ئامار و چیرۆکی نەبیستراوی بەکارهێنەر و بازرگانانی ماددەی هۆشبەر

شەیری بکە لە:
ئامار و چیرۆکی نەبیستراوی بەکارهێنەر و بازرگانانی ماددەی هۆشبەر

کارێکتەری سەرەکی ناو ڕاپۆرتەکە، وێنە محەممەد شوانی - ئاڤا

ئاڤا نیوز


ڕزگار كۆچەر، ڕۆژنامەنووسی دیاری ئاڤا میدیا بەدواداچوونێكی ورد لەبارەی چۆنیەتی بڵاوبوونەوە و ئامارەكانی ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی كوردستان دەكات، هاوكات چیرۆكی ئالودەبوویەک دەگێڕێتەوە.


وێنە گەورەكە: ئامارەكانی بەكارهێنان و بازرگانیكردن بە ماددەی هۆشبەر لە عێراق و هەرێمی كوردستان ڕوو لە هەڵكشانن، ژن و منداڵانیش قوربانین، بەڵام لەنێو ناسنامەی بازرگان و بەكارهێنەری ماددە هۆشبەرەكان ڕەگەزنامەی ئێرانی و سووری بە ڕێژەیەكی بەرچاو دێت.


ئەوەی پێویستە بیزانیت: لە عێراق بەگشتی بازرگانەكان وەک پلانێكی بازرگانی سەرەتا لە ڕێگای تۆڕەكانی بڵاوکردنەوەی ماددەی هۆشبەر، بەشێوەیەكی هەرزان و بێ بەرامبەر ماددە هۆشبەرەكان بڵاو دەكەنەوە، تا دواجار بە كارهێنەرەكان داواكارییان لە سەر خودی ماددەکە هەبێت و بە پارە بیكڕن.


 چیرۆکی قوربانییەکان

تەمەنی نەگەیشتبووە 30 ساڵ، وەک پزیشک و بازرگانی فرۆشتنی ئاسن خۆی ناساند، ئینگلیزییەكی زۆر باش قسەی دەكرد، 13 ساڵ دەبێت لە هەولێر نیشتەجێیە، لە پاڵ كاری بازرگانی،  لە نەخۆشخانەی تایبەت و نەخۆشخانەی حكومی وەک پزیشكی سڕكردن كاری كردووە، پێش دەستگیركردنی لە تاقیكردنەوەكانی بۆرد بووە، لە نیوەی قسەكانی دا دەیگوت هەموو شتێكی ژیانی تاقیكردووەتەوە بۆیە دوایین شت كە تاقیكردەوە ماددەی هۆشبەر بووە.


پێناسەیەكی كورت

ساڵێک دەبێت لە زیندانە، قاچەكانی تووشی نەخۆشی هەستیاری بووە و نایەوێ لەو دۆخە خراپەیدا كەس و كارەكەی سەردانی بكەن، بەگوتەی خۆی چاو و ڕووی نییە كەسوکارەكەی بیبینن، چونكە هەست بە شەرمەزرای دەكات.


چیرۆكی ئالودە بوونی ..

چیرۆكی ئاڵوودەبوونی پزیشکەکە بۆ 13 ساڵ پێش  ئێستا دەگەڕێتەوە، كاتێک دۆستایەتی ژنێكی فارس، هێواش هێواش ژیانی سەخت دەكات، "سەرەتا بە جوانییەكەی سەرسامی كردم و دواجاریش فێلی لێ كردم".


پزیشکەکە دەڵێت "ماوەیەک لەگەڵ ئەو ژنە پێكەوە بووین تا وای لێهات بڕێكی كەمم بەكار دەهێنا، هەرچەندە خەرجی كرینەكەش هەر من بۆ ژنەكە  دابینم دەكرد تا وام لی هات بوومە بەكارهێنەر، لە حەشیش بۆ كریستاڵ و لە كریستاڵ بۆ كۆمەلێک ماددەی دیكە، تا ئیفلاسی ماددی، دواجاریش خۆم لە زیندان بینیەوە".


چیرۆكی قوربانییەكی دیكە

پاكیزە كچێكی هەرزەكارەی تەمەن 14 ساڵە، شەش مانگ دەبێت لە زیندانە، بە گوتەی خۆی "هەرجارێك دایكی سەردانی بكات 14 هەزار دیناری پێدەدات ئەویش لە زیندان پارەكە بە جگەرە دەدات".


"ژنێكی سووری فێری مادە هۆشبەرەكانی كردووە"

پاكیزە ئەگەر چی تەمەنێكی بچوكی هەیە، بەڵام بە گوتەی خۆی "سەرەتا ژنێكی سووری فیری ماددە هۆشبەرەكانی كردووە، بە چەند گرامێک لە كریستاڵ دەستیپێكردووە، ئەو كچە هەرزەكارە دەم و ددانەكانی بە تەواوی كلۆر بووە و تۆنی دەنگی بە تەواوی گۆڕاوە تەنانەت دەنگی زۆر گڕ بووە و بە ئەستەم لە  نزیكەوە دەی ناسیتەوە، هۆكاری  گۆڕینی هەڵسوكەوتی و ڕوخساری بۆ ماددە هۆشبەرەكان دەگێرێتەوە".


بەهۆی باوكێكەوە خێزانێک ئاڵوودەی ماددەی هۆشبەر دەبن

هەر لە نزیک شاری هەولێر لە كومەڵگەیەكی نیشتەجێبوون باوكێكی سووری پاش ئەوەی خۆی و هاوسەرەكەی ئاڵوودەی ماددە هۆشبەرەكان دەكات، لە كۆی شەش منداڵی چواریان كە تەمەنی هەندێكیان لە خوار 14 ساڵییە دەبنە بەكارهێنەری ماددە هۆشەبەرەكان.


گوڵفرۆشێكی ئەو خێزانە دەبێتە بازرگانی ماددەی هۆشبەر

یەكێک لە كوڕەكانی ئەو خانەوادەیە كە تەمەنی 13ساڵە بێجگە لەوەی دایكی فیرَی ماددە هۆشبەرەكان بە تایبەت كریستاڵی كردووە، لە پاڵ كارەكەی كە لە چواررینانێكی ناو شاری هەولێرە و گوڵ دەفرۆشێت، كار بۆ ئەوە دەكات ماددەی هۆشبەریش دابەش بكات، جموجۆڵی نائاسایی و هەڵسوكەوتی وای لێ دەكات بكەوێتە ژێر چاودێری بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان، تا دواجار ئەو كوڕە تەمەن 13 ساڵە بە بەڵگەوە بە برێک ماددە لە گیرفانی و برێكی دیكەش لە ماڵەوە دەستگیر دەكرێت، هەر لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان دان بەوە دادەنێت و تەواوی خانەوادەكەی دەكەونە زیندان.


سێكس و تۆرە كۆمەڵایەتییەكان

ئیسرا ژنێكی تەمەن 20 ساڵانە منداڵێكی لە دەرەوەی زیندانە، بە گوتەی خۆی، "لای دایكێتی لە زیندانیش منداڵێک لە سكیدایە، ئەو ژنە لە تۆرە كۆمەڵاتییەكان كورێكی خەڵكی بەغدای ناسیوە دوا جار وا رێككەوتوون هاوسەرەكەی جێ بهێڵێت و بە دوای كورە عەرەبێكدا ڕابكات".

ئیسرا ژنی ماڵەوەیە لە قسەكانیدا بە دەستی خۆی ژیانی تێکداوە چونكە "بە قسەی باق و بریقی ئەو كورە بەغدادییە كەوت، چیرۆكی ئەو ژنە لەوە دەست پێ دەكات كە ئێوارەكەی درەنگ بە بێ پرسی خانەوادەكەی ماڵی خۆی جێدێڵێت و لە كافتریا ئەو كوڕە دەبینێت كە بەڵێنی پێدەدات لەگەڵ خۆیدا بیبات بۆ خوارووی عێراق.

ئیسرا دەڵێت، "لە كافتریاكە دەرچووین بە خەیاڵی خۆم بەرەوە بەغدا ڕێدەكەین، بەڵام هەر ئەوندەمان زانی لە خەبات خۆمان بینییەوە و پاش چەند رۆژێک خۆشاردنەوە دواجار لە شوقەیەک لە هەولێر گیرساینەوە، بەبێ ئەوەی من لەو شوێنە دەرچم دۆستەكەم ڕۆژانە بەیانی جێی دەهێشتم و تەلەفۆن و هەموو شتێكی لێ وەگرتبووم، كە شەویش دەهاتەو خەریكی كێشانی مادە هۆشبەرەكان بوو تا وام لێهات بەیەكەوە دەمان كێشا".


ماددەی هۆشبەر لە عێراق

حكومەتی عێراق لە ساڵی 2023 رایگەیاند، لەم ساڵەدا حەوت هەزار هاووڵاتی بە پێی یاسا دۆسیەكانیان یەكلابووەتەوە و سزادراون، بە بەندكردنی درێژ خایەن و لە سێدارەدان بەهۆی بەكارهێنان و بازرگانیكردن بە ماددە هۆشبەرەكان.

هەر لەم ساڵەدا 17  هەزار هاووڵاتی كە %50 یان گەنج بوونە لە زیندانەكانن، هەر لەو ساڵەدا هێزەكانی ئاسایشی نیشتمانی نزیكەی 121 گەورە بازرگانی وڵاتانییان لە نێوخۆی عێراق وسنوورەكان بەهۆی هەوڵدان بۆ بەزاندنی سنوور و داخڵكردنی ماددەی هۆشبەر بۆ عێرَاق دەستگیر كراون.


سەبارەت بە هەرێمی كوردستان 

لە هەرێمی كوردستان بە پێی گوتەی نەقیب ئەركان ئەفسەری بەرێوەبەرایەتی نەهێشتننی مادە هۆشبەرەكان، لە ساڵی 2023 لە شاری هەولێر و دهۆک دوو هەزار و 482 تۆمەتبار دەستگیركراون، لەو ژمارەیەش هەزار و 70  یان ماددەی هۆشبەریان فرۆشتووە، هەر لەو ساڵەدا بڕی دوو هەزار و 342 كیلۆ لە حەبی هۆشبەر لە جۆری كەبتاگۆن كە لە سووریا و لوبنان بەرهەم دێت دەستیان بەسەردا داگیراوە، دەست بەسەر شەش هەزار و  236 حەبی پزیشكی و 482 كیلۆ گرام و 126 گرام لە ماددەی هۆشبەردا گیراوە، هەر لە ساڵی 2023 لە شاری سلێمانی 389 كیلۆ گرام لە ماددەی هۆشبەری جۆراو جۆر دەستی بەسەر داگیراوە لەگەڵ دەستگیركردنی هەزار و 70 تۆمەتبار.

سەبارەت بە شەش مانگی یەكەمی ساڵی 2024 تا ئێستا لە شاری هەولێر 737 تۆمەتبار دەستگیركراون، لەم ژمارەیەش 403 كەس كاری كڕین و فرۆشتنیان بە ماددەی هۆشبەرەوە كردووە، 334 تۆمەتبار ماددەی هۆشبەریان بەكارهێناوە، لەگەڵ دەست بەسەر داگرتنی 107 كیلۆگرام و 532 گرام ماددەی هۆشبەری جۆراو جۆر، لەگەڵ دەست بەسەر داگرتنی 28 هەزار و 958 حەبی هۆشبەری پزیشكی، سەبارەت بە شاری سلێمانی لەم شەش مانگەی ئەم ساڵ 572 تۆمەتبار دەستگیركراون.


سەرچاوەی سەرەكی و جۆرەكانی 

لە عێراق كریستاڵ و كەپتاگۆن و میسامفیتامین لە زۆربەی زۆری شارە گەورەكانی بڵاوبووەتەوە، بە پێی زانیارییەكان، ئێران و لوبنان و سووریا و ئەفغانستان بە سەرچاوەی سەرەكی بەرهەم هێنانی ئەو ماددانە دادەنرێن، لە هەندێ وڵاتیش گرووپە چەكدارەكان بۆ پاڵپشتی ماددی خۆیان دەستیان لەم جۆرە  بازرگانیەدا هەیە.


گرفتی سەرەكی 

بە پێی یاسایی عێراقی تایبەت بە ماددە هۆشبەرەكان لە ساڵی 1965 كە ئەو كاتە بەمشێوەیەی ئێستا ماددە هۆشبەرەكان بڵاو نەبووە، لە یاساكەدا هاتووە "هەر كەسێک ماددەی هۆشبەر بەكاربهێنێت بە 15 ساڵ زیندانیكردن سزا دەدرێت.

هەرچەندە ئەم یاسایە لە ساڵی 2017ــەوە هەموار كراوەتەوە و بە پێی ماددە هەموار كراوەكە، بە كارهێنەری ماددە هۆشبەرەكان سزاكەی كەم كراوەتەوە لە ساڵێک بۆ دوو ساڵ یا پێژماردنی ماددی.


چارەسەر

پسپۆرێكی چارەسەری ماددە هۆشبەرەكان دەڵێت، "عێراق بووەتە بازاڕێكی گەورەی ساغكردنەوەی ماددە هۆشبەرەكان، مەترسی داهاتوو ئەو بڕە زۆرەی ماددەی كەبتاگۆنە كە لە سووریا و خوارووی لوبنان بەرهەم دەهێنرێ و لە شارە گەورەكانی عێراق بە بازار دەكرێت". "بۆ پاکبوونەوە لە ماددە هۆشبەرەكان بوونی چەندین بنكەی ڕاهێنان و دووركەوتنەوە لە برادەرو تۆڕەکانی كۆمەڵایەتی پێویستە". هەرچەندە ئەو شارەزایە "زیندانیش بە چارەسەرێكی بەدیل دادەنێت بەو پێیەی ماوەیەكی زۆر بەكارهێنەر لەو ماددەیە دور دەكەوێتەوە و لەشی پاک دەبێتەوە".

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: