ئیدارەی بایدن پاڵپشتی لە هەرێمی کوردستانی 'خۆڕاگر' دەکات

ئاندرو پاراسیلیتی

ئاندرو پاراسیلیتی

نووسەر لە ئەلمۆنیتۆر

ئاندرو پاراسیلیتی، نووسەر لە ئەلمۆنیتۆر: سەردانەکەی سەرۆکوەزیران بارزانی بۆ ئەمریکا پەیامێکە بۆ بەغدا و ئێران

ئاندرو پاراسیلیتی، نووسەر لە ئەلمۆنیتۆر: سەردانەکەی سەرۆکوەزیران بارزانی بۆ ئەمریکا پەیامێکە بۆ بەغدا و ئێران

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان، دوای کۆبوونەوەی ڕۆژی دووشەممەی لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، گوتی ئەمریکا پاڵپشتی لە "کوردستانی خۆڕاگر" دەکات وەک "بەردێکی بناغەی پەیوەندییەکی دینامیکیی بنکە فراوان کە ئەمریکا لەگەڵ عێراقدا هەیەتی". "بەردی بناغە" و "خۆڕاگر" دەستەواژەی باوی دیپلۆماسی نین. لێرەوە ئەوان ئاماژەیەک دەنێرن کە واشنتن پشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگرێت و بەم پێیەش عێراق ڕادەستی ئێران ناکات. 

 

پڕۆسەی دووبارە ڕێکخستنەوە درێژەی کێشا. لەوەتەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، کە هاوپەیمانێتییەکی سیاسییە و حیزبەکانی سەر بە ئێران هەژموونیان بەسەریدا هەیە، لە ئۆکتۆبەری 2022 دەسەڵاتی گرتەدەست، ئەمریکا وردە وردە عێراقی لە بەرامبەر دەستڕۆیشتوویی ئێران لەدەست دا. کێبڕکێی ئەمریکی-ئێرانی بۆ کاریگەریدانان لە ئێران بەردەوام بووە، بەڵام وا دەردەکەوێت ئێران گەشتبێتە لێوارەکەی. لە ماوەی 18 مانگی ڕابردوودا، میلیشیا و حیزبە هاوپەیمانەکانی ئێران، ئەوانەی کە داوا دەکەن هێزەکانی ئەمریکا عێراق بەجێبهێڵن، بە نزیکەیی دەستیان بەسەر تەواوی دامەزراوە ئەمنییەکانی وڵاتدا گرتووە. 

 

پلانی ئێران بۆ کەمکردنەوەی قورسایی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سیستەمی فیدراڵییە کە لە دەستووری عێراقەوە سەرچاوەی گرتووە. دادگەی فیدراڵیی عێراق بووەتە یەکێک لە کاریگەرترین ئامرازەکانی تاران لەم ستراتیژییەدا، بەو بڕیارانەی دەریکردووە دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بەسەر کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی وزە و پێدانی مووچەی فەرمانبەرانیدا کەمکردووتەوە.

 

ئیدارەی بایدن لە پاییزەوە کاری لەسەر ئەم سەردانەی بارزانی کردووە، بەڵام لە مانگی یەکی ئەمساڵەوە پێویستیی سەردانەکە زیاتر بوو. ئێران هەوڵیداوە بابەتی شەڕی ئیسرائیل و حەماسدا ڕای گشتیی عێراقی بۆ لای خۆی ڕابکێشێت بەمەبەستی گوشارخستنە سەر هێزەکانی ئەمریکا تاوەکو لە عێراق بکشێنەوە و لە هەمانکاتیشدا گوشارەکان لەسەر هەرێمی کوردستان زیاد بکات. لەگەڵ ئەوەشدا، ئێران لەوەش زیاتر ڕۆشت و مەترسییەکانی لەسەر ئەمریکا لە عێراقدا زیاتر کرد. 

 

لە 15ـی 01ـی ئەمساڵ، هێرشێکی موشەکیی سوپای پاسدارانی ئێران، کە بانگەشەیان کرد کەسانی سەر بە ئیسرائیلیان کردووەتە ئامانج، لانیکەم چوار کوردی سیڤیلی کوشت. دوانزە ڕۆژ دواتر، هێرشێکی درۆنی، کە گوترا لە لایەن کەتائیبی حیزبوڵڵاوە بووە، کە یەکێکە لە میلیشیا عێراقییەکانی سەر بە ئێران، لە بنکەیەکی ئەمریکا لە سەر سنووری ئوردون و سووریا، سێ سەربازی ئەمریکی کوشت و 30 دیکەشی بریندار کرد. 

 

بارزانی (سەرۆکوەزیران بارزانی) کە ئیدارەی بایدنی لە هەڕەشەکانی ئێران ئاگادار کردبوویەوە، لەگەڵ بلینکن و جەیک سولیڤان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی، کۆبووەوە. یەکەم کۆبوونەوەی لەگەڵ هەردووکیان لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا، لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە داڤۆس بوو، کەمتر لە 24 کاتژمێر دوای هێرشە مووشەکییەکەی 15ـی مانگی یەک بوو.  

 

سەردانی ئەم هەفتەیەی بارزانی، لە پێشهاتێکی پڕۆتۆکۆلیی ناباودا، پێش سەردانی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی بوو، کە بڕیارە مانگی نیسان سەردانەکەی ئەنجام بدات. سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان فەرشی سووری بۆ ڕاخرا، لەم چوارچێوەیەشدا چاوپێکەوتنی لەگەڵ بلینکن، سۆلیڤان، برێت مەکگۆرگ-ـی ڕێکخەری کۆشکی سپی، ئامۆس هۆخشتاین-ـی نێردەی وزەی ئەمریکا، ساشا بەیکەر-ـی جێگری وەزیری بەرگریی بەوەکالەت، ئەندامانی کۆنگرێس و کۆمەڵی بازرگانانی ئەمریکا بۆ ڕێکخرا. 

 

کاتێک مانگی داهاتوو سوودانی دێت بۆ واشنتۆن دی سی، لەژێر ڕۆشنایی تێکشکاندنی داعش لە 2019دا، گفتوگۆی پەیوەندیی ئاسایشیی هەموارکراوی ئەمریکی - عێراقی دەکات. هێزەکانی هاوپەیمانیی تێکشکاندنی داعش بە ڕێبەرایەتیی ئەمریکا، لە ناویشیاندا 2500 سەربازی ئەمریکی، لە 2014ەوە لە عێراقن؛ ئەمەش لەسەر بانگهێشتی حکومەتی عێراق بۆ جەنگان لە دژی داعش.

 

لە ئاستێک، دووبارە داڕشتنەوەکە واتادارە، چونکە لانیکەم ئێستا هەڕەشەی داعش کەمبووەتەوە. ئێستا هێزی ڕاستەقینەی پشت باسەکانی تایبەت بە هێزەکانی ئەمریکا، ئێرانە لەگەڵ هاوپەیمانە سیاسییەکانی لە بەغدا کە دەیانەوێت هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بچنەدەرەوە. سوودانی هەوڵدەدات لە ڕێگەی دیاریکردنی چوارچێوەیەک بۆ گفتوگۆکانی دووبارە داڕشتنەوەی ئەرکی هێزەکان، واشنتن و تاران پێکەوە گرێبدات. 

 

لەکاتێکدا کە ئیدارەی بایدن نایەوێت لە بایەخی سوودانی کەم بکاتەوە، بە مقۆمقۆی گفتوگۆکانەوە سەرقاڵی دەکات. واشنتن حەزی لە باسکردنی کشانەوە نییە، لەگەڵ ئەوەشدا چوارچێوەیەکی بۆ داناوە، بە تایبەت ئێستا، چونکە بەدوای ئەوەیە کە بەهێزتر بەرپەرچی پڕۆکسییەکانی ئێران لە هەموو ناوچەکە بداتەوە.

 

ئەم هەفتەیە بلینکن دەستی ئەمریکای بەهێزتر کرد، ئەوەش بە ئاماژەدان بە بەشداریی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆ سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و عێراق. جەختی گفتوگۆکانی ئەم هەفتەیەی ئەمریکا لەگەڵ بارزانی، لە پێنتاگۆن و شوێنانی دیکە، لەسەر ئەوە بوو کە ئەمریکا چی دیکەی پێدەکرێت، لە ناویشیدا بابەتی بەرگریی ئاسمانی کە لە کۆتاییدا پێویستە لەلایەن بەغداوە پەسەند بکرێت. ئێستا ئەمە دەبێتە بابەتێکی سەر مێزی گفتۆگۆ لە مانگی داهاتوودا. تەنیا گفتوگۆکردن سەبارەت بە سیستمێکی لەمشێوەیە پەیامێک بۆ دراوسێ ڕۆژهەڵاتییەکەی عێراق دەنێرێت. 

 

کورد ئامادەیی سەربازیی زیاتری ئەمریکای دەوێت، نەک کەمتر؛ ئەوەش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکان لەسەر هەرێمی کوردستان. وا دیارە واشنتن و هەولێر سەبارەت بەوەی کە چی پێویستە، هاوڕان. سوودانی هەوڵ دەدات لەنێوان واشنتن و تاراندا هاوبەشییەک بدۆزێتەوە کە تاوەکو ئێستا نەبووە.

 

بارزانی بە مۆنیتۆری گوت: "هەرێمی کوردستان و ئیدارەی بایدن سەبارەت بە هەڕەشە ئەمنییەکانی عێراق و ناوچەکە نیگەرانیی هاوبەشیان هەیە. ئەمە لە هەموو گفتوگۆکانی ئەم هەفتەیەماندا زۆر ڕوون بوو". گوتیشی "ئێمە هەمیشە پێزانینمان بۆ هاوبەشیمان لەگەڵ ئەمریکا هەبووە. لەکاتێکدا لەوانەیە هەندێک لایەن بیانەوێت هێزەکانی ئەمریکا عێراق بەجێبهێڵن، هەمیشە لە هەرێمی کوردستان بەخێرهاتنیان لێدەکرێت".

 

لەگەڵ سەردانەکەی بارزانیدا، ئەمریکا سیاسەتی خۆی تایبەت بە عێراق بەرەو هەڵوێستێکی بەرپەرچدانەوەی فراوانتر لە بەرامبەر ئێران گۆڕی. ئیدارەی بایدن لەوە خۆش نابێت کە هێزە هاوپەیمانەکانی ئێران لە عێراق سەربازانی ئەمریکی بکوژن. وەک ئەوەی حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە مانگی یەک بە ئەلمۆنیتۆری گوت، ئەمریکا و ئێران سەبارەت بە کەمکردنەوەی گرژییەکان پەیام ئاڵوگۆڕ دەکەن. وا دیارە ئێران لە دوای 28ـی 01ـی ئەمساڵ پەیامێکی پێگەیشتووە، بەڵام پێویستیی بە وەڵامدانەوەی دیپلۆماسی هەیە. بایدن بە جەختکردنەوە لە ڕۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆ ئەمنییەکانی نێوان ئەمریکا و عێراقدا، پەیامەکەی خۆی بۆ ئێران بەهێزتر دەکات بەوەی کە ئەمریکا لە عێراق دوور ناکەوێتەوە. 

 

بلینکن بەوەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە "بەردی بناغە"ـی سیاسەتی عێراقی ئیدارەی ئەمریکا ناودەبات، پاڵپشتیی لە داهاتووی دەکات. جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، وەک سیناتۆر و دواتریش وەک جێگری سەرۆک، هەمیشە لایەنگرێکی بەردەوامی سەربەخۆیی کورد بووە لە چوارچێوەی عێراقێکی فیدراڵدا. سیستەمە فیدراڵییەکە لەلایەن ئەو هێزە عێراقییانەوە کە ئێران پاڵپشتییان دەکات، گەمارۆ دراوە. دامەزراوە و ئاژانسەکانی حکومەتی عێراقی بە زۆری کەوتوونەتە بەردەم هەڕەشەی ئێران، بەڵام هیچکات زۆر درەنگ نییە. حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها سیستەمی فیدراڵیی عێراق، جێگەی نیگەرانیی ئێرانە؛ ئەوەش لەبەر یەک هۆکاری باش: هەڕەشەیە لە سەر دەستڕۆیشتووییەکانی ئێران.

 

بایدن بەهۆی گەشتەکەی ڕۆژی پێنجشەممەی بۆ سنووری ئەمریکا-مەکسیک نەیتوانی بارزانی ببینێت، بەڵام سۆلیڤان پاڵپشتی ئیدارەکەی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕوون کردەوە. ئەو پاڵپشتیی ئەمریکای بۆ "ئاسایشی هەرێمی کوردستان" لەبەر ڕۆشنایی هێرشەکانی ئێران و هەروەها بۆ "هەرێمی کوردستانێکی بەهێز و لەڕووی ئابوورییەوە سەرکەوتوو وەک ئەوەی لە دەستووری عێراقدا هاتووە" دووپات کردەوە.


 
پارتەکەی بارزانی، پارتی دیموکراتی کوردستان، کە سێیەم گەورەترین بلۆکی ناو پەرلەمانی عێراقە، یەکێکە لە ئەندامەکانی هاوپەیمانێتیی ئیدارەی دەوڵەت. ئەو و سوودانی لە پەیوەندییەکی نزیک و بەردەوامدان، ئەوان هەر زوو پێکەوە هێرشە مووشەکییەکەی 15ـی مانگی 01ـی ئەمساڵی سەر کوردستانی عێراقیان سەرکۆنە کرد. 

 

سەردانەکەی ئەم هەفتەیەی بارزانی هێز دەبەخشێتە هاوئاهەنگییە ئەمنییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران، ئەگەر سوودانی ویستی ئەو کارتە بەکار ببات. ئەو، بۆ نموونە، دەتوانێت بژاردەی بەرگریی ئاسمانیی بۆ کوردستانی عێراق هەڵبگرێت.

قسەی کۆتایی ئەمەیە کە ئیدارەی بایدن پێگەی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لە ستراتیژی عێراقدا بەرزکردووەتەوە و پێویستە بەغدا و تاران ئەمە بزانن. 

 

ئاندرو پاراسیلیتی، نووسەر لە ئەلمۆنیتۆر - وەرگێڕان: هۆشەنگ دارا

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: