قەیرانی دەریای سوور داهاتی نۆکەندی سوێس کەمدەکاتەوە

شەیری بکە لە:
قەیرانی دەریای سوور داهاتی نۆکەندی سوێس کەمدەکاتەوە

کۆموڵێک کۆنتێنەر لەسەر کەشتییەکی بارهەڵگر لە دەریای سوور، وێنە: AFP

 ئاڤا دیجیتاڵ

بەهۆی نائارامییەکانی دەریای سوورەوە هاتووچۆی کەشتیوانی کەمی کردووە و داهاتی نۆکەندی سوێس بۆ نزیکەی نیوە دابەزیوە. 
 
وێنە گەورەکە: بەهۆی هێرشی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سوور و هێرشەکانی ئەمریکا و بەریتانیا بۆ سەر حوسییەکان جوڵەی دەریایی کەمی کردووە. بەم هۆیەوە داهاتی نۆکەندی سوێس لە میسر کەمی کردووە و زیانێکی ئابووریی زۆر بەر ئابووریی میسر کەوتووە.  
 
لێدوانی فەرمی: ئوسامە رەبیع، بەڕێوەبەری نۆکەندی سوێس ڕایگەیاند، تێکڕای جوڵەی کەشتییەکان لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ بە ڕێژەی 36% کەمی کردووە، بەم هۆیەشەوە داهات بە ڕێژەی 46% کەمی کردووە و کۆی داهاتەکە بۆ 482 ملیۆن دۆلار دابەزیوە. ئەو هۆکاری دابەزینی داهاتی بۆ نائارامییەکانی دەریای سوور گەڕاندەوە. 
 
ژمارەکان وا دەڵێن: لە مانگی کانوونی دووەمی 2024 دا هەزار و 362 کەشتی بە نۆکەندی سوێسدا تێپەڕیون؛ ئەم ژمارەیە لە هەمان مانگی ساڵی پێشوودا دوو هەزار و 155 بووە. 
 
ئەوەی پێویستە بیزانیت: نۆکەندی سوێس یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی داهاتی دراوی میسر. کەمبوونەوەی داهاتی ئەم نۆکەندە لەکاتێدایە ئێستا میسر کێشەی کەمبوونەوەی دراوی بیانی هەیە.
 
باکگراوەند: حوسییەکانی یەمەن کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتیی دەکرێن، بە پاساوی پشتیوانیکردن لە غەززە، هێرش دەکەنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور، گەرووی بابولمەندەب و کەنداوی عەدەن. لە بەرامبەریشدا ئەمریکا و بەریتانیا بۆ چەند جارێک پێگەی حوسییەکانیان بۆردوومان کردووە. 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: