بۆچی کۆمپانیای فەیسبووکم جێهێشت و گەڕامەوە کوردستان؟

بۆچی کۆمپانیای فەیسبووکم جێهێشت و گەڕامەوە کوردستان؟

پێشەوا ئەحمەد

چەند مانگێک پێش ئێستا، پاش چوار ساڵ کارکردن لە کۆمپانیای مێتا (فەیسبووک) لە وڵاتی ئێرلەندا دەستم لە کارەکەم کێشایەوە و گەڕامەوە کوردستان. لەوێ بەڕێوەبەری بەشێك بووم لە بەشی گڵۆباڵ ئۆپەرەیشن. بەڵام بڕیارم دا بگەڕێمەوە بۆ ئەنجامدانی کارێک کە لە گەنجییەوە خەونم پێیەوە دەبینی.

 

پێش ئەوەی بچمە سەر باسی ئەوەی بۆچی گەڕامەوە؟ با سەرەتا کەمێک لەبارەی منەوە بزانیت؛

 

لە خانەوادەیەکی سادە لە هەڵەبجە گەورە بووم. کاتێک لە ڕەحمی دایکمدا بووم هەڵەبجە کیمیاباران کرا و پێنج هەزار بێتاوان شەهیدکران. لەو ڕۆژەدا دایک و باوک و خوشکەکانم لە شارەکەدا بوون و بە موعجیزە ڕزگاریان بوو. منیش پێنج مانگ دوای ئەو کارەساتە دڵتەزێنە، لەژێر درەختێکی قوتابخانەیەک کە کرابووە شوێنی ئاوارەکانی هەڵەبجە، لەدایک بووم.

 

دایک و باوکم خوێندەوارییان نەبوو، بەڵام هەموو هەوڵێکیان بۆ ئەوە بوو من و خوشکەکانم بخوێنین. ئەوان کە دەیانگوت بخوێنن، تەنها بۆ ئەوە نەبوو ژیانی خۆمانی پێ بگۆڕین، مەبەستیان بوو سوودێکی زیاتریشمان بۆ کەسانی چواردەورمان هەبێت. باوکم هەمیشە دەیگوت: "خوێندن بازنەی کاریگەریت زیاتر دەکات کاتێک دەتەوێت یارمەتیی خەڵک بدەیت".

 

من بە سروشتی خۆم حەزم لە خوێندن نەبوو، هەمیشە دەمگوت ناتوانم لەڕێگەی خوێندنەوە هیچ بکەم، دەمگوت لەم وڵاتەدا هیچ ناکەیت بە هیچ، زۆربەی کەسانی دەوروبەریشم هەمان بۆچوونی منیان هەبوو. بەڵام دایک و باوکم جەختیان دەکردەوە کە هیچ ڕێگەیەکی دیکەم نییە. جارێکیان کە لە پۆلی 8 بووم دەرنەچووم. دەمویست واز لە خوێندن بهنێنم. دایکم بە هێمنی پێیگوتم بەئارەزووی خۆمە واز لە خوێندن بهێنم، بەڵام ئەویش بەئارەزووی خۆیەتی لە ماڵەوە دەرم بکات. هیچ بژاردەیەکم نەبوو تەنها خوێندن نەبێت. 

 

بەردەوامبووم لە خوێندن بەڵام هەوڵم نەدەدا بۆ ئەوەی باشبم تێیدا. دەچوومە قوتابخانە تەنها بۆ ئەوەی دڵی دایک و باوکم ڕازی بکەم. کاتێک تەمەنم گەیشتە 15 ساڵ و چاوم کرایەوە، هەستم بەوە کرد ژیان دەکرێت چەند قورس بێت بۆم. باوک و کەسانی دیکەم دەبینی لە چواردەورم کە کرێکاری پشتشکێنیان دەکرد و ئێواران بە ماندوویەتی دەهاتنەوە و بە پارەیەکەی کەم کاریان دەکرد. خۆشم کەم کەم دەستم کرد بە کرێکاری و دوکانداری و شتفرۆشتن لەسەر عەرەبانە. ئەوکات بۆم دەردەکەوت تاکە ڕێگە بۆ ژیانێکی جیاواز بۆ من و کەسانی دیکەی وەک من باشبوونە لە خوێندندا.

 

ئەمانە وەهایان لێکردم بڕیار بدەم خۆم بگۆڕم. هاوڕێی باش بدۆزمەوە و هەوڵی زۆر بدەم. بۆ ئەمەش خەڵکێکی زۆر دەستیان گرتم. یەکەم دەستکەوتی جیاواز لە ژیانی خوێندنمدا ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12 بوو ، کاتێک لە بەشەکەی خۆم یەکەمی هەڵەبجە بووم. پاشان زەمالەی خوێندنم لە زانکۆی ئەمریکی لە عێراق- سلێمانی وەرگرت. توانیم لەوێ یەکێکبم لە یەکەمەکانی ئەو زانکۆیە. پاش تەواوکردنی بەکالۆریۆسیش، زەمالەی ماستەرم وەرگرت لە بەشی بەڕێوەبردن و دارایی گشتی لە زانکۆیەک لە ئەمریکا. زانکۆکە یەکەمی ئەمریکایە لەو بەشەدا. 

 

ئامانج و مەبەستی ژیانم ڕوون بو؛ دەمویست کارێک بکەم یارمەتی گەنجانی کوردستان و دەوروبەرم بدەم بۆ ئەوەی گەشە بە خۆیان بدەن، کار بکەن بۆ گەیشتن بەو خەونانەی هەیانە. بەڵام کە بیرم دەکردەوە سەرەتا پێویستە خۆم بەرەوپێش ببەم و لە دونیای کاردا خۆم فێربکەم. چونکە بڕوام وابوو خوێندنی ئەکادیمی و بڕوانامە، تەنها بە تیۆری شتەکانمان فێردەکات و دەبێت بە کرداریش خۆم بەرەو پێش ببەم. ئەمەش وایلێکردم بەدوای کاردا بگەڕێم تەنها لە کۆمپانیاکاندا.

 

بۆ ماوەی 8 ساڵ لە کوردستان لە کۆمپانیاکانی ناوخۆ و دەرەوە کارم کرد. کار لەدوای کار شتی زیاتر فێردەبووم، خۆم زیاتر دەبردە پێشەوە، چاوم زیاتر بە دنیای کار دەکرایەوە. لە ساڵی 2018، کۆمپانیای فەیسبووک پەیوەندیان پێوەکردم بڕۆم لە بنکەی سەرەکیان لە ئیرلەندا کاریان بۆ بکەم. لە سەرەتاوە دودڵبووم لە ڕۆشتن، چونکە دەمویست لە کوردستان بژیم و ئەو خەونەشم هەر هەبوو کە یارمەتی گەنجانی کوردستان بدەم. بەڵام دواتر قەناعەتم بە خۆم هێنا ئەگەر قبوڵی بکەم ئەوa ئەزموونم زیاتر دەبێت و دەتوانم باشتر کار لەسەر خەونەکانم بکەم. لە ساڵی 2019 پەیوەندیم بە کۆمپانیاکەوە کرد. 

 

باسی ئەو ڕۆژەی لە هەڵەبجەوە دەڕۆشتم بەرەوە فڕۆکەخانە، لە کتێبێکی  پرۆفیسۆری ئەمریکی نیکۆڵ واتس باسکراوە بە ناوی "کۆماری خەونەکان: کەسانی ئاسایی، کێشەی نائاسایی، داهاتووی کوردستانی عێراق". بڕیارە کتێبەکە کۆتایی ئەمساڵ بڵاوبکرێتەوە.

 

نیکۆڵ دەنووسێت "پێشەوا سەیری شاخەکانی دەکرد و گوتی: بیری ئەم شاخانە دەکەم. وەکو هاوڕێکانم وەهان، جوان و ناسراو، لە هەموو شوێنێک زیاتر حەزدەکەم لێرەبم.'"

 

بەخۆمم وت کە تەنها بۆ دوو ساڵ دەڕۆمە دەرەوە و دەگەڕێمەوە. دوو ساڵی یەکەم بەخێرایی تێپەڕی، پلەی کارم بەرزدەبووەوە، مووچەم زیادی دەکرد، تیمەکەم گەورەتر دەبوو، شتی زیاتر فێردەبووم. بەخۆمم گوت با ماوەیەکی دیکەش بەردەوامبم. ئەو ماوەیەش بووە 2 ساڵی دیکە. 

 

دڵم زیاتر دەبوو بە دوو کەرتەوە، دەمگوت لە ئێرلەندا ژیانێکی ئاسوودەم هەیە، خەریکە دەبمە خاوەن ڕەگەزنامەی وڵاتەکە، لە کێشەکانی کوردستان بەدوورم و دەتوانم ژیانێکی پڕ ڕەفاهیەت بۆ خۆم و ماڵ و منداڵم دابین بکەم. بەڵام هەموو شتەکان تەنها بۆ خۆم بوو. من لەلایەن دایک و باوکمەوە وا پەروەردە نەکرابووم ژیانێک بژیم تەنها بۆ خۆم بێت. 

 

لەبەرامبەر ئەمەشدا، دڵم لەلای ئەوە بوو دەمەوێت بگەڕێمەوە کوردستان و  دوای ئەو خەونە بکەوم چەندین ساڵە هەمە. هەروەها توانا بەکارنەهاتووەکانی گەنجانی نیشتمانەکەم دەدی، کە چەند حەزیان لە فێربوون و خۆبەرەوپێشبردنە. گەنجی زۆرم دەدی چەند بە پەرۆشەوە دەیانەوێت یارمەتی کۆمەڵگە و کەسانی دەوروبەریان بدەن، بەڵام پێویستیان بە کەسێک بوو کەمێک ڕێنیشاندەریان بێت. وەک چۆن من لەو تەمەنەی ئەواندا کەسانێکی زۆر ڕێنیشاندەرم بوون. هەستم دەکرد بەشێکی زۆریان وەها بیریان دەکردەوە کە هەلەکان زۆر دوورە لەوانەوە و دەستیان پێیان ناگات. 

دەشم بینی گەنجێکی زۆر بزنسی خۆیان دروست دەکەن و بەرهەمەکانیان لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان دەفرۆشن. دڵ و ئەقڵیشم زیاتر پێیان دەگوتم بەتەواوی بگەڕێمەوە. 

 

لە سەرەتای 2023 بەرپرسی ئۆفیسی دەسپێشخەری و پەیوەندییەکان، کە ئۆفیسێکی تازەدامەزرێنراو بوو، پەیوەندی پێوە کردم، گوتی ئەزانم بە ئۆنڵاین چەند یارمەتی گەنجان دەدەیت و خەونی ئەوەت هەیە بگەڕێیتەوە بۆ کوردستان. وەرەوە لەڕێگەی ئۆفیسی ئێمەوە یارمەتی گەنجان بدە بەبێ جیاوازیی شوێن و بیرکردنەوە".

 

پلانی ئەوەمان دانا بتوانین یارمەتی گەنجانمان بدەین و ئامادەیان بکەین هاوشانی گەنجانی وڵاتانی دیکە بتوانن بەشێوەیەکی کاریگەر لە کۆمپانیاکانی ناوخۆ و دەرەوە کار بکەن. بتوانن ببن بە بەشێک لە گەورەکردنی ئابووریی کوردستان و بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگە و کوردستانیان زیاتر خۆشبووێت و کار بۆ گەشەپێدانی بکەن بەبێ جیاوازی ئەوەی لە کوێ دەژین، چ لایەنگرییەکی سیاسییان هەیە، وە چ ڕەگەزێکن. 

 

لەو کەتەوەی گەڕاومەتەوە لە مانگی هەشتەوە، وۆرکشۆپم بۆ نزیکەی هەزار گەنج کردووە لە 10 شاری جیاوازی کوردستان. فێری ئەوەمان کردوون چۆن خۆیان ئامادە بکەن بۆ دنیایەکی پڕ دیجیتاڵی و گۆڕانکاریی خێرا. چۆن خۆیان ببەنە پێشەوە لە خوێندن و ژیانیاندا. چۆن ببن بە کەسێکی کاریگەر لە کۆمەڵگەدا. لە مانگی ڕابردوودا کۆرسێکی ئۆنڵاینی چڕوپڕی 13 هەفتەیم بۆ خوێندکارانی زانکۆ ڕاگەیاند کە چەند هەزار کەسێک وەرگیراون. لە ماوەی 13 هەفتەدا 10 کارامەیی زۆر بنەڕەتییان فێردەکەین و ڕێنیشاندەریان دەبین بۆ ئەوەی بە کرداری ئەنجامیان بدەن. 

 

بۆ من ئەم کارانە تەنها دەستپێکن، بەتەواوەتی خۆم یەکلایی کردووەتەوە ئەزموونی سەرکەوتووی کارکردن و لێکۆڵینەوە و ڕێگەی کاریگەر فێری گەنجان بکەین بۆ ئەوەی کاریان دەستبکەوێت، بزنسی خۆیان دابنێن و کاریگەری ئەرێنی زیاتریان لەسەر کۆمەڵگە هەبێت. 

 

لە تەمەنی گەنجیم لە هەڵەبجە نەمدەتوانی تەنها بە خەیاڵیش بێت بیر لەوە بکەمەوە بڕوانامەی ماستەر لە زانکۆیەکی بەناوبانگی ئەمریکا بەدەستبهێنم، چەندین وڵاتی جیهان بگەڕێم، ببمە بەڕێوەبەر لە یەکێک لە پێشکەوتووترین کۆمپانیای تەکنەلۆجی جیهان. چیرۆکی گەیشتنم بەو شتانە بەبێ ئاستەنگ و ناڕەحەتی نەبووە، بەڵام بە بەردەوامی و هەبوونی ئومێد، دەستگرتن و ئامۆژگاری کەسانی دیکە و بڕوابوون کە داهاتوو دەکرێت باشتربێت بۆ خۆم و کوردستان و یارمەتی خودا، هەوڵمدەدا  دەستهەڵنەگرم و بەدوای هەلی نوێ بگەڕێم بۆ زاڵبوون بەسەر ئاستەنگ و ناڕەحەتییەکاندا. 

 

وەکو گەنجێک کە پڕ وزە و خەون بووم بەڵام ڕێگەیەکی بەرەوپێشچوونی ڕوونم لەبەردەمدا نەبوو، کاسانێکی زۆر هەبوون کە مێنتۆر و دەستگرم بوون. هەڵەم دەکرد بە نەرمی پێیان دەگوتم چۆن باشتر بیکەم. کە شکستم دەهێنا پێیان دەگوتم لێوەی فێربم. کە بێئومێد دەبووم، بیریان دەخستمەوە بێئومێدی بێئەنجامییە.

 

ئێستا دەمەوێت ببم بە یەکێک لەو کەسانە بۆ گەنجانی دیکە. ئەوەش دڵخۆشم دەکات بە تەنها نیم، کۆمەڵێکی دیکەی گەنج هەمان ڕێگەیان هەڵبژاردووە. ئومێدم هەیە بتوانین گۆڕانکاری ئەرێنی دروست بکەین. 

 

بنەڕەتیترین گۆڕانکاری کە لە ماوە درێژدا کاریگەری گەورەی هەیە لە وڵاتدا دروستکردنی گۆڕانکارییە لە کەسەکاندا. ئاسان نییە، بەڵام ئەستەمیش نییە. 

 

گەڕامەوە کوردستان بۆ ئەوەی بەشێک بم لەو گۆڕانکارییەی ڕوودەدات و دڵنیام پڕ شانازیترین کاری تەمەنم دەبێت.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: