گرووپێکی مەترسیداری تاوانی ئەلیکترۆنی دەستگیر دەکرێت

شەیری بکە لە:
گرووپێکی مەترسیداری تاوانی ئەلیکترۆنی دەستگیر دەکرێت

گرافیکی ئاڤا نیوز

ئاڤا نیوز


دەزگای ئاسایش هەرێم دەستگیرکردن و هەڵوەشاندنەوەی گرووپێکی مەترسیداری تاوانی ئەلیکترۆنی ڕادەگەیێنێت. گرووپەکە زیاتر لە 250 کەسیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک فریوداوە.


ڕاگەیێنراوی فەرمی: دوای کۆکردنەوەی زانیاریی ورد و دەستنیشانکردنی شوێنی تۆمەتبار لەلایەن تیمە تەکنیکییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی، توانرا ئەندامێکی سەرەکی باندەکە دەستگیر بکرێت، ئەم باندە داواکراون لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان و پۆلیسی نێودەوڵەتی ئینتەرپولەوە.

 
ئەوەی پێویستە بیزانیت: باندەکە بەشێوەی گرووپ لە  دەرەوەی وڵات کاریان کردووە، بوونەتە هۆی هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر ژیانی زیاتر لە 250 کەس و لەلایەن ژمارەیەکی زۆر لە قوربانیانیش سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە.

زانیاریی زیاتر: بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، توانراوە ئەندامی سەرەکی باندەکە بە ناوی (پ-ئــ- ح )بەئامانج بگیرێت، لە وڵاتی تورکیاوە بە پلانێکی تۆکمە و بەناوی ڕێکخستنی ژوانێک بیگەڕێننەوە شاری سلێمانی و دەستبەجێ دەستگیری بکەن.

لەلایەکی دیکەوە: لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە تۆمەتبار زیاتر لە 250 کەسی لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە فریوداوە، باندەکە کەسانی خاوەن پێگە و سەرمایەدار و کەسانی بەتەمەنیان کردووەتە ئامانج، بڕی 100 بۆ 150 هەزار دۆلاری لەڕێگەی هەڕەشەکردن و بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆکان وەرگرتووە.


ئەمەش بزانە: تۆمەتبار بە ماددەی دوو لە یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەی بەردەوامە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: