16ـی ئۆکتۆبەر؛ خیانەت لە خواستی کوردستانیان بۆ سەربەخۆیی

16ـی ئۆکتۆبەر؛ خیانەت لە خواستی کوردستانیان بۆ سەربەخۆیی

گرافیک: پەیڕەو سەڵاح - ئاڤا نیوز

ئاڤا نیوز

 

ڕێکەوتی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017 یەکێکە لە ساتە هەرە تاریک و شوومەکان لە ڕۆژژمێری مێژووی نوێی کورددا،  ئەم ڕووداوە هاوکاتە لەگەڵ خاڵی وەرچەرخان بۆ خواستەکانی کورد بۆ سەربەخۆیی، ناکرێت ئەوە لە بیربکەین خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017 دوا بە دوای چرکەساتێکی گرنگ لە قۆناغی بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کورد ڕوودەدات. 

 

کاتێک گەلی کورد بە ڕێبەرایەتی سەرۆک بارزانی، ڕیفراندۆمی 25ـی ئەیلوولی 2017ـی بۆ سەربەخۆیی کوردستان کرد. لە 93%ـی کوردستانیان دەنگیان بە جیابوونەوە لە عێراق دا، گەلی کوردستان گەشبین بوون بەوەی کە لە کۆتاییدا گەیشتوونەتە  خەونی لەمێژینەی خۆیان بۆ دەوڵەتێکی سەربەخۆ.


هەرچەندە ڕیفراندۆم ناڕەزایی بەرفراوانی عێراق و وڵاتانی دراوسێی وەکو ئێران و تورکیا و تەنانەت زلهێزەکانی ڕۆژئاوای لێکەوتەوە، بەڵام ئیرادەی کورد خۆنەچمێنانە، بانگی ئازادی دا و سوور بوو لەسەر سەربەخۆیی کوردستان. 


سەرەڕای هەموو فشارەکان لەسەر گەلی کورد ئەوەی لەبەردەم سەربەخۆیی کوردستانی بووە لەمپەڕ هێزی دەرەکی نەبوو، بەڵکو لە ناوخۆدا، خیانەتی لایەنێک، دیمەنی یەکگرتوویی و تەبایی سیاستی کوردی تێکشکاند.


لە بەرەبەیانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017  هێزە عێراقییەکان و میلیشاکانی حەشدی شەعبی پەلاماری کودستانیان دا و شاری کەرکووکیان داگیر کرد، بەبێ ئەوەی ڕووبەڕووی بەرهەڵستکاریێکی بەرچاو ببنەوە لەلایەن بەشێک لە هێزەکانی پێشمەرگەی سەر بە یەکێتی.

 

ئەمە بەلای کوردەوە ئاسایی نەبوو، بەڵکو وەک خیانەتێک لێیان دەڕوانی کە لەلایەن یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە کرابوو، کە دواتر ئاشکرا بوو بەتایبەتی (بافڵ تاڵەبانی) ڕێکەوتنێکی نهێنی لەگەڵ حکومەتی عێراق وح ەشدی شەعبی کردووە بۆ ئەوەی  پێشمەرگەی یەکێتی  بەبێ شەڕ بکشێنەوە.

 

ئەم ڕێککەوتنە کە  بە نێوەندگیری سوپای پاسدارانی ئێران کراوە، بە سەرۆکایەتیی پافڵ تاڵەبانی و واژۆی 38 ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی، کەرکووک و ناوچە کوردستانییە جێناکۆکەکان ڕادەستکران و فرۆشران بە داگیرکەران. 


ئەمە تەنیا خیانەت نەبوو لە پارتی و  حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵکو خیانەت بوو لە خواستی گەلی کورد بۆ بوون بە دەوڵەت، کە بەهۆی ئەو خیانەتەوە هێزە عێراقییەکان بەخێرایی دەستیان بەسەر کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکانی دیکەدا گرت و گورزێکی گەورەیان لە بزووتنەوەی سەربەخۆیی کورد دا.


ئەنجامەکانی خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەر قووڵ بوون، لەدەستدانی کەرکووک کە بۆ گەلی کوردستان دڵی نیشتمانە، شکستێکی گەورە بوو. 

 

هەستی خیانەت لەوە زیاتر بوو کە پێشتر هێزە کوردییەکان بە یەکڕیزییەوە دژی داعش شەڕیان کردبوو و سەرکەوتووانە بەرگرییان لە نیشتمانەکەیان کرد و ئەوگرووپە تیرۆریستییەی لە  ناوچەکەدا تێکشکاند، پێشمەرگە بووە هێزێکی ناسراوی نێودەوڵەتی کە ستایشی ئازایەتی و خۆڕاگرییان دەکرد.


بە خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەر وێنەی بەرەی یەکگرتوویی کوردی تێکشکا و ئەو یەکڕیزییەی کە بەردی بناغەی بزووتنەوەی سەربەخۆیی بوو زۆر لاواز بوو. تەعریبکردنی ناوچە کوردییەکان بە تایبەتی لە ناوچە جێناکۆکەکان لە دوای 16ـی ئۆکتۆبەر زیاتر بوو. گوندە کوردییەکان ڕووبەڕووی هەڕەشەی میلیشیا عەرەبەکان بوونەوە و زەوییە کشتوکاڵییە کوردییەکان سووتێنران و هەزاران کورد ئاوارە بوون. حکومەتی عێراقی کە جەختی لەسەر دووبارە کۆنترۆڵکردنەوەی ئەو ناوچانە کردووە، هیچ کارێکی نەکرد بۆ بەرگرتن لەم کارە دەستدرێژییانە و بێبەشکردنی زیاتری دانیشتووانی کورد.


لە کاتێکدا 16ـی ئۆکتۆبەری 2017 ڕۆژێکی ڕەش بوو بۆ کورد، بەڵام سەرەتای واقیعێکی سیاسیی نوێ بوو لە هەرێمی کوردستاندا.


پارتی دیموکراتی کوردستان کە وەک پاڵەوانی ڕیفراندۆم مایەوە و هەوڵی دا پێگەی سیاسیی کورد لە ڕێگەی پتەوکردنی هەولێر و دهۆک بوونیاد بنێتەوە، یەکێتیش سنووری سلێمانی کردە شوێنی کۆبوونەوەی میلیشیا عێراقییەکان و جێبەجێکردنی ئەجێندای غەیرە کوردستانی.


لە ساڵانی پاش خیانەتەکەدا، بەغدا سیاسەتی فاشیستانەی بەرامبەر کورد گرتەبەر، لەوانەش بڕینی قووتی هاووڵاتیانی  هەرێمی کوردستان، هەروەها ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و فشاری زیاتر لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی دادگای فیدراڵییەوە، لەوکاتەوە تاوەکو ئێستا یەکێتی بە سەرکردایەتیی بافڵ تاڵەبانی لە هەوڵی ڕووخاندنی قەوارەی هەرێمی کوردستانە.

 

ئەمڕۆ کە ئەم وشانەی تێدا دەنووسم یادی ڕۆژێکی شوومە، کە مێژوو خۆی تێدا دووبارە کردووەتەوە و یەکێتی خیانەتێکی دیکەی لەشاری کەرکووک کردووە، لە ڕێکەوتنێکی ژێر بە ژێردا، هەموو پۆستە گرنگەکانی کوردی، پێشکەشی عەرەبە شۆڤینییەکان کردووە.

شەیری بکە لە: