زانیاریی نوێ؛ دروستكردنی 29 هەزار شووقەی کرێنشینان و كەمدەرامەتان بەکوێ گەیشتووە؟

شەیری بکە لە:

ئاڤا دیجیتاڵ


دروستکردنی هەزاران شووقەی کرێنشینان و کەمدەرامەتان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان پرۆسەی باشی بڕیوە، بەشێکیان لەتەواوبوون و لە دوو مانگی داهاتوودا تیروپشکیان بۆ دەکرێت، بەشێکیشیان دەست بە دروستکردنیان دەکرێت.

 

وێنە گەورەکە: لە هەرێمی کوردستان 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لەلایەن دەستەی وەبەرهێنان و، هاوکات 9 هەزار و 4 یەکە لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بۆ کەمدەرامەتان و کرێنیشنان دروست دەکرێن.


بۆچی گرنگە: دروستکردنی ئەو هەزاران شووقەیە لەلایەن حکومەت و دابەشکردنیان بێ پێشەکی، بۆ هاوکاریکردن و پشتیوانیکردنی ئەو خێزانانەیە داهاتیان نزمە بۆ ئەوەی لە کرێچییەتی ڕزگاریان ببێت. بەپێی ڕێنماییەکان ئەو خێزانانەی شووقەکانیان پێدەدرێت دەبێت 100% شایەن بن و پێشتر هیچ جۆرە قازانجێکیان لە هیچ ئۆفەرێکی حکومەت نەکردبێت.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: بەشێک لە هاونیشتمانیان وادەزانن ئەو 20 هەزار یەکەیە هەمان یەکەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەن کە پێشتر ڕاگەیەنرابوون، بەڵام جیاوازن:

یەکەم؛ یەکەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە: نۆ هەزار و چوار یەکەی نیشتەجێبوون بەشێوەی شووقە دروستدەکرێن. 26 هەزار فۆرم بۆ ئەم شووقانە بەدروستی پڕکراونەتەوە و ناویان بۆ تیروپشك دەرچووە.

یەکەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە دەست بە دروستکردنیان کراوە و خەریکە تەواودەبن، بەشێکیان 95٪ـی کارەکانیان تەواو بووە و هەشیانە 80٪ و بەرەو خوارتر تەواو بووە تاوەکو دەگاتە 13٪. هەروەها 26 هەزار فۆرمیان بەدروستی پڕکردۆتەوە و دوو مانگی دیکە تیروپشکیان بۆ دەکرێت.

نرخی شووقەکان جیاوازە و بەپێی پڕۆژەکانە. هیچیان پێشەکییان نییە و ئەو پارەیەی بۆ نرخی شووقەکە دادەنرێت دابەشی سەر 300 مانگ دەکرێت. بۆ نموونە، ئەگەر شووقەیەک نرخی 30 هەزار دۆلار (3 دەفتەر دۆلار) بێت، ئەو کەسەی وەریدەگرێت مانگانە 100 دۆلار قیستی لێوەردەگیرێت، واتە بۆ ماوەی 25 ساڵ.

ژمارەکان وا دەڵێن: بەمشێوە یەکەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دابەشکراون:

هەولێر: هەزار و 356 یەکە
سلێمانی: سێ هەزار و 876 یەکە
دهۆک: دوو هەزار و 116 یەکە
هەڵەبجە: 192 یەکە
ئیدارەى راپەڕین: 420 یەکە
ئیدارەى گەرمیان: 360 یەکە
ئیدارەى زاخۆ: 324 یەکە
ئیدارەى سۆران: 360 یەکە


دووەم؛ یەکەکانی دەستەی وەبەرهێنان: 20 هەزار یەکەکەی دەستەی وەبەرهێنانیش لە سەرجەم شارەکان و ئیدارە سەربەخۆکان زەوی بۆ دابینکراوە، دیزاینی پرۆژەکان تەواوبووە، 119 هەزار کەس فۆرمیان پڕکردۆتەوە, بەڵام هێشتا پرۆسەی وردبینییان بۆ نەکراوە و جارێ نازانرێت چەند فۆرمیان دروستن. قیستی ئەم شووقانە 12 بۆ 15 ساڵە، بەڵام تاوەکو ئێستا نرخەکەیان دیارینەکراوە. ڕووبەری شووقەکان 80 مەتری، 100 مەتری و 120 مەتریییە.

لێدوانی فەرمی: محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئاڤا نیوزی ڕاگەیاند: لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکومەت لە هەموو پارێزگا، ئیدارە سەربەخۆ و قەزاکانی هەرێمی کوردستان، یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەمدەرامەتان دروست دەکرێت. هەوڵەکە بۆ ئەوەیە کەمدەرامەتان و کرێنشینان بە پارەیەکی کەم ببنە خاوەن یەکەی نیشتەجێبوون.

هاوکات بەرگەشت ئاکرەیی، گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان بە ئاڤا میدیای گوت: "ئێمە پێشوازی لە هەر وەبەرهێنەرێک دەکەین کە بییەوێت پرۆژەی 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون دروست بکات بەو کواڵیتی و یاسا و ڕێسایانەی وەبەرهێنان دایناوە، لەڕووی کواڵیتی پڕۆژەکە و جۆری پارەدانەکە بەشێوەیەک بێت بکەوێتە قالبی قەرزێکی لەبار بۆ هاووڵاتیان. گوتیشی؛ " لە هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان هەر وەبەرهێنێک دەیەوێت بەو مەرجانە دەست بە کارەکە بکات دەتوانن پرۆپۆزەڵی خۆیان پێشکەش بکەن".

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان