هانی سوپرایزی هەیە: جەنگی من و بوونی من دەبێت لە كوردستان بێت

شەیری بکە لە:
هانی سوپرایزی هەیە: جەنگی من و بوونی من دەبێت لە كوردستان بێت

خانمە هونەرمەندی بەناوبانگ هانی موجتەهیدی

ئاڤا دیجیتاڵ


خانمە هونەرمەندی بەناوبانگ هانی موجتەهیدی، سوپرایزی هەیە و لە وەرزی نوێدا یەکێک لە ئەستێرە دیارەکانی شاشەی ئاڤا میدیا دەبێت. هانی لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ئاڤا نیوز، وەڵامی چەندین پرسیار دەداتەوە، لەوانەش ژیانی تایبەتی و کارە هونەرییەکانی


پێش ئەوەی پرسیار ئاراستەی هانی بکەین ئەو خۆی دەناسێنێت  و دەڵێت: من هانی لەدایکبووی شاری سنەم، دایکم خەڵکی ناوچەی پاوەیە، لە منداڵییەوە زۆر حەزم لە وەرزش و وێنەکێشان  بووە، بەگشتی لە هەموو بوارەکانی هونەر و وەرزش زۆر چالاک بووم و هۆنراوەشم دەنووسی، تا لە کۆتاییدا خۆم لە بواری میوزیک و گۆرانیگوتندا بینییەوە. بە بۆچوونی من زۆر گرنگە لە هەر بوارێکدا کاربکەیت، دەبێت شارەزاییت لە بوارەکانی دیکەدا هەبێت بۆ ئەوەی بتوانیت داهێنەربیت.


ئاڤا نیوز: هەمیشە لە کۆنسێرت و ئاهەنگەکانی هانی گوێمان لە سروودی نیشتيمانی و ناوی کوردستان دەبێت؟


هانی: لەبەرئەوەی من لە خێزانێکی کوردپەروەر لەدایکبووم، بۆیە لە منداڵییەوە من هەرشتێکم کردووە خێزانەکەم پێیانگوتووم "هانی تۆ ئەم کارە بۆ خۆت و حەزی خۆت ناکەیت، بۆیە دەبێت شتێک بکەیت کە خزمەت بێت بە نیشتمان و کۆمەڵگەکەت" بۆیە هەرچەندە زۆربەی جارەکانیش لەسەر ئەو بابەتە ڕووبەڕووی رەخنە بوومەتەوە  کە هانی ئەوەندەی کاری سیاسی و نیشتمانپەروەری هەیە، کاری دڵداری نییە، بەڵام من گوێم پێینەداوە و ئەوە وەکو ئەرکێک دەبینم لەسەر شانم کە زیاتر لە تێکستی نیشتمانیدا کار بکەم.


ئاڤا نیوز: سەخت نییە لەگەڵ ژەنیارێکی ئەڵمانی و رۆژئاواییدا مەقاماتی کوردی بچڕی و گۆرانی کوردی بڵێیتەوە، چۆن ئەم هەماهەنگییەت کردووە بێئەوەی کار بکاتە سەر هەست و سۆزت ؟


هانی: بە بۆچوونی من هیچ شتێک سەخت نییە و هیچ شتێک نییە نەکرێت لەم جیهانەدا، بەتایبەتی مرۆڤ ئەگەر عەشقی بۆ کارەکەی هەبێت و بڕوای بە توانای خۆی هەبێت، دەتوانێت هەموو شتێک بخوڵقێنیت. بۆیە ئەو ژەنیارانە و ئەو پرۆدیوسەرە ئەڵمانی و نێودەوڵەتییانەی من کاریان لەگەڵ دەکەم، ئەو عەشقە دەبینن لە مندا دەزانن پەیامێکم هەیە و دەمەوێت دەنگ و ئاواز و مۆسیقای میلەتەکەم کە هەزاران ساڵ چەوساوە بووە، بیگەیەنم بە جیهان. بۆیە ئەوانیش خۆیان لەگەڵ هەستی مندا دابەش دەکەن، ئیتر ئەو کارانە دەخوڵقێن. ئەمە ئەوپەڕی مرۆڤایەتییە لەوانەوە کە بە تەواوی واز لە ئیگۆی خۆیان دەهێنن تەواوی هەست و سۆزی خۆیان واز لێدەهێنن و گوێ بۆ من دەگرن کە دەزانن پێویستم پێیانە، بۆیە دەڵێم ئەو عەشقەی هەمانە منیش و ئەوانیش بۆ کارەکانمان ئەو سەختییەی تێپەڕاندووە.


ئاڤا نیوز: لەو کاتەی بۆ یەکەم سەردانی هەرێمی کوردستانت کرد و تا ئێستا لەڕووی هونەرییەوە چ گۆڕانکارییەک بەدیدەکەیت؟


هانی: من ساڵی 2005 کاتێک گەڕامەوە بۆ یەکێک لە فێستیڤاڵە میوزیکییەکان لە هەولێر، بینیم کە تا ئەو کاتە هێشتا ژن ناتوانێت لە شوێنەکاندا کایەی خۆی هەبێت، تەنانەت لە رێستۆرانت و شوێنە گشتییەکاندا زۆر بەکەمی دەبینران. لەوێوە من زانیم جەنگی من و بوونی من دەبێت لە کوردستان بێت. بەخۆمم گوت هانی تۆ شانسێکی باشت لە دەرەوە بە دەستهێناوە، بەڵام ئێستا کچان و ژنانی وڵاتەکەت پێویستیان بە تۆیە. بۆیە بەشانازییەوە دەتوانم بڵێم خۆم بە بەشێک لەو گۆڕانکارییە دەزانم و هەمیشە رێزی دەگرم و خاکی باشووری کوردستان ماچ دەکەم، هەمیشە وەکو باوەشی ئەو خێزانەم دەیبینم کە زۆر بەمنداڵی لەدەستمدان و سوپاسگوزارم بۆ پاڵپشتییان. هەمیشەش ئەوان بەشێکن لە گەشانەوە و بەردەوامیی من.


ئاڤا نیوز: لە ژمارەیەکی زۆر لە فێستیڤاڵە جیهانییەکان وەکو گۆرانیبێژێکی کورد بەشداریت کردووە، بینەران و ئامادەبووانی ئەم فێستیڤاڵانە هەستیان بەرامبەر گۆرانی و میوزیکی کوردی چۆن بوو؟


هانی: من لەم ماوەیەدا لە زۆر کۆنسێرت دەرکەوتم بە دوو پرۆژەی جیاوازەوە، پێمخۆشە لەسەر (هەژیرۆک) قسەتان بۆ بکەم، من جیا لە هانی موجتەهیدی کە کاری میوزیکی کلاسیک و پۆپ دەکات، کاری هونەری دەکەم وەکو رێکخەری دەنگ و جێبەجێکاری دەنگ و ڤیدیۆی تایبەت و هونەری دەکەم، لەبەرئەوەی پێویستە بۆ هونەرمەند کە پرۆژەی جیاوازی هەبێت، ناوی جیاوازیشی هەبێت، بۆیە هەژیرۆک ناوێکی نوێی هونەری منە، ئەو فانانەی کە پێیانخۆشە لە ماڵە هونەرییەکەی من کارە هونەرییەکانی من ببینن، سەریان لێ تێکنەچێت و بە دوای هەژیرۆکدا بگەڕێن. بەڵێ لەم کۆتاییانەدا لە فێستیڤاڵی زۆر گەورە دەرکەوتم و (بی.بی.سی) بووە بە سپۆنسەری کارەکانی من و لەوانەیە لە داهاتوشدا (تایمز) بێت.


ئاڤا نیوز: هونەر بۆ هانی چییە؟


هانی: خەونی من بوو کە ساڵەهایە هەوڵی بۆ دەدەم و خەونی پێوە دەبینم، بتوانم وەکو کچێکی کورد دەنگی کوردستان و ئازارەکانی و، دەنگی ئەو هەموو کارەساتانەی ساڵەهایە بەسەر من و تۆ و هەموو میللەت و نەتەوەکەمان هاتووە، بە شێوازێکی تەواو هونەری و بە ستانداردی میوزیکی کلاسیکی نوێ بگەیەنم، کە بەرهەمهێنەر یان ئامادەکارەکە گوێی لێبوو بڵێ ئەو کوردانە چ توانایەکیان هەیە لە شێوازی کلاسیکدا. ماوەی پێنج ساڵە کاری لەسەردەکەم، لەم ماوەیەدا (فیل هارمۆنیشن ئۆرکێسترای فریبورگ) وەریانگرت، ئەندری ڕیتا کە یەکێکە لە گرنگترین رابەرە ئۆرکێستراییەکان وەریگرتووە.

ئاڤا نیوز: لە گۆرانی و میوزیکەوە بۆ دنیای سینەما و نواندن ئێستاش ڕاگەیاندن، لە کامیاندا زیاتر خۆت دەبینیتەوە و دەتەوێت بەردەوامبیت تێیدا ؟

هانی: من وای دەبینم کە کەسێک لەسەر ستەیج دەوەستێت بەرامبەر ئەو هەموو بینەرە بۆ پێشکەشکردنی بەرهەمێک، بەدڵنیاییەوە دەبێت ئەکتەر بێت بۆ ئەوەی بتوانێت بەسەرکەوتوویی ئەو کارە بکات، بێ لەوەش من هەر لە منداڵییەوە بەردەوام لە کارە شانۆییەکانی قوتابخانە بەشداریم کردووە و حەزم لە نواندن بووە، ئێستاش ئەگەر سیناریۆیەک و کارێکی جوان هەبێت بەدڵنیاییەوە دووبارە بەشداری تێدا دەکەم.

ئاڤا نیوز: پرۆژە و کاری نوێت لە داهاتوودا چی دەبێت ؟

هانی: پرۆژەی نوێی هونەریم ئامادەکارییە بۆ دوو گۆرانی نوێ لەگەڵ سیامەندی کوڕم، بەشێوەیەکی زۆر ورد و جوان کاری تێدا دەکەین و دەمانەوێت زۆرباش بێت. یەکەم؛ لەبەرئەوەی بەئەرکی خۆمانی دەزانین کە کاری زۆرباش و جوان پێشکەش بکەین. دووەم؛ بڕیارە لە کەناڵە جوانەکەی ئاڤا میدیاوە بڵاوبکرێتەوە.

ئاڤا نیوز: بڕیارە ئەمجارە لەگەڵ ئاڤا میدیا دەرکەویت، دەتوانیت لێرەوە باسی پرۆژەکەت بۆ بینەران بکەیت؟

هانی: پێمخۆشە بەرنامەکە سوپرایز بێت. تەنها ئەوەندەم بۆ گرنگە بڵێم من وەکو هانی لە هەموو کەناڵەکان پێشنیازم بۆ کراوە بەرنامەی تایبەت بکەم، بەڵام لەبەرئەوەی کە نامەوێت شتیکی دووبارە بکەم، دەمەوێت کۆنسێپتێک بیت پێشتر نەکرابێت. شتێکی جیاواز بێت بۆ گەنجان و لەڕێگەیەوە بتوانین خزمەت بە نەوەی گەنج و بەهرەمەند بکەین. تاکە شوێنێک کە باوەشی کردەوە بۆ ئەو بیرۆکەیەی من  ئاڤا میدیا بوو. پەنا بەخوا لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەو پرۆژە جوانەی کە خەونی منە  و پرۆژەیەکی مرۆڤدۆستی و گەنجانەیە، لەڕێگەی ئەم شاشە جوانەوە دەبەخشین بە کوردستان.

 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان