کامالا هاریس دەبێتە یەکەم خانمە سەرۆکی ئەمریکا؟

کامالا هاریس دەبێتە یەکەم خانمە سەرۆکی ئەمریکا؟

کامالا هاریس لە دایکێکی هیندی و باوکێکی جامایکی لە ساڵی 1964 لەدایک بووە

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و بەربژێری کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، لە پەیامێکی نووسراودا کشانەوەی خۆی لە کێبڕکێی سەرۆکایەتی ڕاگەیاند. بایدن لە پەیامەکەیدا پاڵپشتیی خۆی بۆ بەربژێربوونی کامالا هاریسی جێگری لەو کێبڕكێیەدا ڕاگەیاند، تا هاریس ببێتە ڕکابەری ترەمپ لە هەڵبژاردنی تشرینی دووەمی ئەمساڵ. لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی کۆنگرەی دیموکراتەکان لە مانگی داهاتوودا، ڕەنگە هاریس خۆی وەکو باشترین جێگرەوەی بایدن ببینێتەوە.

سەرەڕای ئەوەی زۆرجار هاریس وەکو کەسایەتییەکی دابەشکار لە سیاسەتی ئەمریکا دەبینرێت، بەڵام بەگوێرەی ڕاپرسییەکان زۆر باش هاتووەتە پێش؛ ئەوەش بۆ متمانەکردن بە خۆی و ڕادەربڕینە بەهێزەکانی لە دەرکەوتنەکانیدا دەگەڕێتەوە.

 

لە چەند مانگی ڕابردوودا هاریس بە گەشتکردن لە سەرتاسەری وڵاتدا سەرقاڵ بوو و لە چەندین بابەتی جۆراوجۆردا قسەی دەکرد، وەک: مافی منداڵخستنەوە، دەرفەتی ئابووری و خۆگونجاندنی کۆمەڵایەتی. هەروەها باسی لەوە دەکرد پێیوایە هەڵبژاردنی داهاتوو یەکێکە لە گرنگترین کێبڕکێکانی مێژووی نوێی ئەمریکا. لە دەرکەوتنێکی نافەرمی گەشبینانەدا لە نیو ئۆرلیانز لە پشووی هەفتەدا هەڵبژاردنی داهاتووی بە "گرنگترین هەڵبژاردن لە ژیانتدا" وەسف کرد، دەرکەوتنەکە بە "دیالۆگی سەر شانۆ" وەسف کرا. باسی ئەوەشی کرد دیموکراسی سەرناکەوێت ئەگەر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشوو جارێکی دیکە ببێتەوە بە سەرۆک.

 

کامالا هاریس بەهۆی کەسایەتییە مات و هەڵە زۆرەکانی لە گوتارەکانیدا ڕەخنەی زۆری ئاراستە کراوە، بەڵام بەدڵنیاییەوە بەرزبوونەوەی لایەنگرانی هیچ کات لە ئێستا گونجاوتر نەبووە. واتە لەوەتەی بەرپرسە باڵاکانی دیموکراتەکان و چەندین کەسایەتی دیکە داوایان لە بایدن کرد لە کێبڕکێی هەڵبژاردن بکشێتەوە، تاوەکو کشانەوەی بایدن و دەربڕینی پشتیوانیی بۆ هاریس، هیچ کات هاریس هێندەی ئێستا لەپێش نەبووە.

 

هاریس، تەمەن 59 ساڵ، کە ئێستا جێگری بایدنە، پێشتر سیناتۆر و داواکاری گشتیی ویلایەتی کالیفۆرنیا بوو، ئەگەر ببێتە بەربژێری حیزب و لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە تشرینی دووەمی ئەمساڵ سەربکەوێت، ئەوا دەبێتە یەکەم خانمە سەرۆکی ئەمریکا. پێشتریش هاریس یەکەم هاووڵاتیی ئەمریکی بە ڕەچەڵەک ئەفریقی بوو کە بووە جێگری سەرۆکی ئەمریکا.

 

تاوەکو ئێستا کارکردنی هاریس وەکو جێگری سەرۆک بۆچوونی جۆراوجۆری بەدوای خۆیدا هێناوە. دوای سەرەتایەکی مات و سارد، بەهۆی شکستی لە سەرکەوتن لە سیاسەتە گەورەکاندا ڕووبەڕووی ڕەخنە بووەوە. هەروەها بەهۆی زۆری گۆڕانی فەرمانبەرەکانیەوە، گومان لە لێهاتوویی سەرکردایەتییکردنی کرا. بەڵام بەپێی ڕاپرسییەکانی ئەم دواییە، ژمارەی لایەنگرانی زیادی کردووە تا ئەو ئاستەی پێشبینی دەکرێت لە بایدن باشتر بێت بۆ ئەوەی شکست بە دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان بهێنێت.

 

بەپێی ڕاپرسییەکی سی ئێن ئێن کە لە دووی تەممووز بڵاوکراوەتەوە، ترەمپ بە شەش خاڵ لە پێش بایدنەوەیە، 49٪ بۆ ترەمپ بەرامبەر 43٪ بۆ بایدن. سەرەڕای ڕاپرسییەکە کە تێیدا هاریس بە دوو خاڵ لە دوای ترەمپەوەیە، ئەوە ئاشکرا بوو کە سەربەخۆکان بە ڕێژەی 43٪ پشتگیریی هاریس دەکەن بەرامبەر 40٪ بۆ ترەمپ، هاوکات دەنگدەرە میانڕەوەکان لە هەردوو حیزب بە ڕێژەی نێوان 51٪ و 30٪ پاڵپشتیی هاریس دەکەن.

 

لە ڕاپرسییەکی دیکەدا کە "ڕۆیتەرز و ئیبسویس" دوای دیبەیتەکەی بایدن و ترەمپ کردوویانە، هاریس یەک خاڵ دوای ترەمپ بووە، وەک یەکێک لە بەدیلەکانی بایدن، میشێل ئۆباما هاوسەری ئۆباما، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا خاڵی زیاتری لە هاریس بەدەستهێنا لەو ڕاپرسییەدا کەچی نایەوێت بێتە نێو کێبڕکێی سەرۆکایەتی.

 

دیموکراتییەکانی کاریگەر وەکو، جیم کلیبۆرن، سیناتۆری ئەمریکا کە هۆکاری سەرەکی سەرکەوتنی بایدن بوو لە ساڵی 2020 و گریگۆری مێکس، ئەندامی کۆنگرێس لە نیویۆرک و ئەندامی دیاری فراکسیۆنی ڕەش لەو ئەنجوومەنە و سەمەر لی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لە ویلایەتی پێنسلڤانیا، هەموویان دووپاتیان کردەوە کە هاریس باشترین بەدیلی بایدنە. حەکیم جێفریز، سەرۆکی کەمینەکانیش لە ئەنجوومەنی نوێنەران پاڵپشتیی ئەم بۆچوونە دەکات.

 

ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە دوو لەوانەی کۆمەکی کۆمارییەکان دەکەن بە "ڕۆیتەرزیان" ڕاگەیاندووە کە دەیانەوێت بایدن لە کێبڕكێکەدا بمێنێت، چونکە هاریس بەهێزترە لە بایدن.

 

هاریس لە دایکێکی هیندی و باوکێکی جامایکی لە ساڵی 1964 لەدایک بووە، ژیانی منداڵیی بەسەختی بەسەربردووە، دوای ئەوەی لە تەمەنی حەوت ساڵی دایک و باوکی جیادەبنەوە، دایکی ئەو و مایەی خوشکی بەخێو دەکات لە شووقەیەکدا لە دۆبلکس لە بێرکلی.

 

هاریس لە زانکۆی "هەوارد" زانستە سیاسییەکان و ئابووری خوێندووە کە کۆلێژێکی گرنگی ڕەشپێستەکانە لە واشنتنی پایتەخت. لە  ساڵی 1990 لە تاقیکردنەوەی پارێزەرایەتی سەرکەوتووە و بووەتە داواکاریی گشتی لە بواری تاوانەکانی سێکسی لە ناوچەی ئالامێدا لە ئۆکلاند.

 

لە ساڵی 1994 دەکەوێتە پەیوەندی لەگەڵ وێلی براون، سەرۆکی ئەوکاتی ئەنجوومەنی ویلایەتی کالیفۆرنیا کە 30 ساڵ لە خۆی بەتەمەنتر بوو، لە ڕێگەی براونەوە، هاریس لە ئەنجوومەنی پێداچوونەوە لە بیمەی دژی بێکاری لە کالیفۆرنیا و لیژنەی هاوکاریی پزیشکی دامەزرا. دوای ئەوەی براون بووە پارێزگاری ویلایەتی سان فرانسیسکۆ لە ساڵی 1995، هاریس کۆتایی بە پەیوەندییەکانی هێنا.

هاوڕێیەکی پێشووی وەکو داواکاری گشتی لە سان فرانسیسکۆ دایمەزراند، هاریس بە بەرنامە سەرسوڕهێنەرەکەی لە مامەڵەکردنی لەگەڵ "لەشفرۆشانی هەرزەکار" ناوبانگی دەرکرد، ئەوەش بەرپرسانی جێبەجێکردنی یاسای پاڵدا وەکو قوربانی لەگەڵ ئەو هەرزەکارانە مامەڵە بکەن لە جیاتی تاوانبارانی سێکسی، ئەو سێ ساڵەی وەکو داواکاری گشتیی کاری کرد بە ماوەیەکی سەرکەوتوو لە قەڵەمدرا و ڕێژەی سزادان لە سان فرانسیسکۆ لە 52٪ بۆ 67٪ بەرزبووەوە.

لەو ماوەیەدا، هاریس زۆرێک لە دەوڵەمەند و خاوەن پێگەکانی ناسی کە دواتر کۆمەکیان کرد بۆ هەڵمەتی یەکەمی بوون بە داواکاری گشتی، لە ساڵی 2004 بووە داواکاری گشتیی ناوچەکە و لە ساڵی 2010 بووە داواکاری گشتی لە کالیفۆرنیا بە جیاوازیی کەمتر لە یەک خاڵ، بەوەش بووە یەکەم خانم و یەکەم ئەمریکی بەڕەچەڵەک ئەفریقی ئەو پۆستە ورەبگرێت.

لە ساڵی 2014 هاوسەرگیری لەگەڵ دۆگ ئیمۆهۆف، پارێزەری کۆمپانیاکان لە لۆس ئانجلۆس کرد.

لە سەرەتاکانی ساڵی 2015 هاریس بەربژێربوونی خۆی بۆ ئەنجوومەنی پیران ڕاگەیاند و، لە بانگەشەی هەڵبژاردندا داوای چاکسازی لە یاساکانی کۆچبەری و دادپەروەریی تاوانکاری دەکرد و، جەختی لەسەر بەرزکردنەوەی کەمترین مووچە و پاراستنی مافەکانی منداڵبوونی ئافرەتان دەکردەوە و لە هەڵبژاردنەکەدا لە ساڵی 2016 بە ئاسانی سەرکەوت.

لە کاتی دەستبەکاربوونیدا لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی2017، بووە یەکەمین ئەمریکی - هیندی لە ئەنجوومەنی پیران و دووەم خانمی ڕەشپێست لەو پۆستەدا و  بووە ئەندامی هەردوو لیژنەی هەواڵگیری و دادوەری.

لەو پێگە باشەی لە سیاسەتی دیموکراتەکاندا، نزیکبووەوە ببێتە بەربژێری پارتەکەی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییدا لە ساڵی 2020، لە سەرەتادا پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینی کاتێ هێرشی کردە سەر بایدن کە ئەویش لە کێبڕکێی ئەوەدا بوو ببێتە بەربژێری هەمان پارت. هەڵمەتەکی هاریس ڕووبەڕووی کێشە بووەوە و لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی 2019 کشانەوەی خۆی ڕاگەیاند.

لە دوای سەرهەڵدانی دۆسیەی ڕەگەزپەرستی لە ئەمریکا بە کوشتنی جۆرج فلۆید لەسەر دەستی پۆلیسێکی سپی پێست لە ئایاری ساڵی 2020دا، بایدن، بەربژێری پارتەکەی بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا ڕووبەڕووی گوشار بووەوە لەپێناو هەڵبژاردنی خانمێکی ئەمریکی بە ڕەچەڵەک ئەفریقی بۆ جێگری خۆی، بەوپێیەش بایدن هاریسی بۆ جێگری خۆی دیاری کرد.

ئەوکات هاریس بووە یەکەم خانمی ڕەشپێست لە لیستی بەربژێرانی نیشتیمانیی حیزبێکی گەورە و، لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2020 وەکو یەکەم خانمی ڕەشپێست بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی ئەمریکا دەسنیشان کرا.

ئێستا دوای کشانەوەی بایدن لەژێر گوشاری حیزبەکەیدا، جارێکی دیکە کامالا هاریس وەکو بەربژێرێکی گونجاو و باشتر لە بایدن دێتە مەیدان.

 

وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: فازڵ عەبدوڵڵا
سەرچاوە: گۆڤاری ئەلمەجەلە

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: