بەدواداچوون بۆ شامپۆ ئۆنڵاینەکە دەکرێت و وەزارەتی تەندروستی هۆشداری دەدات

شەیری بکە لە:
بەدواداچوون بۆ شامپۆ ئۆنڵاینەکە دەکرێت و وەزارەتی تەندروستی هۆشداری دەدات

د.سەركار سورچی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی

ئاڤا دیجیتاڵ


دوای ئەوەی دوو هاووڵاتی لە سلێمانی و هەولێر بەهۆی جۆرێکی شامپۆ کە لە ئۆنڵاین دەفرۆشرێت تووشی هەستیاری بوون، حکومەت بەدواداچوون بۆ بابەتەکە دەکات و وەزارەتی تەندروستیش هۆشداریدەدات.


چیرۆکی سەرەکی: سێ ڕۆژ لەمەوبەر هاووڵاتییەک لە شاری سلێمانی ئەوەی ڕایگەیاند، شامپۆیەکی بەشێوەی ئۆنڵاین کڕیوە و پاش بەکارهێنانی ڕووخساری ئاوساوە و تووشی هەستیاری کردووە. ڕۆژێک دواتر پۆلیسی سلێمانی كەسێكی بەتۆمەتی فرۆشتنی شامپۆکە دەستگیرکرد. دوێنێش هاووڵاتییەک لە هەولێر بەهەمانشێوە ڕایگەیاند بەهۆی بەکارهێنانی شامپۆیەک کە لە نوێنەرێکی فرۆشتن کڕیویەتی تووشی هەستیاری و سەرئێشە بوو.


ڕاگەیێنراوی تایبەتمەند: بەگوێرەی نووسراوێکی د.سامان بەرزنجی وەزیری، تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە ئاراستەی ( نەخۆشخانە، سەنتەر، کۆمەڵگە، دەرمانخانە، کۆگای دەرمان، کۆمپانیای دەرمان و تاقیگە و پزیشکان) کراوە، بڕیاردراوە:

- نابێت بەهیچ شێوەیەک ئەکاونت و پەیجی ساختە بەناوی جیاواز بەکاربهێنن کە پێچەوانەی ناوی ڕێگەپێدراوی مۆڵەتی کارکردنی وەزارەتی تەندروستی بێت.


- هەر یەکێک لە دامەزراوە تەندروستییەکانی کەرتی تایبەت بەوشێوەیە مامەڵە لەگەڵ نەخۆش و هاووڵاتیان بکات، ڕێککاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەر.


لێدوانی فەرمی: د. سەرکار سوورچی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی بە ئاڤا میدیای گوت" پێویستە ئەو پەیجانەی بابەتەکانیان بە ئۆنڵاین دەفرۆشن مۆڵەت وەربگرن، ئەگەرنا ڕێگەیان پێنادرێت و ڕێککاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر".


سەرکار سوورچی جەختیکردەوە، هەر بابەتێک کە ڕێکلامی بۆ دەکرێت، پێویستە کوالێتی کۆنترۆڵ ڕێگەی هاوردەکردنی بدات و ستیکەری کوالێتی کۆنترۆڵی پێوەبێت و تەنیا لە دەرمانخانەکان بفرۆشرێت.


لەلایەکی دیکەوە: نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی هەولێر بە ئاڤا میدیای گوت: بەدواداچوون بۆ کێشەی ئەو شامپۆیە دەکەین و لایەنە پەیوەندیدارەکانمان ڕاسپاردووە، ئەوانیش کاری پێویست دەکەن بەشێوەیەکی زانستی. ئەگەر کێشەکە لەو شامپۆیە بوو بەدواداچوون بۆ چۆنیەتی هاوردەکردنی دەکرێت.

 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان