بۆ بەدواداچوونی چارەنووسی کۆچبەران لە هەولێرەوە تیمێک ڕەوانەی ئیتاڵیا دەکرێت

شەیری بکە لە:
بۆ بەدواداچوونی چارەنووسی کۆچبەران لە هەولێرەوە تیمێک ڕەوانەی ئیتاڵیا دەکرێت

ئاڵای کوردستان، لۆگۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاڵای ئیتاڵیا و بەلەمێکی کۆچبەران، گرافیک: ئاڤا نیوز

ئاڤا نیوز

حکومەتی هەرێمی کوردستان ژوورێکی ئۆپەراسیۆن بۆ چاودێریی بارودۆخ و ئاکامی نقومبوونی بەلەمەکەی کۆچبەران لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا پێکدەهێنێت، تیمێکیش  ڕەوانەی ئەو وڵاتە دەکات.


چیرۆکی سەرەکی: تاوەکو ئێستا خانەوادەی 21 کۆچبەری بێسەروشوێن پەیوەندییان بە حکومەتەوە کردووە و داوای هاوکارییان کردووە.


ئەوەی پێویستە بیزانیت:
لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران بارزانی ژوورێکی ئۆپەراسیۆن بە بەشداری وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە پێکهێنراوە.

ڕاگەیێنراوی فەرمی: فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بڵاوی کردووەتەوە، 
ئەمڕۆ چوارشەممە لە هەولێرەوە تیمێک ڕەوانەی ئیتاڵیا کراوە بۆ ئەوەی بە هەماهەنگی لەگەڵ نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لەو وڵاتە پەیوەندی بە دامەزراوە فەرمییەکانی ئیتاڵیا بکەن و سەردانی شوێنی ڕووداوەکە بکەن.

خاڵی ئەرێنی: حکومەت کەسوکاری قوربانییان و هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دڵنیا دەکاتەوە هەموو هەوڵێک دەخەنەگەڕ بۆ بەدواداچوونی چارەنووسی قوربانیان، ئامادەیش بۆ هەموو هاوکاری و هەماهەنگییەک لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان دەردەبڕێت.

لەلایەکی دیکەوە: حکومەت داوا لە هاووڵاتیان دەکات زانیاری و ئاکامەکان دەربارەی ئەم ڕووداوە تەنها لە لایەنی فەرمی وەربگرن.

شەیری بکە لە: