گرافیکی ئاڤا نیوز
'وتار' و 'گوتار' له بنه‌ڕه‌تدا وه‌كو وشه و پێكهاته‌ی ڕێزمانیی وشه‌كان هه‌مان شتن، كه له ڕه‌گی (وتن/گوتن) و پاشگری (ار) پێكهاتوون. چاوگه‌كه هه‌مان چاوگه، ته‌نیا له (وتن)دا فۆنیمێک سواوه، واته به‌هۆی شێواز و زار و شێوه‌زاره‌وه چاوگه‌كه دوو فۆرمی جیاوازی هه‌یه. به‌ڵام له ڕووی چه‌مكه‌وه ئێستا هه‌ریه‌كه‌یان بوون به دوو زاراوه‌ی جیاواز و بۆ دوو مه‌به‌ستی جیاواز به‌كاردێن. بۆیه له ڕاگه‌یاندن و له ناوه‌نده ئه‌كادیمییه‌كاندا ناكرێت له‌بری یه‌كدی به‌كاربێن و تێكهڵبكرێن. لێره‌دا به‌جیا هه‌ردوو زاراوه‌كه ڕوونده‌كه‌ینه‌وه.
یه‌كه‌م: وتار
زاراوه‌ی 'وتار' له زمانی كوردیدا بۆ دوو مه‌به‌ست به‌كاردێت، ئه‌ویش (ئه‌و وتاره‌ی كه پێشكه‌ش ده‌كرێت، وه‌ك وتاری ئاینی یان سیاسی)، له به‌رانبه‌ر ئه‌مه‌دا له زمانی ئینگلیزی‌دا (speech) بۆ وتاری ئاسایی و (sermon) بۆ وتاری ئاینی به‌كاردێت. له زمانی عه‌ره‌بیدا (خطاب) یان (كلمە) بۆ وتاری ئاسایی و (خطبە) بۆ وتاری ئاینی به‌كاردێت. واتای دووه‌می وتار له زمانی كوردیدا ئه‌وه‌یه کە بۆ وتاری ئه‌ده‌بی (Essay)، هه‌روه‌ها بۆ ئه‌و ژانره‌ی ڕاگه‌یاندن به‌كاردێت، كه وه‌كو لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی بچووككراوه باس و شیكردنه‌وه‌ی بابه‌تێكه و له ڕۆژنامه و سایته‌كاندا بڵاوده‌كرێته‌وه، كه له زمانی ئینگلیزی‌دا زاراوه‌ی (Article)ی بۆ به‌كاردێت.
له زمانی عه‌ره‌بیدا له به‌رامبه‌ر (Essay) زاراوه‌ی (مقال الادبی) و له به‌رامبه‌ر (Article) زاراوه‌ی (مقال الصحفی) به‌كاردێت. له ڕووی زمانی نوسین و جۆره‌وه، سێ جۆری وتار هه‌یه، كه وتاری زانستی، وتاری ئه‌ده‌بی و وتاری ڕۆژنامه‌نوسییه. وتاری ئه‌ده‌بی وه‌كو ژانرێكی ئه‌ده‌ب به شێوازی ئه‌ده‌بی و تایبه‌ت ده‌نووسرێت. وتاری ڕۆژنامه‌نووسی، كه زیاتر مه‌به‌ستی ئێمه‌یه، ژانرێكی ڕاگه‌یاندنه، له فه‌رهه‌نگی كامبریجدا به‌م جۆره پێناسه‌كراوه: "پارچه نووسینێكه له‌سه‌ر بابه‌تێكی دیاریكراو له ڕۆژنامه یان گۆڤار یان له ڕێگه‌ی پێگه‌كانی ئه‌نته‌رنێته‌وه بڵاوده‌كرێته‌وه". بابه‌ته‌كانی ئه‌م جۆره وتاره جۆراوجۆرن، وه‌ك بابه‌تی سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی، وه‌رزشی، هونه‌ری...هتد. بابه‌ته‌كانی له ژیان و له كه‌توار(واقع)ه‌وه وه‌رده‌گیرێن و به شێوهزمانێكی كه‌تواری و ئاسایی ده‌نووسرێت. له‌م جۆره وتاره‌دا بابه‌ته هه‌نوكه‌ییه‌كان به شێوازێكی خودی له‌لایه‌ن نووسه‌ره‌وه شیده‌كرێنه‌وه. واته به بۆچوونی نووسه‌ر و به‌پێی ویست و بۆچوونی نووسه‌ر بابه‌ت و شیكردنه‌وه و هۆكاره‌كان ده‌خرێنه‌ڕوو.
وتاری ڕۆژنامه‌نووسی وه‌كو ته‌واوكه‌ری هه‌واڵ ده‌توانێت ڕای گشتی دروست بكات و جه‌ماوه‌ر ئاراسته بكات. هه‌روه‌ها بره‌و به بیر و ئایدۆلۆژیایه‌كی سیاسی بدات. پێویسته ئه‌وه‌ش بڵێن سه‌روتار و ستوونی ڕۆژنامه‌نوسی به جۆری جیاوازی وتار دانراون. سه‌روتار ئاسایی له ڕاگه‌یاندنی نووسراودا هه‌یه، جا ڕۆژنامه بێت یان ماڵپه‌ڕ.
وتار له ڕووی په‌یوه‌ندیی به نووسه‌ره‌وه، جۆری خودی و بابه‌تیی هه‌یه، له وتاری خودیدا زیاتر بۆچوونه‌كانی نووسه‌ر به‌رجه‌سته ده‌بن، چونكه له‌م جۆره وتاره‌دا نێره‌ر زیاتر مه‌به‌ستیه‌تی بیر و ئایدۆلۆژیایه‌كی تایبه‌ت بسه‌پێنێت كه خۆی لای په‌سنده. هه‌ڵبه‌ت له وتاری بابه‌تیشدا نووسه‌ر مه‌به‌ستیه‌تی بره‌و به بیرۆكه و بابه‌تی تایبه‌تیی وا بدات، كه خۆی پێی په‌سنده و ویستی له‌سه‌ره، به‌ڵام له‌وێدا ناتوانرێت له ناو ده‌قی وتاره‌كه‌دا جێی ئایدۆلۆژیای تایبه‌ت بكرێته‌وه.
دووه‌م: گوتار
گوتار (خطاب-Discourse) له وشه‌ی (Discoursus)ی لاتینییه‌وه هاتووه كه به واتای (گفتوگۆ) دێت. گوتار به‌پێی مه‌به‌ست و به‌كارهێنانه باوه‌كه‌ی د‌یڤید كریستاڵ به‌و جۆره پێناسه‌ی ده‌كات بەوەی كه یه‌كه‌یه‌كی ڕه‌فتاریی له ڕسته گه‌وره‌تره. له ڕوودانی هه‌ر قسه‌كردنێكدا دێته‌ئاراوه. پێشبینیی قالب و ڕۆنانێكی زمانیی بۆ ناكرێت، ده‌شێت له ئاخاوتنی ئاسایی، نوكته، وتار و چاوپێكه‌وتندا بگه‌یه‌نرێت. گوتار ده‌شێت نووسرابێت، یان گوتراو بێت و له سه‌رووی بنیادی ده‌قه‌وه‌یه، ئه‌و بنیاده هزرییه‌یه كه له ده‌قێكدا به‌پێی ده‌روبه‌رێكی گوتاریی دیاریكراو ده‌گه‌یه‌نرێت. گوتار، بیر و ئایدۆلۆژیای نێره‌ر و باری كۆمه‌ڵایه‌تی ڕهنگرێژدهكات، بۆیه ده‌گوترێت نواندنی كۆمه‌ڵایه‌تی و گوتار دوو دیارده‌ی ته‌واوكه‌ری یه‌كدین. واته نواندن و كارلێكی كۆمه‌ڵایه‌تی له گوتاردا به‌رجه‌سته ده‌بن.
فه‌یله‌سوفی فه‌ره‌نسی میشێل فۆكۆ زۆر له سه‌ر بابه‌تی گوتار ده‌وه‌ستێت. به‌گشتی له زماندا گرنگی به ئه‌رک (وه‌زیفه)ی گوتنه‌كان ده‌دات. به لای ئه‌وه‌وه ته‌نانه‌ت هه‌ڵوێست و ڕووداوی نازمانیش گوزارشت له گوتاری خاوه‌ن هه‌ڵوێست ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی به لای زمانه‌وانییه‌وه گرنگبێت گوتاری ڕووداوی زمانییه.
به‌لای فۆكۆوه گوتار گشتێكی ئاڵۆزه له زانست، ئه‌ده‌ب، دین، فه‌لسه‌فه و ئه‌فسانه، به‌سه‌ریه‌كه‌وه ئه‌و سه‌رزه‌مینه گوتارییه دروست ده‌كه‌ن كه حه‌قیقه‌ت و ناحه‌قیقه‌ت، ئاسایی و نائاسایی، ئه‌خلاقی و نائه‌خلاقی، عه‌قڵانی و ناعه‌قڵانی لێك جیاده‌كه‌نه‌وه. واته گوتاری مرۆڤ هه‌ر هی تاكه‌كه‌س نییه، به‌ڵكو هی تاقمی كۆمه‌ڵایه‌تی و ژینگه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌یه‌تی. گوتار ئه‌و هه‌ڵوێست و بیروڕا و ئایدۆلۆژیا و مه‌به‌سته‌ی نێره‌ره، هه‌وێنی له‌و ژینگه و كلتوره گشتییه وه‌رگرتووه كه تاک تێیدایه و به پێی ده‌وروبه‌ر و بارودۆخێكی دیاریكراو، له پێناو دروستكردنی كاریگه‌ری، ده‌نوێنرێت. جا له هه‌ر فۆرمێكی قسه‌دا بێت. یان ده‌كرێت له نواندنی ڕه‌فتاردا بێت، به‌ڵام له په‌یوه‌ندیی گوتار و زماندا ده‌شێت بڵێین زمانی مرۆڤ، سه‌رزه‌مینی گوتاری مرۆڤه و هه‌موو بهگهڕخستنێكی زمان له پێناوی گوزارشتكردنه له گوتار.
لای میخائیل باختین گوتار په‌یوه‌ندیی به فۆرمه‌وه نییه، بۆیه ئه‌و پێی وایه تاكه وشه‌یه‌ك یان ئاگاداركردنه‌وه به ده‌نگێک كه وشه‌ش نه‌بێت، به هۆی ده‌وروبه‌ری نازمانییه‌وه، وه‌ك كات و شوێن و ئاواز ده‌توانێت ببێته ڕووداوێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌ڵگری چه‌ندین واتا بێت، واته ده‌توانێت ببێته گوتار. هیچ قسه و هه‌ڵوێستێک خاڵی نییه له بۆچوونی تایبه‌تیی نێره‌ر و ویستی نێره‌ر بۆ سه‌رخستنی بیرێک به‌سه‌ر بیرێكی دیکە و دروستكردنی كاریگه‌ریی له كه‌تواردا، به‌و جۆره‌ی كه خۆی به‌لایه‌وه په‌سنده. نێره‌ر كۆمه‌ڵێک بیر و شت په‌سند ده‌كات و وێنه‌یه‌كی جوانیان بۆ ده‌كێشێت، كۆمه‌ڵێك بیر و شتی دیکەش ڕه‌تده‌كاته‌وه و وێنه‌یه‌كی نه‌رێنییان بۆ ده‌كێشێت. ئه‌مه‌ش له پێناوی دروستكردنی كاریگه‌ری له‌سه‌ر وه‌رگر و ئاراسته‌كردنی به‌و جۆره‌ی خۆی ده‌یه‌وێت.
نێره‌ر له گوتاردا په‌یام، فه‌لسه‌فه، بیر، ئایدۆلۆژیا و جیهانبینیی خۆی و هاوبیرانی له حزب یان هه‌ر دامه‌زاراوه و كۆمه‌ڵێک كه باوه‌ڕی پێیه‌تی به به‌رانبه‌ر ده‌گه‌یه‌نێت و ده‌یه‌وێـت كاری لێبكات، وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌گوترێت (گوتاری حزبی س) یان (گوتاری شه‌قامی عێراقی)، ئه‌مه‌ش واتای ئه‌وه‌یه هه‌ریه‌ک له‌وانه سه‌باره‌ت به بابه‌تگه‌لی دیاریكراو، بیركردنه‌وه و هه‌ڵوێستی دیاریكراویان هه‌یه. واته گوتار ده‌شێت له وتار یان پارچه نوسینێک، ڕسته‌یه‌ک، قسه‌یەک یان ته‌نانه‌ت هه‌ڵوێستێكی سیاسیش‌دا بێت.
به‌كورتی، گوتار گوتن یان ههڵسوكهوتێكه، كه هه‌ڵوێست و بیركردنه‌وه‌ی تایبه‌ت و لایه‌نگری و ئایدۆلۆژیایه‌كی له‌پشته كه نێره‌ر پێی په‌سنده و ده‌یه‌وێت به‌و ئاراسته‌یه كار له‌وانی دیکە بكات.
نوێترین بیروڕا
کەرکووک و نەبوونى ستراتیژ
19 کاتژمێر لەمەوپێش
لێگەڕێن خەڵکی ناوەڕاست و باشوور بێنە کوردستان و لێرە سەرژمێر بکرێن
17 تشرینی دووەم
هاتنه‌وه‌ی تره‌مپ؛ كۆتایی هه‌ژموونی ئێران له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست
14 تشرینی دووەم
تێگەیشتن لە مانای فەلسەفەی سیاسەت لە هەرێمی کوردستاندا
10 تشرینی دووەم
پاش گەڕانەوەی ترەمپ ئیسرائیل كێ بە ئامانج دەگرێت؟
7 تشرینی دووەم
كێشەی سەرژمێرییەكە لەچیدایە؟
3 تشرینی دووەم
سه‌رژمێری دانیشتووان و كاریگه‌رییه‌كانی له‌سه‌ر سنووری ماددەی 140
2 تشرینی دووەم
سەرژمێری و سیاسەتی گۆڕینی دیمۆگرافیا
2 تشرینی دووەم
بچووکبوونەوەی پەرلەمان لە سەردەمی میدیا و سۆشیاڵ میدیا
31 تشرینی یەکەم
هەژماری من دوور لە ململانێی سیاسی
31 تشرینی یەکەم
- بیروڕا
- 19 کاتژمێر لەمەوپێش
کەرکووک و نەبوونى ستراتیژ
- بیروڕا
- 10 تشرینی دووەم
تێگەیشتن لە مانای فەلسەفەی سیاسەت لە هەرێمی کوردستاندا
- بیروڕا
- 7 تشرینی دووەم
پاش گەڕانەوەی ترەمپ ئیسرائیل كێ بە ئامانج دەگرێت؟
- بیروڕا
- 3 تشرینی دووەم
كێشەی سەرژمێرییەكە لەچیدایە؟