کورد و کوردستان لەنێوان ڕزگاری و ئازادیدا

کورد و کوردستان لەنێوان ڕزگاری و ئازادیدا

د. بەهات حەسیب قەرەداغی

ساڵانێکە تێکەڵییەک لە تێگەیشتنمان سەریهەڵداوە بۆ هەردوو چەمکی ڕزگاری و ئازادی، کە لێکەوتەی فیکری و ڕەفتاریی خراپی هەبووە. 

 

سەرەتا دەبێ ئەوە بزانین، کە شۆڕشەکانی سەدەی بیستەم شۆڕشی ڕزگاریی نیشتمانی بوون نەک شۆڕشی ئازادی؛ مرۆڤ و گەلان لەپێشدا دەبێت لە ژێردەستەیی بێگانە ڕزگار و سەربەخۆ بن و ماڵ و وڵاتی خۆیان بوونیاد بنێن (کە ئەرکێکی گران و درێژخایەنی پڕ لە کێشەی سەختە) پاشان (ئازادیی) دەبێتە پرسی پلە یەک بە ئیمتیاز.

 

ڕاپەڕینیش تێهەڵکێش و ئاوێتەبوونی شۆڕشە چەکدارییەکە و تووڕەیی مەدەنییانەی خەڵکی کوردستان بوو. لە ئاداری 1991 دا هەڵۆی بەرزەفڕی ڕزگاری بە هەردوو باڵی سەربازی و مەدەنی دای لە شەقەی باڵ، خاک و ئاو، ئاسمان و خەڵکی جوگرافیایەکی فراوانی باشووری کوردستان لەژێر پۆستاڵی داگیرکەری 70 ساڵە ڕزگارکران و تاوەکو ئێستاش بەشێکی زۆری ئەو خەڵک و خاکە هەر ڕزگارە و پۆستاڵی داگیرکەری لەسەر نییە. کەواتە ئەگەر بە ویژدانەوە هەڵسەنگاندن بۆ مێژوومان بکەین، دەبێ دان بەو ڕاستییەدا بنێین، ئامانجی سەرەکیی شۆڕش و ڕاپەڕین، کە ڕزگاریی نیشتمان بووە، بەدیهاتووە و ناحەقییەکی گەورەیە ئەگەر بڵێین وانییە و بارێکی زیاتر و گرانتریان لە ئەستۆ بنێین.

 

شۆڕشەکان هەر لە سەردەمی شێخ مەحموودی حەفیدەوە تاوەکو ڕاپەڕینی ئاداری 1991 ڕزگاریخوازیی بوون نەک ئازادیخواز. ڕاستە ئەو دوو چەمکە (ڕزگاری و ئازادی) تەواوکەری یەکدین، بەڵام نە یەک واتا دەبەخشن و نە هەرگیز پێکەوە و دەستبەجێ دێنە دی. هەرگیز نەبووە لە ڕیزبەنددا ئاڵۆگۆڕیان کردبێ و پاشوپێش کەوتبن، هەمیشە ڕزگاری ڕێخۆشکەر و پێشمەرج بووە بۆ ئازادی، نەک بەپێچەوانەوە. درەنگ یان زوو تەنیا ڕاستەڕێی ڕزگارییە کە دەمانگەیێنێتە ئازادییەکی ڕاستەقینە. هەرگیز نەبووە و نابێ، مرۆڤ بڵێ با ژێردەستەی بێگانەش بم کێشە نییە، گرنگ ئەوەیە من ئازاد بم و کێشەم لەگەڵ ژێردەستەیی نییە و داگیرکەرم لا پەسەندە.

 

هەڵەیەکی زۆر گەورەیە ئێستا پاش 30 ساڵ بە لێکدانەوەی ئەمڕۆ و لەژێر گوشاری قەیرانی دارایی، تەشەنەکردنی گەندەڵی، هەڵکشانی ڕەوتی خۆبەدەستەوەدان و ئیسلامی سیاسیدا، بێین و پەنجەی پەشیمانی (لە ڕاپەڕین و شۆڕش) بگەزین و ئاو بکەینە ئاشی داگیرکەرەوە کە ئەمجارەیان بە ڕووخسارێکی تائیفی و بە ڤێرژنێکی ئایینییەوە لە هەوڵی نائومێدکردنی خەڵک و ملپێکەچکردنی لایەنە سیاسییەکانی کوردستانە.

 

نووسینی: د. بەهات حەسیب قەرەداغی

شەیری بکە لە: