بەعس جارێكی دیكە كۆنترۆڵی سووریا دەكات

شەیری بکە لە:
بەعس جارێكی دیكە كۆنترۆڵی سووریا دەكات

گرافیکی ئاڤا نیوز

ئاڤا نیوز


بەپێی یاسا دەبێت هەر چوار ساڵ جارێک لە سووریا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی گەل بەڕێوەبچێت و ئێستاش “بەعس” کۆنترۆڵی تەواوی جومگە جیاوازەکانی ئەنجوومەنەکەی کردووە.


وێنە گەورەکە: لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەدا کە چوار ساڵ جارێک بەڕێوەدەچێت، حکومەتی دیمەشق پەنا بۆ سیستەمێکی دیاریکراو دەبات، سیستەمەکە لە سەردەمی حافز ئەسەد سەرۆکی پێشووی سووریاوە تا ئێستا هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە.


ئەوەی پێویستە بیزانیت: 12 ساڵ زیاترە لە سووریا شەڕە، 60 ساڵ زیاتریشە ئەو سیستەمەی کە هەڵبژاردنی پێدەکرێت لە سووریا وەک خۆیەتی و نەگۆڕاوە،ئەمەش وایکردووە دۆخی سووریا بۆ بێهیوایی گۆڕاوە و نابینرێت گۆڕانکارییەک بکرێت کە وڵاتەکە بباتە قۆناغێکی نوێوە، چونکە بەشار ئەسەد زۆر بە وردی کۆنترۆڵی سەرجەم سێکتەرە جیاوازەکانی کردووە.

 

درێژەی ڕاپۆرت


خۆماڵیکردنی حیزب یەکەم هەنگاوە بۆ بەدەستهێنان و کۆنترۆڵکردن
ئەنجوومەنی گەلی سووریا هەر چوار ساڵ جارێک وادەیەک بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنە “یاساییەکان” دیاری دەکات، دوای ئەوەی سەرۆککۆمار بەروارەکە پەسەند دەکات و بڕیارەکە واژۆ دەکات، دوای ئەوە پارتی بەعس لە پارێزگاکانی سووریا پێش هەڵبژاردن کۆبوونەوەکانی خۆی ئەنجام دەدات و پێشنیازی ئاشتەوایی حیزبی دەکات، لیستی "بەعسییەکان" کە پابەندن بە بنەماکانی حیزبەوە هەڵدەبژێردرێت، ئەوان ملکەچبوونی تەواویان بۆ ئەو حیزبە ڕاگەیاندووە بۆ نموونە لە پارێزگای حەسەکە 44 بەعسی لە ڕێگەی ڕاوێژکاری حزبییەوە هەڵبژێردراون.


دواتر ناوەکان گوازرانەوە بۆ دیمەشق، و پرۆسەی تەسفیەکردن و سکرینکردن لەلایەن سەرکردایەتی ناوەندیی حزبەکەوە لە دیمەشق ئەنجامدرا، لەوێ 10 ناویان هەڵبژارد کە لە کۆی 14 کورسی بەسەر دوو پۆلدا دابەشکرابوون، کورسییەکیان بۆ پارتێکی سیاسی دیکە هەڵبژارد ئەو ناوانەی کە هەڵبژێردرابوون لە لیستێکدا بوون بەناوی (لیستی یەکێتی نیشتمانی) و بەم شێوەیەش بەبێ هەڵبژاردن بەسەر دەنگدەراندا سەپێندرا، لەبەر ڕۆشنایی پەراوێزخستنی ڕوونی هەموو پارتە سیاسییەکانی دیکە کە لەلایەن حکومەتی دیمەشقەوە مۆڵەتیان پێدراوە.


چەند کورسییەک بۆ کەسانی خێڵەکی و کەسانی کاریگەر دانراوە 
دوای هەڵبژاردنی “لیستی یەکێتی نیشتمانی” کە زیاتر لە 75%ی کورسییەکانی بەربژێرەکان لە هەر پارێزگایەکدا دابیندەکرێت، ئەو چەند کورسییەی دەمێننەوە  لە ڕێگەی سندوقەکانی دەنگدانەوە لەلایەن حکومەتەوە بەسەر هەر پارێزگایەکدا دابەش دەکرێت، دەبینیت سەرکردە سیاسییەکان دەچن دەنگدەران بە تایبەت بەعسییەکان ئاڕاستە دەکەن بۆ دانانی ناوی تایبەت یان دەبێت شێخی خێڵەکی بن، بازرگان، یان کەسانی کاریگەر بن لە دەوڵەتدا، جا چ لە کەرتی گشتی یان تایبەتدا دابەشبوون.
بۆ نمونە لە جزیرەی سووریادا گرنگی بە ئاراستەکردنی شێخەکانی هۆز و خێڵەکان دەدرێت، چونکە لە پشتیانەوە چەندین ئەندامی عەشیرەت هەن دڵسۆزی شێخەکەیانن و دەستکەوتێکی گەورەیان هەیە بۆ حکومەت و پارتی بەعس.


سەرکردایەتی بەعس لەگەڵ ئەنجامی هەڵبژاردنە سەرەتاییەکان ناکۆکە
ئەنجامی هەڵبژاردنە سەرەتاییەکانی ئەم دواییەی ئەنجوومەنی گەلی سووریا مشتومڕێکی بەرفراوانی لە بازنەی سیاسی و میدیایی لێکەوتەوە، چونکە هەندێک سەرکردایەتی “بەعس”یان تۆمەتبار کرد بە لادان لە ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنانە و هەوڵدان بۆ دەستبەسەرداگرتنی زۆرینەی کورسییەکانی ئەنجومەنەکە.


"دیموکراسی "
ڕەئوف عەلی، پارێزەر و شرۆڤەکاری سیاسی لە شاری حەلەب ڕایگەیاند، شەقامی سووریا بەدوای شتێکی نوێدا دەگەڕێت لەم هەڵبژاردنانەدا، بۆ ئەوەی ئەوان نیشانەی دیموکراسی هەڵبگرن، کە بنەمای حوکمڕانی باش و گەشەسەندنی بەردەوامە لە هەر کۆمەڵگایەکدا .هەر لادانێک لەم بنەما دیموکراسیانە مەترسییەکی جددی لەسەر ڕێگای پێشکەوتن و گەشەسەندن لە کۆمەڵگادا پێکدەهێنێت.


ئاماری جیاواز هەیە
شەقامی سووریا شاهیدی ئەوەیە کە پارتی بەعس لە کۆی 250 کورسی لە ئەنجومەنی گەل 168 کورسی بەدەست دەهێنێت، بە ڕێژەی 67.2%، بەمەش هاوبەشەکانی لە بەرەی پێشکەوتنخوازی نیشتمانی 16 کورسییان بۆ جێدەمێنێت، بە ڕێژەی 6.4%. بە بەراورد لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی ئیدارەی ناوخۆیی لە ساڵی 2022، پشکی پارتی بەعس 79.8% بووە.


ژن لە هەڵبژاردنەکەدا
 ڕۆڵی ژنان لەو لیستانەی کە لەم هەڵبژاردنانەدا دەردەکەون، سەرچاوەیەکی دیکەی نیگەرانی پێکدەهێنێت، بەو پێیەی ڕێژەی ژنانی ناو لیستەکان گەیشتووەتە 11.4%، کە کەمترە لە ڕێژەی سەدی ئەوان لە هەڵبژاردنی ئیدارەی ناوخۆیی لە ساڵی 2022دا، کە ڕێژەکە 12.5%، بوو، ئەمەش ڕەنگدانەوەی گرنگی نەدانە بە بەهێزکردن و بەشداریکردنی ژنان لە بڕیاردانی سیاسیدا.


داوای هەڵبژاردنی ئازاد دەکەن
دەیان کەسایەتی سووریا، داوایان لە حکومەت کردووە هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە بکات، کە ڕەنگدانەوەی ئیرادەی گەلی سووریا بێت و دەستەبەرکردنی نوێنەرایەتیی دادپەروەرانەی هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگا بە ژنانیشەوە، لە پێناو بەدیهێنانی گەشەسەندنی بەردەوام.


پێش هەڵبژاردن بەعس دەیباتەوە
لە ڕاستیدا هەر شتێک لە سووریا بەناوی هەڵبژاردنەوە کراوە، هەڵبژاردن نییە، بەڵکو نمایشێکی گەورەیە کە سووریا دەیکات لە پێناو وێنە گەورەکەدا، بۆ ئەوەی بەجیهان بڵێت ئەوەتا ئێمەش هەڵبژاردن دەکەین، بەڵام لەڕاستیدا ئەوەی هەیە شانۆیەکە کە هەموان دەزانن پڕۆڤەی زۆر بۆ کراوە و گەمەیەکە ئەنجامەکەی ڕوونە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان