چیتر ئەوروپای پاش 1949 نییە..

ڕزگار کۆچەر

ڕزگار کۆچەر

پەیامنێری ئاڤا نیوز

ڕزگار کۆچەر، پەیامنێری ئاڤا نیوز

ڕزگار کۆچەر، پەیامنێری ئاڤا نیوز

هەموو  ئەو کارەسات و ڕووداوە دڕندانەی لە کاتی جەنگی جيهانى دووەم ڕوویان دا، ڕووى ناشيرن و هوتافی حیزبە نازى و فاشيستەکانی دەرخست, بەڵام لەدوای جەنگی جیهانی دووەم، وڵاتانی ئەوروپا بەربەستی سیاسیى زۆریان دروستکرد و ڕێگرییان لە گەڕانەوەی ڕێکخراو و حیزبە فاشیست و نازیەکان و بزووتنەوە سیاسییە تووندڕەوەکانی دیکە گرت، تاوەکو زیاتر ئەوروپا ناشیرن نەکرێ، تەنانەت لە هەندێ وڵات ڕەوتی فاشی و نازی بە یاسا قەدەغە کرا، ئامانج لێی ڕێگریکردن بوو لە دووبارەبوونەوەی ئەو کارەسات و دڕندەییانەی کە لە ئەوروپا لە جەنگی جیهانی دووەمدا ڕوویان داوە.

 

هەفتەی ڕابردوو کاتێک سەرکردەکانی ئەمریکا و ئەوروپا و میوانەکانیان و جەنگاوەرە دێرینەکان لە کەناری نۆرماندیی فەرەنسا بوون، ئەو دەمەی يادى هەشتا ساڵەی نیشتنەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە ئەوروپا بۆ نەهێشتنی نازیزم و فاشیزمیان دەکردەوە، نازی و نیو فاشیستەکان لە هەمانکاتدا ئاهەنگی سەرکەوتنی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکانی ئەوروپایان لە شارەکانی فەرەنسا و ئەڵمانیا و پایتەختەکانی دیکەی ئەوروپا دەگێڕا.

 

ئەو ئەوروپایەی لە جەنگی جیهانی دووەم لە ساڵی 1949 سەرهەڵ دەدات جیاوازە لە ئەوروپای ساڵی 2024. 



ئەوەی ئەو دەم بە هێزی یاسا قەدەغە کرابوو، چیتر بە هێزی یاسا قەدەغە نەکراوە، ئێستا بە ديموكراسی و سندووقەکانی دەنگدان فاشیست و نازيەکان جڵەوی دەسەڵات وەردەگرن...

 

لە فەرەنسا، پارتی نیشتمانی ڕاستڕەو بە سەرکردایەتیی  ماری لۆپێن، لەگەڵ لایەنگرانی خۆیدا ئاهەنگیان دەگێڕا و گەورەترین سەرکەوتنی هەڵبژاردنیان بەدەستهێنا و شەڕابی سووریان تاوەکو بنى پێک هەڵدەدا، چونکە زۆرترین ڕێژەی دەنگەکانیان بەدەستهێنا، کە 30% تێپەڕاندووە، لەکاتێکدا سەرۆکی ئەڵمانیا لە وڵاتەکەی لەگەڵ سەرۆک ئیمانوێل ماکرۆن لە فەرەنسا بەشداریی ئاهەنگەکانی دەکرد، لایەنگرانی نازیە نوێیەکان، پارتی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا ئاهەنگیان دەگێڕا بە بۆنەی شکستی هاوپەیمانی دەسەڵاتدار بە سەرۆکایەتیی پارتی سۆسیالیستی ئەڵمانیا، بە سەرکردایەتیی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئولف شوڵز. لە ئیتاڵیا پارتی برایانی ئیتاڵیا کە ڕەگ و ڕیشەی فاشیستی هەيە بە سەرۆکایەتیی سەرۆک و سەرۆکی هاوپەیمانی دەسەڵاتدار خاتوو جۆرجیا میلۆنی، توانی دەنگەکانی هەڵبژاردن بە زۆرینە مسۆگەر بکات. لە هۆڵەندا پارتی ئازادی دژە کۆچبەران و دژە موسڵمان ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی بۆ یەکەمجار بە هاوپەیمانییەکی ڕاستڕەو دەسەڵات بگرێتە دەست.

 

بەرانبەر هەڵکێشان و بەرزبوونەوەی کێرفی ڕەوتە توندڕەوەکان و نازیە نوێیەکان، بزووتنەوە سۆسیالیست و چەپڕەوەکانی ئەوروپا لە شکست و لەتبوون و پەرتەوازەبوون دان، تەنانەت لەهەندێ وڵات ڕادەستی ئیرادەی ئەوان بوون.

 

ڕاستڕەوی تووندڕەوی ئەوروپی ئیتر تووندڕەو نییە، دوای ئەوەی دەچێتە ناو گۆڕەپانی سەرەکیی سياسی و بەشێوەکی ديموكراسى و سندووقەکانی دەنگدان، ئێستا شەپۆلی فاشیست و نازیەکان دەستیان کرد بە سەپاندنی بوونی خۆیان لە شەقام و گۆڕەپانەکاندا، و لە ڕێگەی هەڵبژاردن و سندووقەکانی دەنگدان كارنامەی توونڕەوی خۆیان دەسەپێنن.

 

ئێستا لە ناوەڕاستی شەڕی ئۆکرانیا و ڕووسیا و دوای قەیرانی پەتاى كۆڕۆنا  و لێشاوی زۆری شەپۆلی کۆچی نایاسایی بۆ ئەوروپا، فاشيست و نازيیەکان بە ئاڵا و ڕەگەزپەرستی خۆیانەوە لە شەقام و گۆڕەپانەکاندا دەردەکەون و سندووقەکانی هەڵبژاردن دەكەنە ئامانج و بە ئازادیش تووندترین هوتاف دژی پەناهەندە و کۆچبەران دەڵێنەوە، ئەوان بە ئاشکرا داوای دەرکردنی کۆچبەران بە تایبەتی موسڵمان و عەرەب دەکەن بە بیانووی ئەوەی کە هاتوون بۆ جێگرتنەوەی کولتووری مەسیحی لیبڕاڵ بە کولتوورێکی ئەڵتەرناتیڤ.

 

ئەوروپا تووڕەیە باری ئابووری قورسە، زەنگی شەڕ و قەیران لە جاران زیاترە قەیرانە زیندووەکان دەوری ئەو کەسانە دەدەن کە داهاتی کەمیان هەیە، ژیانیان دەکاتە دۆزەخ و ترس لە داهاتوو هەیە کە مژدەی باشی پێ نییە.

 

ئەوروپا توڕەیە هەرچەندە هیتلەر مرد، بەڵام بیرۆکەکەی گەڕایەوە، کە پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا نوێنەرایەتی دەکرد. مۆسۆلینی لە مردنەکەی ڕازی بوو، ئيستا نەوەکانی لە پارتی برایانی ئیتاڵیا دەرکەوتن و لە لوتکەی هەرەمی سیاسی دانیشتن.

 

لەمەودوا نازییەکان و فاشیستەکان ئەرکی دیزاینکردن و دروستکردنی بەربەست و پەرژینی نوێ لە ئەوروپای نوێ دەگرنە ئەستۆ، کە لە چیمەنتۆی ڕق و توڕەیی دروستکراون، بە ئامانجی پاراستنی ئەوروپای مەسیحی لە كۆچبەران و عەرەب و موسڵمانان.

 

بە سەرکەوتنی ڕەوتی نازییە نوێیەکان و فاشیستە ڕاستڕەوەکان چیتر ئەوروپا پەناگەیەکی ئارام نابێت بۆ ئەوانەی پێیان وایە ئەوروپا بەهەشتێکی ئارامە بۆ مرۆڤایەتی. 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: