پیاوی تەنگانە

پیاوی تەنگانە

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لێکتێگەشتنی خۆی و سەرۆکوەزیرانی عێراق محەممەد شیاع سوودانی راگەیاند لەبارەی چارەسەری کێشەی مووچەی هەرێمی کوردستان و لابردنی هەموو ئاستەنگەکان بە ئامانجی دڵنیاکردنەوەی خەڵکی کوردستان و گەڕانەوەی مافەکانیان. هەڵبەت ئەمە دەرەنجامی ئەو خەمخۆرییەی سەرۆکوەزیران بارزانی بوو کە لەو ماوە سەختەی رابردوودا سەرباری فشارە جۆراوجۆرەکان، بەڵام وەکو پیاوی دەوڵەت و بەجێهێنانی ئەرکە سەختەکان، بە بێ دەنگی و دوور لە موزایەدەو هەڵای راگەیاندن و بە کردار، بەردەوام لەسەر هێڵ بوو، لە پێناو چارەسەرکردنی کێشەکە. 

چارەسەکردنی کێشەی مووچە و پێدانی مووچە بە فەرمانبەرو موچەخۆران لای سەرۆکوەزیران هیچ کات موژدە و هەواڵێكی خۆش نەبووەو نابێت، چونکە باوەڕی وایە موچە مافێکی بنەڕەتییە و دابینکردنی ئەرکێکی سادەی حکومەتە.

بەڵام پێویستە ئەو راستییەش فەرامۆش نەکەین، کاتێک بابەتەکە لە وێنە گەورەکەدا تەماشادەکەینەوە، زۆر بە سادەیی ئەو گۆشەیە دەبینین، کە دابین نەکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە لایەن هەندێک هێز لە بەغداوە، بەشێک بووە لە هەوڵەکانی ئەوان بۆ لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و وئازاردانی خەڵک و پێشێلکردنی دەستوور. هەربۆیە سەرۆکوەزیران بابەتی مووچە و بودجەی خەڵکی کوردستانی وەک بەشێک لە شەڕی مافە دەستوورییەکان و پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان بینیوە.

لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا قۆناخێکی سەختی ئابووری تێپەڕی، بۆ سەرۆکوەزیران بارزانیش یەکێک بوو لەو کاتە هەستیارانەی دەبوو حەکیمانە سەرکردایەتیکردنی خۆی پیشان بدات، چونکە وەک دەوترێ سەرکردە نەتەوەییە راستەقینەکان هەمیشە لە قەیرانەکاندا هێزو ئیرادەیان بەرجەستە دەبێت.

فشارەکان و قەبارەی قەیرانەکان زیاتر لەوە دەزانرا گەورەو مەترسیدار بوون، بەڵام بە شایەتی یار و نەیار لەم تاقیکردنەوەیەشدا سەرۆکوەزیران بارزانی توانی بە سەرکەوتوویی دەرچێت و ببێتە چەتری پاراستنی خەڵکی کوردستان، ئەوە لە کاتکدا بوو زۆر کەس لە ناوخۆ و دەرەوە بە وئاشکراو نهێنی دژی وەستانەوە، تەنانەت زۆرکەسیش وەک هاوڕێی نیوەڕێ و وەکو هەمووجار گرەوی سەرنەکەوتنیان دەکرد، بەڵام سەرۆکوەزیران بارزانی بە پشتبەستن دونیابینییە تەندروستەی بۆ حوکمڕانییەکی شایستە هەیەتی، جارێکی دیکە هەموو نەیارەکانی بێ هیواو خەڵکی کوردستانیشی هیوابەخش کردەوە.

نەیارەکانی سەرۆکوەزیران چ ئەوانەی دەرەوەو چ ئەوانەی ناوخۆ، لەخۆبردوانە هەوڵیان دا  کابینەکەی مەسرور بارزانی سەرکەتوو نەبێ، لەوپێناوەدا رێگا نەما تاقینەکەنەوە، تەنانەت ئەگەر ئەو رێگایە بەشێکیش بووبێ لە ئەجێندای ئەو هێزانەی دەیانەوێ قەوارەی هەرێمی کوردستان لەناو بەرن و چاویان بە بەهێزی و کوردستاندا هەڵنایەت.

مەسرور بارزانی لە هەندێک لەو قۆناخانەدا رەنگە تەنیا بووبێ، بەڵام پێداگیربووە لەسەر پرەنسیپەکانی خۆی و دیدگا تایبەتەکەی خۆی بۆ حوکمڕانییەکی بەهێزو کاریگەر، لە دوایین ئیفتاریشیدا لەگەڵ ژمارەیەک هاوڵاتییدا ئاماژەی بەوەکرد کە هەمیشە لە کاتە سەختەکاندا پیاوی تەنگانە کەمن.

بەڵام خۆڕاگری خەڵکی کوردستان و خودی سەرۆکوەزیران لەبەردەم فشارو قەیرانە سەپێنراوەکاندا، مژدەبەخشی ئەم سەرکەوتنەو تۆمارکردنی چەندین سەرکەوتنی دیکە دەبێت. چونکە : 

یەکەم: لەماوەی رابردوودا سەرۆکوەزیران بڕیاری سەختیدا بۆ ئەوەی هەوڵنەدرێت جیاوازی لە نێوان مووچەخۆراندا بکرێت، هەندێک مووچە وەربگرن هەندێکیش بێبەش بن.

دووەم: سەرۆکوەزیران هیچ سازشێکی نەکرد لەسەر مەسەلە دەستوورییەکان و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان

سێیەم: سەرۆکوەزیران نەبەردانە وەستایەوە بەرامبەر هەموو فشارە ناوخۆیی و ئیقلیمییەکان، لە پێناو پاراستن و بەرزهیشتنەوەی بڕیارە سیاسییەکانی هەولێر.

چوارەم: سەرۆکوەزیران جارێکی دیکە پیشانی دایەوە کە سەرکردەیەکی  تەواو جیاوازە و خاوەن دیدگا و پلانی درێژخایەنە بۆ گەیاندنی کوردستان و خەڵکە خۆڕاگرەکەی بە کەناری ئارامی.

هەموو ئاماژەکان دەرخەری ئەو راستییەن کە سەرۆکوەزیران تەنها لەم وێستگەیەدا ناوەستێت و لە داهاتووشدا بەردەوام دەبێ و هەرگیز کۆڵنادات لە شەڕی مافە دەستووریەکان، چونکە لە دیدگای مەسرور بارزانیدا کێشەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا تەنیا مووچە و بودجە نییە، بەڵکو دیرۆکێکی سیاسی و نەتەوەیی سازش لەسەر نەکراوە. 


رەنگە خراپیش نەبێ بۆ چەندەمین جار بوترێتەوە کە مەسرور بارزانی  سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا زۆر قەیرانی گەورەتری تێپەڕاندووە، بەڵام بۆ بەدبەختی نەیارەکانی، هەرگیز وانەیان لە بەهێزی و خۆڕاگری سەرۆکوەزیران و خەڵکی کوردستان وەرنەگرتووە.


ئەوانەی لە کاتە سەختەکانی کوردستاندا نابنە پیاوی تەنگانە، دەبێ ئەوە لە بیر نەکەن کە مەسرور بارزانی خاوەنی دیدگا و پلانی درێژخایەنە بۆ دروستکردنی داهاتوویەکی بەهێز بۆ کوردستان لەو پێناوەشدا هیچ لەمپەرێک کاروانەکەی ناوەستێنێت. تەنیا شتێکیش بۆ سەرۆکوەزیران گرنگ بێ و بیری لێبکاتەوە بریتییە لە ئارامی و خۆشگوزەرانی خەڵکی کوردستان لە زاخۆوە تا کفری.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: