هەولێر و بەغدا؛ تێپەڕاندن یان نوێکردنەوەی ڕابردوو

هەولێر و بەغدا؛ تێپەڕاندن یان نوێکردنەوەی ڕابردوو

دیمەنێک لە کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و چوارچێوەی هەماهەنگی لە بەغدا

جارێکی دیکە ھەولێر و بەغدا لە یەکتر نزیکبوونەوە و کۆبوونەوە، کۆبوونەوەیەک بەرمەبنای نمایشی ڕێککەوتنێک لە کۆمەڵێک بواری ناکۆکی لەسەر لە ماوەی ڕابردوودا، کە قەیرانێکی سیاسی قووڵی دروستکردبوو لە نێوان ھەردوولا.

 

ئەمە دیمەنی چەندبارەبووەوەی چەندین دەیەی ڕابڕدووە کە حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق لە سەرەتادا ھەوڵی ناوەندیەتی تەواوی دەسەڵات و ملکەچکردنی کورد دەدەن بۆ ژێر ئیرادەی دەسەڵاتخوازیی خۆیان، بەڵام دوای بەرپابوونی ململانێیەکی تووند و قووڵ لە نێوانیان بۆ ماوەیەکی زۆر، دوای بێھیوابوونی دەسەڵاتدارانی بەغدا لە سەپاندنی ئیرادەی ناوەندیخوازی و ملکەچکردنی کورد، سەرەنجام دەگەڕێنەوە بۆ ڕێککەوتن و ئاشتەوایی لەگەڵ کورد.

 

لە مێژوودا ئامادەیی حکومەتەکەکانی عێراق بۆ ڕێککەوتن و ئاشتەوایی لەگەڵ کورد، زۆربەی جار بەھۆی دۆخی لاوازیان بووە، بۆیە تەمەنی ڕێککەوتنەکان تا ئەوکاتە بووە کە خۆیان جێگیر و بەھێز کردووە، بەڵام ئێستا بەغدا بەھێز بووە، بەتایبەتی دوای کۆتاییھێنانی دەسەڵاتی داعش لە عێراق، ئەم بەھێزییەشی بەکارھێناوە بۆ لاوازکردن و لەقالبدان و ھەڵوەشاندنەوەی ھەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە ڕێگەی دادگەی فیدڕاڵی و فشارە ئابوورییەکان، بەڵام دواجار بە ئاسانی ئەمەی بۆنەچووە سەر و گەڕایەوە بۆ ڕێککەتن لەگەڵ ھەرێمی کوردستان.

 

کاتێک بەغدا بەھێزە و ڕێککەوتنیش دەکات، ئەمە خاڵێکی ئەرێنییە بۆ کورد، بەڵام زۆر گەشبینانەش نییە. ئەرێنییە چونکە داننانی ناچاریی بەغدایە بە زەروورەتی ڕێککەوتن و ئاشتەوایی لەگەڵ کورد، تەنانەت لە دۆخی بەھێزبوونیشیدا، ھەروەھا داننانە بەوەی بێ کورد سەقامگیری لە عێراق بەدی نایەت. ئەمەش بەھێزی و حساب بۆکراوی کورد دەردەخات، بەڵام زۆر گەشبینانەش نییە، چونکە لە ڕابردوودا ھەمیشە ڕێککەوتنەکان لەلایەن بەغداوە تاکتیکی بووە و بۆ مەرام و ماوەیەکی دیارکراو بووە نەک ستراتیژ و درێژمەودا.


سەرەڕای ڕۆڵی وڵاتانی دەرەکی بۆ لێکنزیککردنەوەی ھەولێر و بەغدا، بەتایبەتی ئێران و ئەمریکا، بەڵام دیارنییە نەرمینواندن و ئامادەیی بەغدا چ مەرام و مەبەستێکی لەپشتە و لەبەرامبەر چییە.

 

بەھیواین بەغدا لە پێگە و ھێزی کورد لە عێراقی نوی تێگەیشتبێت، وازی لە ئەقڵیەتی تاکتیکی ھێنابێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کورد، ئیتر ستراتیژیانە بیر لە پرسی کورد بکاتەوە و لە پێگە و ‌ھێز و ڕۆڵی ھەرێمی کوردستان گەیشتبێت لە ھێنانەکایەی سەقامگیریی سیاسی لە عێراق و ناوچەکە، بەڵام ھیواخواستن و گەشبینی و ساویلکەیی لە سیاسەتدا فێڵ لەخۆکردن و ڕاکردنە بەدوای سەراب.

 

ڕەنگە یەکێک لە ئامانجەکانی، ئەم ھەنگاوە ئەرێنی و نەرمینواندن و ڕێزنیشاندانەی بەغدا، بۆ بە دەستھێنانی پشگیریی ھەرێمی کوردستان بێت بۆ دەرکردنی ھیزەکانی ھاوپەیمانان لە عێراق.

 

لە ڕاگەیێنراوی کۆبوونەوەی چوارچێوەی ھەماھەنگی بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی و سەرۆکوەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سوودانی و سەرکردە حیزبییەکانی ئەم چوارچێوەیە، ئەوە ڕاگەێینرا کە ھەموویان ھاوڕابوون لەسەر ئەوەی کۆتایی بە ئەرکی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بھێنرێت لە عێراق، شێوازی پەیوەندییەکەش بگۆڕێ بۆ ڕێزگرتنی ئاڵوگۆڕ و بەرژەوەندیی ھاوبەش، بەڵام ڕاگەیاندنی بارەگای بارزانی شتێکیتر دەڵێ، دەڵی "ئەم پرسە پرسێکی نیشتیمانییە، تایبەت نییە بە لایەنێک"، ئەمەش ئەوە دەگەیێنێت کە تەنھا لایەنی شیعە بە تەنھا ناتوانێ بڕیاری لەبارەوە بدات تاوەکو پێکھاتەکانی تری وەکو کورد و سوننە و کەمایەتییەکانی دیکە، تەواو ھەست بە ئارامی و ئاسایش نەکەن لە عێراقدا.

 

پرسی چوونەدەرەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانان بە سەرکردایەتی ئەمریکا، خاڵێکی ھەستیارە بۆ کورد و پێکھاتەکانی دیکەی عێراق، بۆیە گرنگە ئەو پرسیارە بکەین کە، ئایا عێراق توانای ھەیە بتوانێ بەبێ بوونی ھێزی ھاوپەیمانان بەتایبەتی بوونی ھێزەکانی ئەمریکا، سەقامگیریی سیاسی بەدی بھێنێت؟

 

بوونی ململانێی سەربازیی تورکیا و پەکەکە لەناو خاکی عێراق، بوونی چەندین گرووپی چەکدار لە شنگال، ناسەقامگیریی ناوچە کێشەلەسەرەکان، بەمیلیشیایبوونی وڵات، لاوازی و پووکانەوەی دامەزراوەکان و ھەژموونی تائیفی بەسەریاندا، ناجێگیری و شلۆقی پەیوەندیی ھەر سێ پێکھاتە سەرەکییەکە و بێمتمانەیی نێوانیان، ئەمانە و زۆر پرسی تر دەرخەری ئەوەن عێراق ھێشتا بۆمبێکی تەوقیتکراوە، سەقامگیرییە سیاسییەکەی شلۆق و لەرزۆکە، بەمانایەکی تر توانای ھێنانەکایەی سەقامگیریی سیاسی نییە بە جۆرێک ھەموو پێکھاتەکان لە سایەیدا ھەست بە دڵنیایی بکەن، بۆیە بوونی ھێزی ھاوپەیمانان بەتایبەتی ئەمریکا ھێشتا پێویستییەکی داواکراوە.

 

ھێنانی چین و پێشوازیکردنی بۆ عێراق لەلایەن دەسەڵاتدارانی بەغدا، کە جەخت لە سەروەری دەوڵەتان و بنەمای دەستتێوەرنەدان دەکاتەوە، ھاوکات داواکردنی دەرچوونی ئەمریکا و ھێزە ڕۆژئاواییەکان کە جەخت لەسەر دەستوەردان دەکەنەوە لەپێناو پاراستنی مافی پێکھاتە و کەمینەکان و پاراستنی دیموکراسیەت و فیدڕاڵیزم لەلایەک، لەلایەکیتر گەر سەیر بکەین ھەڵوێستی حکومەتی فیدڕاڵی لە بەغدا بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان، لەماوەی ڕابردوودا لە ڕێگەی دادگەی فیدڕاڵی و فشارە ئابوورییەکان، ھەروەھا ھێشتنەوەی پرسی ناوچە کێشەلەسەرەکان وەکو خۆی و ھاوکات بەردەوامی تەعریب لەم ناوچانە، جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال و بە میلیشیاکردنی، ڕەتکردنەوەی داوای پارێزگاکانی وەکو بەسڕە، ئەنبار، موسڵ، سەلاحەدین، بۆ بوون بە ھەرێم، ئەمانە ھەمووی دەرخەری ئەقڵیەتێکی خۆسەپێنی ناوەندگەراییە کە ھیچ نیازێکی پاکی نییە بۆ ئاشتیی ھەمیشەیی و کۆتاییھێنانی یەکجارەکی کێشەکان، بەڵکو ڕێککەوتن و ئاشتییەکان وەک تاکتیکێکی کاتی بەکار دەھێنێت لەپێناو جێبەجێبوونی نیازەکانی.

 بۆیە بۆ کورد زۆر گرنگە سوود لە ئەزموون و مێژوو وەربگرێت، بە ھەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو نەرمینواندن و نیشاندانی نیازپاکییەی دەسەڵات لە بەغدا بکات. 

 

محەممەد ڕەحمان ئەحمەد

قوتابیی دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکان

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: