هەماهەنگی هەڵمەتێکی سەرتاسەریی درێژخایەن ڕابگەێنن بۆ بنبڕکردنی ئەم بەڵا و ئافاتە کۆمەڵایەتییە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: