بەرگریی شارستانیی هەولێر هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکان ئاشکرا دەکات

شەیری بکە لە:

دیمەنێک لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی پۆلیس و بەرگریی شارستانیی هەولێر

ئاڤا نیوز

بەرگریی شارستانیی هەولێر هۆکاری ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە ئاشكرا دەکات و ڕایدەگەیێنێت، هەندێکیان بە دەستی ئەنقەستن و هەندێکیشیان بەهۆی کەمتەرخەمی. پۆلیسیش دەستگیرکردنی ژمارەیەک گەشتیار بەهۆی سووتاندنی پووش و پەڵاش ڕادەگەیێنێت.

وێنە گەورەکە: ئەمساڵ ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە شاری هەولێر زۆر زیادیان کردووە و هەر ڕۆژە و شوێنێک دەسووتێت، لە بازاڕە گەورەکانەوە تاوەکو پاڵاوگە و پڕۆژەی نیشتەجێبوون و پووش و پەڵاش، دوایین ڕووداویش ئاگرکەوتنەوەی ئەمڕۆی چیای سەفین بوو کە ماوەی پێنج کاتژمێری خایاند.

لێدوانی فەرمی: مقەدەم شاخەوان، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر، ئەمشەو لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "بەداخەوە چەند ڕۆژێکە چەندین ئاگری نەخوازراو لەناو هەولێر و دەوروبەری دەکەونەوە، هەندێکیان بەدەستی ئەنقەستن و هەندێکیشیان بەهۆی کەمتەرخەمی دەکەونەوە، ئەمڕۆش لە چیای سەفین چەند گەشتیارێک ئاگریان کردەوە و کارەساتی لێکەوتەوە".

هۆشداری: مقەدەم شاخەوان هۆشداری دا لەوەی هەندێک کەس لە بری تیمەکانی شارەوانی هەڵدەستن بە سووتاندنی پووش و پاشماوە و خاشاک، ئەمانەش هەمووی کاری خراپن، پێچەوانەی ڕێنماییەکانن و پێویستە هاونیشتمانیان خۆیان لەم کارانە بەدووربگرن.

لەلایەکی دیکە: نەقیب کارزان ساڵح، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند: هەر کەسێک پووش و پەڵاش بسووتێنێت، ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر و سەرجەم ئەو کەسانەی ئەمڕۆ پوش و پەڵاشیان سووتاند دەستگیرکراون.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: