گرانیی حەقدەستی ئۆتۆمبێل شۆفێران نیگەران دەكات

شەیری بکە لە:
گرانیی حەقدەستی ئۆتۆمبێل شۆفێران نیگەران دەكات

ناوچەی پیشەسازيی هەولێر

ئاڤا دیجیتاڵ


زۆرێک لە هاووڵاتیان گلەیی ئەوە دەکەن حەقدەستی وەستا و فیتەرەکان لە ناوچە پیشەسازییەکان زۆر گرانە، تەنانەت هەندێک جار گرانترە لەو پارچەیەی بۆ ئۆتۆمبێلەکەی دەگۆڕن، چەند وەستا و شارەزایەک ئەوەیان خستەڕوو، نرخەکان بەگشتی لە وەستا بۆ وەستایەکی دیکە بەپێی شارەزاییان دەگۆڕێت، بەڵام لەنێو ئەو گۆڕانکارییەدا فرتوفێلیش زۆرن.


ئەوەی پێویستە بیزانیت: گرانی حەقدەستی وەستا و فیتەرەکان لە ناوچە پیشەسازییەکان گلەیی و گازندەی لەنێو شۆفێران دروستکردووە، بەشێک لە وەستاکان دووپاتی دەکەنەوە گرانی کرێی دووکانەکەیان هۆکارە و لە پێناو قازانجێکی کەم حەقدەستیان گران کردووە.


لێدوانی فەرمی: عەبدوڵڵا مەسعوود، وایەرمەن و شارەزای بواری کارەبا و میکانیکی ئۆتۆمبێل لە سلێمانی بۆ ئاڤا نیوز گوتی "لە ناوچە پیشەسازییەکانی هەرێمی کوردستان بەتایبەت لە سلێمانی ئەم کێشەیە بەدیدەکرێت، هۆکاری سەرەکیش فرتوفێڵی وەستا و فیتەرەکانە کە زۆربەیان شۆفێران هەڵدەخەڵەتێنن".


لەلایەکی دیکەوە: هاوڕێ حەسەن، شارەزای بواری ئۆتۆمبێل لە هەولێر بۆ ئاڤا نیوز قسەی کرد و گوتی "لەم بوارەدا شارەزایی وەستا یا فیتەرەکە ڕۆڵ دەبینێت، بەشێوەیەکە وەستا یا فیتەرێکی شارەزا داوای حەقدەستی زیاتر دەکات بە بەراورد بە یەکێکی ناشارەزا، چونکە بە کاتێکی کەم، گرەنتی و بەبێ زیادکردنی بارگرانی بەسەر شۆفێرەوە کارەکان بەڕێدەکات".

ئەوەی ئێستا ڕوودەدات: نەبوونی چاودێری و لێپێچینەوە لە ناوچە پیشەسازییەکان، وای لە زۆربەی وەستا و فیتەرەکان کردووە، بەبێ گوێدان بە دۆخی هاووڵاتییان و شۆفێران هەر یەکە و نرخێک بۆ وەرگرتنی حەقدەستەکانیان دابنێن.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: