بۆچی‌ نابێت هه‌وڵ بده‌ین به‌خته‌وه‌ر بین؟

بۆچی‌ نابێت هه‌وڵ بده‌ین به‌خته‌وه‌ر بین؟

کێ هەیە نەیەوێت به‌خته‌وه‌ر بێت؟ بە لەبەرچاوگرتنی هەموو لایەنەکان، ڕەنگە بیر بکەیتەوە کە بەختەوەری گرنگترە لە هەر بابەتێک، هۆکاری هەر کارێکە کە دەیکەین. ئەم بیرۆکەیە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی کۆن. بەگوتەی ئەرستۆ، فەیلەسووفی ناوداری یۆنانی، هەرچییەک لە ژیاندا بەدوایدا دەگەڕێین "ناوبانگی باش، چێژ، دانایی و چاکە" لەپێناو بەختەوەری هەڵی دەبژێرین، چونکە بەختەوەری "ئامانجی کردارە". لە دەوری ئەم ئامانجە هەمەلایەنە، پیشەسازییەکی چەند ملیار دۆلاریمان دروست کردووە: یارمه‌تیدانی خۆ.

هەڵبەتە هەندێک ڕەخنەیان لە قسەكه‌ی ئەرستۆ گرتووە. فریدریش نیچە، فەیلەسووفی ئەڵمانی، بە تانەوە دەڵێت: "مرۆڤ بۆ بەختەوەری هەوڵ نادات، تەنها ئینگلیزەکان وادەکەن". ئەو سوودخوازانێکی وەک جێرمی بێنتام و جۆن ستیوارت میل سەرزەنشت دەکات کە ئامانجی ئەخلاقی له‌  بەدەستهێنانی زۆرترین بەختەوەری بۆ هەموان ده‌بینن. گاڵتەجاڕی ڕووداوەکە لێرەدایە کە میلیش لەبارەی گەڕان بەدوای بەختەوەریدا دووچاری گومان ببووه‌وه‌. ئەو تێگەیشت کە تینی دەستەبەرکردنی دڵخۆشی، ڕێگرە لە بەدەستهێنانی ڕەزامەندی.

میل بەشێوەیەکی ئەزموونی و ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی ئەم دژایەتییە بووەوە. ئەم فەیلەسووفە کە لە قوتابخانەی ماڵەوەی باوکیدا، بە ئیلهام لە بێنسام، پەروەردە کرابوو، لە تەمەنی 20 ساڵیدا لە خۆی پرسی: "ئایا من بەختەوەرم؟" تووشی داڕووخانی دەروونی بوو. ساڵانێک دواتر، میل لە ژیاننامەی خۆیدا شیکاری بۆ قەیرانە ڕۆحییەکەی کرد. ئەو لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە کێشەکە ئەوەیە كاتێك به‌خته‌وه‌ریت وه‌ك ئامانجی سه‌ره‌كی دیاری كرد، ناتوانیت پێی بگه‌یت. میل دەنووسێت: "تەنها ئەوانە بەختەوەرن کە بیریان بۆ شتێکی دیكه‌یه‌ جگە لە بەختەوەری. بۆ بەختەوەری کەسانی دیکە، بۆ باشترکردنی دۆخی مرۆڤایەتی، تەنانەت بۆ هەندێک هونەر یان چالاکی، نەک وەک ئامراز، بەڵکو وەک ئامانجێکی ئایدیاڵ. بەمشێوەیە، ئەوان بە ئامانجی دەستەبەرکردنی شتێکی دیکە، بەختەوەری دەدۆزنەوە".

بەڵگەهێنانەوەکەی سادەیە. کاتێک كه‌ دەبینین خواستەکانمان جێبەجێ دەبن، یان کاتێک ئەو شتانەی گرنگییان پێدەدەین به‌ده‌ستدێن، دڵخۆش دەبین. بەڵام بۆ بەختەوەربوون دەبێت جگە لە ئارەزووی بەختەوەری، ئارەزووی دیکەشمان هەبێت و گرنگی بە شتانێک جگە لە خۆمان بدەین. کاتێک گرنگی بە شتێک دەدەین، تەنیا له‌پێناو ئه‌وه‌دا نییە کە بۆ بەرژەوەندی خۆمان سوودی لێوەربگرین. گەشەپێدانی ئه‌م خه‌سڵه‌ته‌  بۆ خۆدی خۆمان گرنگه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی دڵخۆشمان دەکات.

پێموایە میل لەمبارەیەوە ڕاستی دەگوت. ئەگەر ئامانجی کۆتایی ئێمە هەمیشە بەختەوەری خۆمان بێت و هەر شتێکی دیکە ئامرازێک بێت بۆ دەستەبەرکردنی ئەوە، لەم حاڵەتەدا هیچ شتێک دڵخۆشمان ناکات. بەختەوەری، کاتێک پێی دەگەین، كه‌ له‌ بنەڕەتدا ئامانجێكی لاوەکی بێت. بەڵام بەڵگەهێنانەوەکەی بە ڕادەی پێویست گشتگیر نییە. میل هەرگیز "لەو تێڕوانینه‌ی كه‌  بەختەوەری به‌ پێوەری هەموو ڕێساکانی ڕەفتار و ئامانجەکانی ژیان داده‌نێت، دووچاری گومان نەبوو". ئەو تەنها بەڵگەی دەهێنایەوە کە ئەمە نابێت "ئامانجی ڕاستەوخۆ" بێت، ئەوەی کە گەڕان بەدوای بەختەوەریدا دەبێت فرەڕەهەند و فره‌وان بێت. بەڵام ڕاستییەکە زۆر تاڵ و تووندە: بەختەوەری له‌ خودی خۆیدا خوایەکی درۆینەیه‌.

بەختەوەری جۆرێک له‌ دۆخ، هەست و بارودۆخێکی زەینییە. دەتوانیت لەکاتێکدا کە ژیانت لەسەر فێڵ و تەڵەکە بنیاتنراوە، دڵخۆش بیت. بیر لە سەرچاوەکانی بەختەوەری لە بەڵگەهێنانەوەی میلدا بکەوە: کاتێک دەبینین کە خواستەکانمان جێبەجێ دەبن، یان کاتێک ئەو شتانەی گرنگییان پێدەدەین به‌ده‌ست دێن، دڵخۆش دەبین. لە ڕاستیدا، کاتێک دڵخۆشین کە باوەڕمان وابێت خواستەکانمان جێبەجێ بوون و ئەوەی بۆمان گرنگە باش دەڕواته‌ پێش. بۆ دۆخی زەینی ئێمە جیاوازی نییە کە ئەم باوەڕانە دروستن یان هەڵە. بەڵام بۆ بنەڕەتی ژیانمان گرنگە.

فەیلەسووفە هاوچەرخەکان بەڵگەیان هێناوەتەوە کە ژیانی لاسایی کراوە لەوانەیە باشتر بێت لەوەی کە پێدەچێت. بەڵام ئەم بەڵگەهێنانەوەیە لەسەر نکۆڵیکردن لە فریودەرانەبوونی لاساییکردنەوەی تەواوە: لاساییکردنەوە ڕاستی تایبەتی خۆی دروست دەکات، هەمان ئەو ڕاستییە دەستکردەی کە تاکەکان ئەزموونی دەکەن و لەوانەیە چێژی لێوەربگرن. جیا لە دروستی و هەڵەی ئەم بۆچوونەی فەیلەسووفە هاوچەرخەکان، بەڵگەهێنانەوەکەیان دان بەوەدا دەنێت کە کلیلی ژیانی باش، پەیوەندیه‌ لەگەڵ واقیع، کەواتە، باش ژیان لەگەڵ هەستی دڵخۆشی و بەختەوەریدا یەکسان نییە. بۆ تێگەیشتن لەم بابەتە پێویستمان بە چیرۆکێکی زانستی - خەیاڵی نییە. ئەم دژایەتییە کاتێک دەردەکەوێت کە فریوی ئەوانە دەخۆین کە خۆشمان دەوێن: لەوانەیە دڵخۆش بین، بەڵام ژیان باش ناڕواته‌ پێش. ئەم بابەتە لە ئازار و ئەشکەنجەی سه‌رچاوه‌گرتوو لە خەم، کە لەگەڵ خۆشەویستیدا گرێدراوە، تەواو ڕوونە. ئەم خەمە لەوانەیە ئازاربەخش بێت، بەڵام ڕاستەقینە و بەرجەستەیە. ئەمە شتێک نییە کە بەبێ ئەوە بەناچاری بتوانین باشتر بژین.

 کەواتە ئامانجی ئێمە، تەنانەت بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆش، نابێت بەختەوەری بێت، بەڵکو دەبێت هەوڵ بدەین تا ئەو جێگایەی دەتوانین باش بژین. ئەمە بەو مانایە نییە کە دەبێت هەوڵ بدەین ناڕازی بین یان سەبارەت بە بەختەوەری بێ هەڵوێست بمێنینەوە، بەڵام ژیان شتێکی زیاترە لە هەستی بەختەوەری. باش ژیان واتە ژیان لە دونیای ڕاستەقینەدا، کارلێک لەگەڵ ئەو کەسانەی خۆشمان دەوێن و ئەنجامدانی چالاکی بەنرخ، تەنانەت ئەگەر ببێتە هۆی ئازار و ڕەنج. کاتێک ئەم کارانە دەکەین، ڕێگایەکی ناڕاستەوخۆ بەرەو ئەوەی کە بەڕاستی گرنگە ده‌گرینه‌ به‌ر، بەختەوەری خۆمان  ڕه‌چاو ناكه‌ین، بەڵکو بەرانبەر بەوەی گرنگە، کاردانەوەیەکی گونجاو پیشان دەدەین.

سەرەڕای ئەو وتەیەی کە له‌ ده‌سtپێكدا ئاماژه‌م پێكرد، ئەرستۆش بۆچوونێکی لەم چەشنەی هەبوو. ئەوه‌ی لە نووسینه‌كانی ئەرستۆدا بە بەختەوەری وەرگێڕدراوە، وشەی یۆنانی eudaimonia یە. وەرگێڕانێکی وردتر دەتوانێت "ژیانی ئایدیاڵ" بێت. بەپێچەوانەی ئەوانەی کە ئامانجی بەختەوەری بە زۆر سنووردار و کەمکراوە دەزانن و بە ڕەزامەندی زەینی ڕووت یەکسانی دەکەن، ئامانجی ئەرستۆ لە بەختەوەری شتێکی بەرزتره‌. باشترینەکان زۆربەی جار دوورن لە دەستڕاگەیشتن و هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانیان تەنیا دەبێتە هۆی ڕەنجاندن. چاو بڕینە ژیانی ئایدیاڵ، هەڵەیەکە کە ئەوانەی ئامانجیان بەختەوەرییە دەیکەن. ئەوان لەبیریان دەچێت کە دەبێت لەو دنیایەدا بژین کە "هەیە"، نەک لەو دنیایەی کە دڵمان دەیەوێت "هەبێت".

کەواتە دەبێت هەوڵ بۆ چی بدەین؟ نەك بۆ بەختەوەری یان ژیانی ئایدیاڵ، بەڵکو بۆ دۆزینەوەی مانایەک لە دوونیادا، تاوەکو لە زیندووبوونی خۆمان دڵخۆش بین،  کاتێک ژیان سەخت دەبێت، بە باشی لەگەڵیدا هەڵ بکەین. گه‌یشتن به‌ كه‌ماڵ مه‌حاڵه‌، بەڵام ژیان دەتوانێت بە ڕادەیەکی ڕەزامەند باش بێت.  ژیانی خۆشمان بە تەنیا بەس نییە: دروستکردنی ژیانێکی باش بۆ خۆمان و هەڵسوکەوت لەگەڵ کەسانی تر بەشێوەیەکی شایستە. هەروەک میل نیشانی دا، یەکەم هەنگاوه‌ لەپێناو یارمه‌تیدانی خۆ دا، هەنگاوێکە کە لە خۆمان زیاتر دەینێین.

 
وه‌رگێڕانی: ئارام ناسیح

سه‌رچاوه‌: ویبسایت اسو

 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: