لە دیداری سەرۆک بارزانیدا چیم بینی و چیم بیست؟

لە دیداری سەرۆک بارزانیدا چیم بینی و چیم بیست؟

د. بەهات حەسیب قەرەداخی نووسەر و ئەکادیمی و میدیاکار

ئاڤا نیوز

 


ڕۆژی 7ی ئەیلوول، لە هەولێری پایتەخت، هاوڕێ لەگەڵ دەیان نووسەر و هونەرمەندی ناسراوی کورددا بانگهێشتی کۆڕ و دیدارێکی تایبەتی بەڕێز سەرۆک بارزانی کرابووم. من کە نووسەر و ئەکادیمی و میدیاکارێکی کوردی ناحیزبی و بێلایەنم، لەم کورتە وتارەدا لە بەرامبەر هەموو ئەوەی لەو دیدارەدا لە زاری جەنابیانەوە بیستم و لە ڕووخساریاندا خوێندمەوە، شیکاریی خۆم تۆماردەکەم. تێگەیشتن و هەستی ڕاستگۆیانە و دوور لە مەرایی خۆم دەردەبڕم: 
 

یەکەم: سەرۆک بارزانی دوایین سیمبوولی  هەرە باڵای سەرکردایەتیی بزاڤی ڕزگاریخوازیی کوردە، کە بە تەندرووستییەکی نایابەوە لەناوماندا ژیان دەکات.  کەسێتییەک لە شاخەوە بۆ شار، لە چەکەوە بۆ قەڵەم، لە ئەشکەوت و بن تاشەبەردەوە بۆ دەوڵەتداری و حوکمڕانیی. ئەم زاتە کە لە تەمەنی 78 ساڵییدایە لە زۆربەی هەرە زۆری ئێمەی ئامادبووانی کۆڕ، گورجوگۆڵتر، ڕەنگوڕوو گەشتر، لێو بەخەندەتر ، یادگە و هزر و ئامادەگی و تەندروستیی زۆر پایەدارتر. لەناکاو گەیشتە ناو هۆڵ و بەبێ هاوکاریی گەنجەکانی دەوروبەری بە دوو سێ هەنگاوی چەسپیو چووە سەر ستەیج و ڕووی کردە میوانەکانی و بە هەردوو دەست سڵاوی لێ کردین. بە کۆنترۆڵێکی تەواوی زەین و زمانی ئاخاوتن و لە لووتکەی کارامەیی زمانی جەستەییدا، بە پابەندییەکی کەم وێنەوە بە میتۆد و کارنامەیەک کە دیاربوو پێشتر سەرەدێڕەکانی تۆمارکردبوون، یەک کاتژمێر و نیو بەبێ وچان و بەهێمنی، بەبێ هەڵچوون، بە زمانی شیرینی کوردی، گرنگترین و هەستیارترین پرسەکانی ڕۆژی شیکردەوە و بە ڕوونی و بێ پێچوپەنا، هەڵوێست و تێگەیشتنی خۆی ڕاشکاوانە ڕاگەیاند.

دووەم: بەحوکمی پسپۆڕیی وردم لە میدیا و پەیوەندی و تەکنیکەکانی پێشکەشکاریدا ، بەدرێژایی میواندارییەکە، بەبێ ئەوەی هیچ مەبەستێکی پێشوەختەم هەبوو بێت، وەک خوویەکی پیشەیی، زۆر بەوردیی سەرنجی زمانی ئاخاوتن و  زمانی جەستەی جەنابیانم دەدا. لەماوەی ئەو کاتژمێر و نیوەدا بۆ تەنیا ساتێک و بۆ تەنیا جارێکیش لەرزینێک، نەشاز و نۆیزێکم لە تۆنی دەنگی جەنابیاندا بەر گوێ نەکەوت. هەڵبەتە شارەزایانی بواری زمانی جەستە و دەنگ، تێدەگەن نەلەرزینی تۆنی دەنگ بەدرێژایی کاتژمێر و نیوێک ئاخاوتن لە تەمەنی 78 ساڵیدا نیشانە و بەڵگەی چ ئاستێکی باڵای توانستی کۆنترۆڵکردن و هارمۆنیەتی نێوان مێشک و دەنگەژێ و گەرووە! کە زۆرجاران لە تەمەنی لاوێتیشدا ئەو هارمۆنیەت و هەماهەنگی و کۆنترۆڵە لەدەست دەدەین.

سێیەم: زۆر بەوردی سەرنجی ڕیزبەندی و کرنۆنۆلۆژیی گێڕانەوەی ڕووداو و بەسەرهاتەکان و لۆژیکی پێکەوە گرێدانەوەی ئەو پرس و بابەتانەم دەدان کە جەنابی دەیخستنەڕوو، بۆ تەنیا جارێکیش دابڕانێکی نالۆژیکی و جەمپ و کەت و بازدانێکی نەخوازراوی بێ مەبەستم هەست پێنەکرد. لەکاتێکدا زۆربەی خەڵک بەم ڕۆژگارە کێشەیان لەگەڵ دەوروبەریاندا لە دیاردەی (ڕەبتی نییە)دا  کۆ دەبێتەوە! ڕۆژانە ئێمە لەنێوان خۆماندا قسە بۆ یەکدی دەکەین و پاش پێنج خولەک قسەو باسەکانمان ( ڕەبتیان نامێنێ !) واتا هیچی بەسەر هیچەوە نامێنێ ! بەبێ پاساو لە بابەتێکەوە باز دەدەین بۆ ئەوی دی، لەناکاو پەتکی بیرکردنەوەمان دەپسێ و کاتێ ئاوڕدەدەینەوە ئێمەو باسەکەمان لە دۆڵێکین و بەرامبەرەکەمان و خواست و چاوەڕوانییەکانی ئەویش لە دۆڵێکی ترن! بەکوردی و بە کورتی زۆربەمان لەکاتی ئاخاوتندا،لەبێ ئاگاییەوە دادەبڕێین و نووچ دەدەین و توانا و لۆژیکی پێکەوە گرێدانەوەمان کز و لاواز دەبن، ئەوەش چ بەهۆکاری تەمەن یان خۆنەسازانی پێشوەختەوە، یان بەهۆی لاوازیی کارامەیی پەیوەندیمانەوە، یاخود بەهۆکاری ئاڵۆزی و جەنجاڵیی مێشک و دڵمانەوە بە بیرۆکە و  کێشەی هەمەجۆر.


چوارەم: بێ دابڕان و بەدرێژایی ئەو کاتژمێر و نیوە چاودێرییەکی وردی ڕووخسار و تۆنی دەنگ و جووڵەی دەستوپەنجەیم کرد بۆ دیاریکردنی ڕێژەی هەڵکشان و داکشانی کێرڤی باری دەروونیی جەنابیان. بەردەوام ئارام، ڕاستگۆ، ڕاشکاو، هێمن و بێ هەڵچوون و پێچوپەنا. بێ خۆدزینەوە یان تووڕەبوون و چاوسوورکردنەوە.  بۆ تەنیا ساتێکیش هەڵبەز و دابەزێکی ناپێویست و ناخۆڕسکم نە لە ڕووخسار و نە لە تۆنی دەنگ و دەربڕینیدا نەدی و نەبیست! ئەوە لە بارودۆخێکدا کە هەمووان دەزانین یەک دنیا بارگرژیی سیاسی و فشاری ئابووری، لە گشت لایەکەوە گەمارۆی هزر و ژیانی ڕۆژانەی پێشمەرگە و خانەوادەی شەهیدان و ڕێکخستنەکانی حیزب و میللەت و نیشتمانەکەیان داوە. شارەزایانی بواری پەیوەندی و دیسکۆرس ئەو ڕاستییە دەزانن کە کێرڤی باری دەروونی کەسی ئاخێوەر هەم لە زمانی  جەستەیدا و هەم لە تۆنی دەنگ و هەڵبژاردنی دەستەواژە و دەربڕین و جەختکردنە سەر دەنگێک یان پیتێک یان وشەیەکی دیاریکراودا ڕەنگ و دەنگ دەداتەوە ! زۆر جار مرۆڤ لە سەرەتای ئاخاوتنیدا هێمن و بە کەیف و زمان شیرینە، کەچی بە هۆکاری ئەوەی ئەو هێمنی و زمان شیرینییەی خۆڕسک و ڕاستگۆیانە نەبوون و دەستکرد و ساختە بوون، کتوپڕ هەموو دەمامکەکانی ڕوویان دادەماڵرێن و دیوە ڕاستەقینە شاردراوەکەی کەسێتی و باری دەروونیی ئاشکرادەبێت. هەندێ جار هەمووان دەگەینە دۆخێک کە چیدی ناتوانین لەوە زیاتر باری دەروونیی ئاڵۆز و شڵەژاوی خۆمان خەفەو کپ و بێ دەنگ و ڕەنگ بکەین، هێواش هێواش هەڵدەخلیسکێین بەرەو نادیار. ئیدی کاتێک بەهۆش دێینەوە خۆمان لە هەڵوێستێکی تەواو جیاوازدا دەبینینەوە، کە ڕۆژەڕێیەک لە دۆخی سەرەتای پەیوەندیگرتنەکەمانەوە دوورە. لەناکاو دادەبڕێین، لە تۆڕێکی ئاڵۆزی وشەو دەربڕینی تووندوتیژدا تێوەدەگلێین، خۆشمان نازانین چۆن و بۆچی گفتوگۆ و دایالۆگ گۆڕدرا بۆ(مشتومڕ) و جوێندان و یەکدی شکاندن و خۆگیڤکردنەوە و  هەڕەشەکردن؟!. کەچی سەرۆک زۆر بەهێمنی سەرۆکایەتیی ناخی خۆی کرد و نەکەوتە ناو تۆڕ و داوی هیچ بارگرژی و ئاخاوتنێکی تووند و زبرەوە !

پێنجەم: زۆربەمان یادەوەری و یادگەمان لاوازە و لەکاتی گێڕانەوەی ڕووداوێکدا، بە منجەمنجێک بەرامبەرەکەمان تێدەگەیێنین، کە دەبێ ببوورێت ناوی کەسەکە یان شوێنەکە یان ڕێکەوتەکە نایەتە سەر زمانمان و بەرامبەرەکەشمان کە دوور نییە هەمان کێشەی ئێمەی هەبێت، چاوپۆشیمان لێ دەکات و بە هەردوولامان تێیدەپەڕێنین! زۆربەمان گەنج چ بەساڵاچوو، هەریەک بەهۆکارێکی جیا توانای وەبیرهاتنەوەی ناوی خەڵک و شوێن و ڕێکەوت و بۆنەکانی ژیانی خۆمان و خێزانمان کز و لاوازە، یان لاواز دەبێت. لەم ڕوانگەیەشەوە بۆ تەنیا جارێک نەمبیست و نەمدیت جەنابیان پەکی بکەوێت لەسەر ناوی کەسێک، شێخێک، یارێک ، نەیارێک، خوێندەوارێک، پێشمەرگەیەک، دایکە شەهیدێک، هەستم نەکرد بۆ یەک چرکەش ئیستێک بکات بۆ وەبیرهاتنەوەی ناوی  گوندێک، شاخێک، ڕووبارێک ، ڕێکەوتی ساڵ و مانگ و ڕۆژ و وەرزی بۆنەو ڕووداێک ! نا نەخێر تەواو بە پێچەوانەوە بوو، دەتگووت هەر هەموو ئەو ناو و ڕێکەوت و ڕووداوانەی لەسەر شاشەیەک بۆ تۆمارکراوە و بە بەر چاوییەوە بە ڕیتمێکی ئارام دێن و دەچن !

بۆ یەکەم جارم بوو لە دووریی چەند مەترێکەوە سەرۆک ببینم و دواتریش چانسی دەستگوشین و چرکاندنی وێنەیەکم پێ بڕا لەگەڵ جەنابیاندا، بۆیە هەر یەکەمین جاریشم بوو لە ڕوانگەیەکی زانستییەوە نەک لە دیدێکی حیزبی و سیاسییەوە، هەموو ئەو سەرنجانەم لەسەر کەسێتیی کاریزماتیکی جەنابی سەرۆک بارزانی لەلا گەڵاڵە بوو. ئەوەش هانی دام بە شانازییەوە دوور لە هیچ مەرایی و پیاهەڵدان و ڕووپاماییەک ئەم وتارەم بنووسم و بە خۆم و بە ڕۆڵەکانی میللەتە ستەمدیدەکەم بڵێم: هاوڕێیان ! میللەتانی دراوسێمان لە (هیچ ) و لە (نەبوو) قارەمان و مێژوویان بۆ خۆیان هەڵبەست و دەستیان پێوەگرتن تا گەیشتن بە سەروەریی، کەچی ئێمەیەکی (هەبووی) زیندوو کە (نەبوو)نین و نەبووین، (مایەپووچ نین) هەموو مرۆڤایەتی شاهیدن کە مێژوویەکی سەدان ساڵەی بەرەنگاری و سەدان هەزار قوربانیمان هەیە، بە هەزاران سەربازی ون و سەدان قارەمان و دەیان ڕێنیشاندەر و سەرکردەی لێهاتوومان هەبووە و هەیە. ئێستاش سەرۆک بارزانیمان هەیە کە سیمبوولی تێکۆشانی کوردایەتییە و هەرچی مەرجەکانی کاریزماتیکە تێیدا دەنگ و ڕەنگی داوەتەوە، هەر بەو هۆکارەیشە کە یار و نەیاری دۆزی کورد هەزار و یەک حیسابی بۆ دەکەن. کەواتە با ئێمەش وەک میللەتانی دونیا فریای خۆمان بکەوین، بەجیاوازیی بیر و باوەڕ و ناوچەو چین و توێژمانەوە تووند دەست بەم سیمبوولەوە بگرین و لە پشتی بین تاوەکو هەمووان بە یەکجاری لەم پردی سیڕاتە دەپەڕێینەوە و دەگەین بە سەربەخۆیی و سەرفرازی.

شەیری بکە لە: