زیلینسکی بەرپرسە سەربازییەکانی وڵاتەکەی دەگۆڕێت

شەیری بکە لە:
زیلینسکی بەرپرسە سەربازییەکانی وڵاتەکەی دەگۆڕێت

ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا

ئاڤا دیجیتاڵ

ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا، سەرقاڵی ئەنجامدانی چەند گۆڕانکارییەکی گەورەیە لە ریزەکانی سوپا و حکومەت. گۆڕانکارییەکان بەمەبەستی رووبەڕووبوونەوەی زیاتری هێرشەکانی ڕووسیایە.

وێنە گەورەکە: نزیکەی دوو ساڵە شەڕی ڕووسیا و ئۆکراینا هەڵگیرساوە و هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا بەردەوامن. بۆ خۆئامادەکردن بۆ قۆناغێکی نوێی جەنگ، سەرۆکی ئۆکراینا دەیەوێت گۆڕانکاری لە ژمارەیەک لە پۆستە باڵا سەربازی و سیاسییەکانی وڵاتەکەیدا بکات.

لێدوانی فەرمی: ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا، لە وەڵامدانەوەی بۆ دەنگۆکانی لەکارلادانی ڤالێری زالوژنی، سوپاسالاری ئۆکراینا ڕایگەیاند، گۆڕانکارییەکان لە گۆڕینی تاکە کەسێک زیاترن و پەیوەندییان بە تەنیا یەک کەسەوە نییە. ئەو گوتیشی من بیر لە وەرچەرخانێک دەکەمەوە و بابەتەکە جددییە و پەیوەندی بە رێبەرایەتیکردنی وڵاتەوە هەیە. ئەو گوتیشی بۆ سەرکەوتن لە شەڕدا "پێویستە هەموومان لەسەر یەک رێڕەو هەنگاو بنێین، ناکرێت نائومێد بین، دەبێت وزەیەکی دروست و ئەرێنیمان هەبێت و واز لە لێکدانەوەی نەرێنی بهێنین. ناکرێت ڕەفتاری خۆسەپێنمان هەبێت".

زانیاریی زیاتر: جەنەڕال ڤالێری زالوژنی لە سەرتاسەری ئۆکراینا، لەنێو سوپا و لەنێو خەڵکیدا جەماوەرێکی زۆری هەیە. بە جەنەڕاڵی ئاسنین ناودەبرێت. ئەو ساڵی ڕابردوو لە وتارێکیدا نووسیبووی شەڕکردن لەگەڵ ڕووسیا گەیشتووەتە بنبەست. ئەمەش ڕەخنە و نیگەرانیی زۆری زیلینسکی لێکەوتەوە. هەفتەی ڕابردووش لە چاوپێکەوتنێکیدا رەخنەی لە سیاسەتی زیادکردنی ژمارەی سەربازانی ئۆکراینا گرتبوو و رایگەیاندبوو، ئەم هەنگاوە ئۆکراینا لە ئامانجەکانی دووردەخاتەوە.

ئەمەش بزانە: چاودێران لەو باوەڕەدان لادانی زالوژنی دەبێتە گەورەترین گۆڕانکاریی لەوەتەی هێرشی ڕووسیا دەستیپێکردووە لەنێو سوپای ئۆکراینادا ئەنجامدرابێت. ئەوان پێیانوایە لەکاتێکدا کە ئۆکراینا کێشەی کەمیی چەک و تەقەمەنی هەیە، ئەم گۆڕانکارییە زیان بە مۆڕاڵی سەربازانی ئۆکراینا دەگەینێت و لە بەرامبەریشدا لە بەرژەوەندیی ڕووسیا دەبێت.

پێشبینییەکان: چاوەڕێ دەکرێت ئەگەر سەرۆک و سوپاسالاری وڵات نەتوانن لەسەر ستراتیژێکی نوێی وەڵامدانەوەی هێرشەکانی ڕووسیا بگەنە رێککەوتن، لە چەند رۆژی داهاتوودا بڕیاری لەسەرکارلادانی سوپاسالار دەربکرێت.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: