دەوڵەتی چەتەگەرایی؛  گەندەڵی گەورەترین کێشەی عێراقە

دەوڵەتی چەتەگەرایی؛  گەندەڵی گەورەترین کێشەی عێراقە

 

گەندەڵی لە عێراقدا کێشەیەکی ڕەگداکوتاوە و بەردەوامە، کە لە کێشە سیستمییەکانەوە درێژ بووەتەوە؛ وەک حیزبچێتی و پشکی خێڵەکی و داڕمانی بیرۆکراسی و نەبوونی شەفافییەت.


پاش بیست ساڵ لە دامەزراندنەوەی عێراقی نوێ، هێشتا گەندەڵی بەربڵاوترین کێشەی عێراقە. بەقووڵی بەنێو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا ڕۆچووە، هۆکاری چەندین کێشەی بەردەوامیشە، وەک پێشێلکردنی ئاسایش و نەبوونی وەبەرهێنانی بەرچاو، هاوکات کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی دەرەوەش داناوە.

 

چەند هۆکارێک لەپشت تەشەنەسەندنی گەندەڵییەوە هەن، کە ئەم هۆکارانە وادەکەن گۆڕانکاری ڕیشەیی لە نێو سیستمدا، بە تایبەتی گۆڕینی حیزبچێتی و پشکی خێڵەکی و داڕمانی بیرۆکراسی و نەبوونی شەفافییەت، ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی ئەستەم بێت.


حیزبچێتی


سیستمی پەرلەمانی عێراق سیستمێکی فرەحیزبییە، کە دەیان حیزبی ڕامیاری لە هەڵبژاردنەکاندا بەشداری دەکەن و کورسیی پەرلەمان بە دەست دەهێنن.

لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2021 زیاتر لە 400 حیزبی ڕامیاری بەشدارییان کرد، ئەمەش بەراورد لەگەڵ ساڵی 2018 نزیکەی دووهێندە زیاد ببوو، کە لەو هەڵبژاردنەدا 204 حیزبی ڕامیاری بەشدارییان کرد. هەڵبژاردنی پارێزگاکان، کە لە کۆتایی ساڵی 2023 بە ڕێوەچوو، 268 حیزب و زیاتر لە 50 هاوپەیمانێتی تێیدا بەشدار بوون، دابەشبوون بەسەر حیزبی ڕامیاری و خێڵەکاندا زۆر بە زەقی دەبینرێت، کە وا دەکات ڕێککەوتن و تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسا لەنێو پەرلەماندا زۆر قورس بێت، تاوەکو سەرۆکی حیزبەکان خۆیان لەسەری ڕێک نەکەون.


کەواتە دەبێت حکومەت بۆ ڕێککەوتن لەسەر تێپەڕاندنی هەر پرۆژەیاسایەک قازانج و پشک بە هەر لایەنێک بدات کە دەنگ بە پرۆژەیاساکە دەدات. ئەمەش بناغەیەکی وای دامەزراندووە کە وایکردووە تا بە شێوەیەکی سیستماتیکی بەرتیل بە حیزب و لایەنەکان نەدرێت، هیچ پرۆژەیاسایەک تێناپەڕێنرێت، ئەمەش هۆی دواکەوتنی بەردەوامی پڕۆسەی یاسادانان و درەنگکەوتنی پێکهێنانی هەر کابینەیەکی حوکمڕانییە لە عێراقدا، کە بۆ نموونە پێکهێنانی کابینە لەدوای هەڵبژاردنی 2021ـەوە نزیکەی ساڵێکی خایاند.

دەستەبژێری سیاسیی نوێ بۆ چارەی ئەم کێشەیە سیستمێکیان پێکهێناوە، کە ئەویش بەکارهێنانی کاریگەریی خۆیانە لەنێو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا بۆ بەدەستهێنانی گرێبەستەکان، بێ ئەوەی ئەم گرێبەستانە بە پڕۆسەیەکی شەفافدا تێپەڕن.


دەبێت حیزبە سیاسییەکان بۆ پشتیوانیکردنی چالاکییەکانیان سیستمێکی دارایی جێگرەوە دابمەزرێنن، بۆ نموونە هەڵمەتی هەڵبژاردنی گرانبەها. لە هەندێک حاڵەتدا بە قۆستنەوەی کەلەبەری جۆراوجۆری نێو یاساکان، تەنیا پشتیان بە دزینی سامانی گشتی بەستووە.


هێشتا زۆر پرۆژە لە عێراقدا ناتەواون، کە هەندێکیان تەنانەت دەستیشیان پێ نەکردووە. بۆ نموونە، حکومەتی عێراق لە ساڵی 2012 بڕی 573 ملیار دیناری (بە نزیکی 500 ملیۆن دۆلار) تەرخان کرد بۆ ئەوەی شاری نەجەف ئامادە بکات بۆ ئەوەی لەنێو ڕێکخراوی پەروەردە و زانست و ڕۆشنبیریی ئیسلامی (ISESCO) ببێتە پایتەختی ڕۆشنبیریی ئیسلامی. بەڵام ئەو پارەیەی بۆ چەند پرۆژەیەکی شارەکە تەرخان کرابوو، بەخشرایە چەند کۆمپانیایەکی جیاوازی سەر بە حیزبە سیاسییەکان. لەگەڵ ئەوەشدا، تەنانەت دوای 10 ساڵیش زۆربەی ئەو پرۆژانە، بۆ نموونە کۆشکی ڕۆشنبیری، هێشتا تەواو نەکراون.


سیستمی پشکی خێڵەکی

 


سیستمی پشکی خێڵەکی لە عێراقدا بناغەیەکی سیستماتیکیی بۆ گەندەڵی بونیادناوە. هەمیشە پێکهێنانی حکومەت دابەشکردنێکی ئاڵۆزی دەسەڵات لە خۆ دەگرێت، ئەمە تەنیا لەسەر ئاستی گەورە لەنێو سێ پێکهاتە سەرەکییەکەی شیعە و سوننە و کورددا ڕوونادات، بەڵکو لەسەر ئاستی بچووکیش لە نێو حیزبە سیاسییەکاندا ڕوودەدات. ئەمەش وای کردووە دینەکان بۆ فراوانکردنی کاریگەریی خۆیان لەسەر حکومەت و بەدەستهێنانی پشکی زیاتر لە حکومەتدا ڕکابەری بکەن.

بە پێچەوانەی زۆربەی سیستمە پەرلەمانییەکانی جیهانەوە، هەڵبژاردن لە عێراقدا نابێتە هۆی پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە و کەمینەی ئۆپۆزسیۆن.
بەڵکو حکومەت زۆر جار قەوارەیەکی هاوبەشە کە لە هەموو لایەنە سیاسی و دینییەکان پێکهاتووە. ئەمەش دەرئەنجامی دەستکاریی دەستوورە، کە لە ساڵی 2010ـەوە بەرەبەرە ڕووی داوە. ئەو کاتە دادگای فیدراڵی لەژێر کاریگەریی سیاسیدا بڕیارێکی سەیری دەرکرد، ئەویش ئەوە بوو کە نابێت گەورەترین بەرەی پەرلەمان ئەو بەرەیە بێت کە زۆرترین کورسیی بەدەست هێناوە، بەڵکو دەبێت ئەو بەرەیە بێت کە زۆرترین هاوپەیمانێتی پێکدەهێنێت.
ئەمەش ڕێ بە لایەنە دۆڕاوەکانی هەڵبژاردن دەدات لەڕێی کاریگەریی سیاسی و ئابوورییەوە کورسیی ئەندامی پەرلەمان بەلای خۆیاندا ڕابکێشن و بەرەیەکی گەورەتر لەو بەرەیە دروست بکەن کە لە هەڵبژاردندا بردوویەتیەوە.

دادگەی فیدراڵی لە ساڵی 2022 ئەم پڕۆسەی دەستکاریکردنەی تەواو کرد، ئەویش بەوەی تاوەکو دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان ئامادە نەبن نابێت سەرۆک هەڵببژێررێت، کە یەکەم هەنگاوی پێکهێنانی کابینەی حکومەتە، ئەمەش ڕێ لە بەرەی زۆرینە دەگرێت حکومەت پێکبهێنێت، تاوەکو لەگەڵ بەرەکانی دیکەدا ڕێکنەکەوێت.

چاوخشانێکی خێرای ڕێککەوتنی پێکهێنانی حکومەتی ئێستا دەریدەخات کە چۆن هەر لایەنێکی زاڵ لە بەرامبەر ڕێگەدان بە پێکهێنانی حکومەتدا داوای بڕێک قازانج دەکات.
شیعەکان لە بەرامبەر پێدانی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستاندا داوایان کرد ڕێگە بە پارێزگاکانی باشوور بدرێت پشکێکی پێترۆدۆلار وەربگرن (ڕاستەوخۆ بڕێکی تایبەتی بودجەیان بۆ بچێت، نەک لەڕێی حکومەتی ناوەندییەوە)، سوننیەکانیش داوایان کرد ناوچە سوننییەکان بودجەیەکی تایبەت بۆ بونیادنانەوە وەربگرن.
ئەم پارانە بە زۆری بۆ حیزبە سیاسییەکانی بەرپرسی پارێزگاکان، یان هەرێمەکان دەچن، بێ ئەوەی بە پڕۆسەیەکی گونجاو و شەفافدا بڕۆن.
لەم بارودۆخەدا هەر بەشداربوویەک داوای پشک لە حکومەت دەکات، ئەمەش دەبێتە هەڵکشانی ئاستی گەندەڵی، کە هەمووان لەسەری ڕێککەوتوون و دایدەپۆشن، چونکە هەر لایەکیان پشکێکی تێیدا هەیە.
ئەمە لۆجیکی بنەڕەتیی سیستمی پەرلەمانییش تێکدەدات، کە بەگوێرەی ئەم سیستمە زۆرینە حکومەت پێکدەهێنێت و بە ڕێوەی دەبات و کەمینە چاودێریی حکومەت دەکات و هەوڵ دەدات ڕێگری لە ڕێککەوتنی گەندەڵی بکات.


داڕمانی بیرۆکراسی و نەبوونی شەفافییەت


سیستمی بیرۆکراسیش، کە بزوێنەری حکومەتە، بە هۆی دەستوەردانی سیاسی سەردەمی دیکتاتۆر و دەیەیەک سزای سەپێنراوی سەر عێراقەوە تێکچووە.
شارەزا پلەبەرزەکانی سیستمەکە لە ساڵانی نەوەدەکاندا هەڵهاتن و لە وڵاتە باشترەکانی ڕۆژئاوا و کەنداو بەدوای مافی پەنابەریدا گەڕان. بۆیە کارمەندە ئاست ناوەندییەکان لە پەرەپێدانی خۆیان وەستان و کەوتنە وێزەی نوێترین داهێنانەکانی جیهان لە بواری بەڕێوەبردنی حکومەتدا.

ئەو سزایانەشی بەسەر عێراقدا سەپێنرابوون لە پەرەدان بە نەریتی بەرتیلدان و گەندەڵیی نێو سیستمەکەدا بەشدار بوون. بە نزیکی هەر کارێکی کارگێڕی لە عێراقدا، ئیتر لەسەر ئاستی تاک بێت، یان کۆمەڵ، یان لەسەر ئاستی کۆمپانیا بێت، پێویستی بە بەرتیلی زۆر هەیە بۆ چەند لایەنێکی نێو فەرمانگە پەیوەندیدارەکان.
ئەو سیستمە بیرۆکراسییە کۆنەش نەیتوانیوە ڕێگە لە گەندەڵی بگرێت، بە پێچەوانەوە، ڕێگەی بۆ ڕێبازی نوێی خۆلادان لەو ڕێسا و پرۆتۆکۆڵانە خۆش کردووە کە بۆ وەستاندن و کەمکردنەوەی گەندەڵی دانراون.
هاوکات سیستمی بیرۆکراسیش بەس نییە و توانای چاودێریکردنی پڕۆسەی دارایی و ئابووری و ڕێگریکردنی نییە لە گەندەڵی. هێشتا هەموو کارێکی بیرۆکراسی لەسەر کاغەز دەکرێت. حکومەت نەیتوانیوە سیستمی حکومەتی ئەلیکترۆنی بونیاد بنێت بۆ ئەوەی ئەگەری ساختەکاری و گەندەڵی کەم بکاتەوە.

هەموو ئەمانە حکومەتیان خستووەتە سەر ڕێیەک بەرەو شکست. بۆیە کاتێک وەزیرێکی نوێ، یان سەرۆکی دەزگایەک دادەنرێت، ئەو پێشوەخت تۆڕێکی لە نێو ڕێکخراوەکەدا داناوە بۆ ئەوەی یارمەتیی بدات یەکسەر ڕێیەک بۆ هەڵلووشینی پارە بدۆزێتەوە.

ئەو «دزیی سەدە»یەی ئەم دواییانەی فەرمانگەی باجی عێراق نموونەیەکی ڕوونی ئەم دیاردەیە بوو. نوور زوهەیر، سەرۆکی باندەکە، لە فەرمانگەی باج و بانکەکانی سەر بە فەرمانگەکەدا لەنێو تۆڕێک کەسی خاوەن کاریگەریدا کاری کردووە کە بە هەموویان دزییەکەیان ئاسان کردووە.


بەهەمانشێوە تۆڕی وا لەنێو وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی باجی دەرامەت و کەرتی گەشتوگوزار و وەزارەتی ڕۆشنبیری و دەزگاکانی دیکەی حکومەتیشدا هەن، کە هەر یەکێک لە ئەندامەکانی ئەم تۆڕانە تەواوی سەرچاوەکانی وەزارەت و فەرمانگە و دەزگاکانی خۆی شارەزایە و چەندین شێوازی پارەلێکێشانەوەیان دەزانێت.


گەندەڵی لە عێراقدا هەمیشە دوو لایەنی هەیە. لایەنێکیان کەسێکی سیاسی یان گرووپێکی لە پشتە کە مەتاڵی ڕامیاریی گرنگ، یان مۆڵەتی پێویست دەستەبەر دەکات، یان یاسای گرنگ تێدەپەڕێنێت، یان لەمپەرێکی یاسایی یان بیرۆکراسی لادەدات. لایەنەکەی دیکە پسپۆڕی تەکنیکی یان تیمێکی شارەزان کە بە نێو پڕۆسەکاندا دەجووڵێن و مانۆڕ دەکەن، بۆ ئەوەی بە نایاسایی پارە بە دەست بهێنن، هەموو ڕێبازێک دەگرنە بەر کە ئەگەرچی ئەم ڕێبازانە لە ڕووکەشدا لە نیوەیاسایی دەچن، بەڵام لە ناوەڕۆکدا ساختەن.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: