سیاسەتی نوێی بایدن

جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا

سەبارەت بە فراوانبوونی قەیرانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، من باوەڕم بە دوو شت هەیە.

 

ئێمە نزیکین لەوەی کە ستراتیژییەتێکی نوێی ئیدارەی بایدن ببینین بۆ وەڵامدانەوەی ئەم جەنگە بەرە فراوانە لە کەرتی غەززە، ئێران، ئیسرائیل و ناوچەکە – ئەوەی من هیوای بۆ دەخوازم ئەوەیە کە ببێتە "دۆکترینی بایدن" بە جۆرێک کە لە ئاست جیدییەت و ئاڵۆزیی ئەم ساتە پڕ لە مەترسییەدا بێت. 

 

ئەگەریش وەها دۆکترینێکی مەزن و بەرچاومان نەدی، قەیرانی ناوچەکە بەرەو وەک خانەی شێرپەنجەیی بڵاو دەبێتەوە، بە جۆرێک کە ئێران بەهێز دەکات، ئیسرائیل گۆشەگیر دەکات و توانای ئەمریکاش بۆ دانانی کاریگەریی لە سەر رووداوەکانی ئەوێ لە جاران باشتر دەکات.

 

دۆکترینی بایدن – وەک ئەوەی کە من ناوی دەنێم یەکگرتنی بیرکردنەوەی ستراتیژی و پلاندانان کە راپۆرتەکەم هەڵیگرتووەتەوە – سێ رێڕەو دەبێت.

 

لە رێڕەوی یەکەمدا، هەڵوێستێکی بەهێز و یەکلاکەرەوە لە سەر ئێران دەبێت کە تۆڵەی توندی سەربازیی لە دژی پڕۆکسییەکانی ئێران و بەکرێگیراوەکانی لە ناوچەکەدا لە خۆدەگرێت لە وەڵامدانەوەی کوژرانی سێ سەربازی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە بنکەیەک لە ئوردون بە درۆنێک کە دیارە لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە عێراق هەڵدراوە. 

 

لە رێڕەوی دووەمدا، دەستپێشخەرییەکی بێوێنەی دیپلۆماسیی ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ پێکهێنانی دەوڵەتێکی فەلەستینی دەبێت – هەر ئێستا. ئەوە دانپیانانی ویلایەتە یەکگرتووەکان بە دەوڵەتێکی فەلەستینیی لە چەکداماڵدراو لە کەناری رۆژئاوا و کەرتی غەززە لە خۆ دەگرێت کە تەنیا کاتێک دێتە بوون کە فەلەستینییەکان گەشەیان دابێت بە کۆمەڵێک دامەزراوەی باوەڕپێکراوی دیارییکراو و توانای ئاسایشی بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی ئەم دەوڵەتە دەتوانێت بەردەوام بێت و ئەوەشی کە هەرگیز هەڕەشە لە ئیسرائیل ناکات. بەرپرسانی ئیدارەی بایدن سەبارەت بە شێوازە جیاوازەکانی ئەم داننانە بە دەوڵەتی فەلەستینی راوێژیان بە شارەزایان لە ناوخۆ و دەرەوەی حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان کردووە.  

 

لە رێڕەوی سێیەمدا، هاوپەیمانیی ئاسایشیی ویلایەتە یەکگرتووەکان زۆر فراوان دەکرێت لەگەڵ سعودیە کە ئەمەش ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی سعودیە و ئیسرائیل لە خۆ دەگرێت – ئەگەر حکومەتی ئیسرائیلی ئامادەبێت بۆ لەخۆگرتنی پڕۆسەیەکی دیپلۆماسی کە هەنگاو دەنێت بەرەو چەکداماڵینی دەوڵەتی ئیسرائیلی لەلایەن دەستەڵاتی گۆڕدراوی فەلەستینییەوە. 

 

ئەگەر ئیدارە بتوانێت ئەمانە پێکەوە گرێ بدات – ئەگەرێکی زۆر گەورە – ئەوا دۆکترینی بایدن دەتوانێت ببێتە گەورەترین داڕشتنەوەی دووبارەی ناوچەکە لەوەتەی پەیماننامەی کامپ دەیڤیدی ساڵی ١٩٧٩وە. 

 

بە ڕەهایی، پێویستە ئەم سێ رێڕەوە پێکەوە گرێدراو بن، بۆ سەرکەوتنی دۆکترینی بایدن. لەو باوەڕەدام کە بەرپرسانی ویلایەتە یەکگرتووەکان لەمە تێدەگەن. 

 

لەبەرئەوەی من لەمە دڵنیام: ٧ی ئۆکتۆبەر دووبارە بیرکردنەوەیەکی ریشەیی سەبارەت بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ناو ئیدارەی بایدن دەسەپێنێت، بە رەچاوکردنی هێرشە وەحشییانەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل؛ تۆڵەی فراوانی ئیسرائیل لە دژی حەماس کە هەزاران فەلەستینی مەدەنیی بێتاوانی لە غەززە کوشتووە؛ فراوانتربوونی هێرشەکان بۆ سەر ئیسرائیل و ستافی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ناوچەکە؛ هەروەها ناتوانایی حکومەتی راستڕەوی ئیسرائیلی بۆ داڕشتنی هەر پلانێک بۆ بەڕێوەبردنی غەززە لە بەیانیی دوای ئەو رۆژەی کە شەڕ تەواو دەبێت لەگەڵ ئەو هاوبەشە فەلەستینییەی کە لە حەماس نیە. 

 

ئەو دووبارە بیرکردنەوەیەی کە ئێستا لە ئارادایە ئاماژە بە هۆشیارییەک دەدات کە ئێمە چیدیکە ناتوانین رێگە بە ئێران بدەین هەوڵ بدات ئێمە لە ناوچەکە بکاتە دەرەوە، ئیسرائیل لە ناو ببات و هاوپەیمانە عەرەبەکانمان لە رێگای چالاکیی پڕۆکسییەکانەوە بترسێنێت – حەماس، حیزبوڵا، حوسییەکان و میلیشیا شیعەکانی عێراق – لە کاتێکدا ئێران هەروا پاڵ بداتەوە و هیچ باجێکیش نەدات. 

 

هەروەها، لە هەمانکاتدا، ئەوە ئاماژەیە بۆ هۆشیارییەک کە ویلایەتە یەکگرتووەکان هەرگیز ڕەوایەتییەکی جیهانیی نابێت کە هاوپەیمانەکانی ناتۆ و هاوپەیمانە عەرەب و موسوڵمانەکان پێویستییان پێیەتی بەوەی کە ئێران بباتە دۆخێکەوە کە رەفتارێکی شەرەنگێزتری هەبێت مەگەر ئەوەی ئێمە چیدی رێ بە سەرۆکوەزیران بنیامین ناتانیاهو نەدەین کە سیاسەتی ئێمە بە بارمتە بگرێت و ئێمە دەست دەکەین بە درووستکردنی دەستەڵاتێکی فەلەستینیی شەرعی و باوەڕپپێکراو کە دەتوانێت رۆژێک لە رۆژان غەززە و کەناری خۆرئاوا بە باشی بەڕێوە ببات و وەک دراوسێیەکی باش بۆ ئیسرائیل بە درێژایی سنوورە یەکجارەکییەکانیان دەتوانن پێکەوە دانوستان بکەن. 

 

نادر موسەویزادە، دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای راوێژکاریی جیوپۆلەتیکیی "هاوبەشە راوێژکارییەکانی ماکرۆ" و راوێژکاری پێشکەوتووی سکرتێری پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆفی عەنان، دەرکەوتنی ئەم دۆکترینەی بایدن بە "ستراتیژیی حساباتی دوولایەنە" وەسف دەکات.

 

موسوەیزادە دەڵێت "تۆ بە شێوەیەکی ستراتیژی ئێران بە مەترسی ناو دەبەیت و لە هەمان کاتیشدا بە دەستپێشخەرییەکی بێوێنە دەستپێدەکەیت بۆ زەمینەسازی بۆ چەکداماڵینی دەوڵەتی فەلەستینی، بەو رێگایانەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکان پێشتر هەرگیز ئەنجامی نەداون". دەشڵێت "هەر رێڕەوێک بۆ سەرکەوتن پێویستیی بەوی دیکە هەیە. هەر رێڕەوێک پاساو بۆ ئەوی دیکە دێنێتەوە و بەهێزتری دەکات. بۆ دواوە گەڕاندنەوەی ئێران و پڕۆکسییەکانی بە رێگایەکی بەردەوام و بەهێز ئاسایشی ئیسرائیل و ئاسایشی هاوپەیمانە عەرەبەکانمان بەهێز دەکات. [...] ئەمە لەگەڵ پابەندییەکی توند و رەسەنی ویلایەتە یەکگرتووەکان بە دەوڵەتی فەلەستینەوە رەوایەتی ئەوەمان پێدەدات کە لە دژی ئێران هەنگاو بنێین و ئەو هاوپەیمانانەی کە ئێمە دەمانەوێن کاریگەرترین دەبن. ئەمە هەروەها ئێران لە رووی سەربازی و سیاسییەوە گۆشەگیر دەکات". 

 

من پێموایە ئەمە تەواو درووستە. ئێستا کاتی ئەوەیە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان مەترسییەکانی ئێران و ناتانیاهو بە دیار بخات. 

 

ناتانیاهو هۆکاری ئەوەیە کە من ئەم رێسایەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابڕێژم: "هەرچی خەڵک بە ئینگلیزی و بە نهێنی پێتی دەڵێن ناپێویستە. ئەوەی ئەوان بە ئاشکرا و بە زمانی خۆیان دەیڵێن گرنگە". 

 

ناتانیاهو بە نهێنی ئەوەی بە گوێی بایدندا چپاندووە کە لەوانەیە رۆژێک ئامادە بێت – لەوانەیە – بیر لە جۆرێ لە دەوڵەتی فەلەستینیی لە چەک داماڵدراو بکاتەوە، لە کاتێکدا بە زمانی عیبری و بە ئاشکرا درووست پێچەوانەی ئەمەی دەڵێت.

 

خۆشبەختانە، بایدن ئەوەندە لە سەر رێڕەوەکە بووە کە بزانێت ناتانیاهۆ هەوڵدەدات بۆ لای خۆی رابکێشێت. هەندێکجار تەمەن شتێکی باشە. کاتی ئاشکراکردنی گەمەی ناتانیاهو و ئایەتوڵاکانە لە یەک کاتدا. بۆ ئەمە، دۆکترینی بایدن رێگا درووستەکەیە.

 

ئێمە رێمان بە ئێران داوە هەر دەستپێشخەرییەکی بونیاتنەرانە، کە ویستوومانە بە هۆیەوە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بونیات بنێین، تێکبشکێنێت – تا ئەو کاتەی کە ئێران لەوەدا بێت کە بتوانێت راستەوخۆ هێرش بکاتە سەرمان. لە هەمان کاتیشدا، رێمان بە حکومەتی ناتانیاهو داوە بۆ هەمیشە رێ لە درووستبوونی هەر جۆرە دەوڵەتێکی فەلەستینی بگرێت، تەنانەت تا ئەو جێیەی کە حەماس لە دژی دەستەڵاتی فەلەستینی بەهێز بکات بۆ ماوە چەند ساڵێکی زۆر تا دڵنیا بێتەوە لەوەی کە هاوبەشێکی فەلەستینیی یەکگرتوو بوونی نەبێت. 

 

موسەویزادە دەڵێت: "٧ی ئۆکتۆبەر مایەپووچیی سیاسەتی ئێمەی سەبارەت بە ئێران و ئیسرائیل-فەلەستین ئاشکرا کرد. [...] ئەو سیاسەتانە وایانکرد حەماس بەهێز بێت و بتوانێت هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل. وایانکرد حوسییەکان بەهێز بن و بتوانن کەشتیوانیی جیهانی پەک بخەن، وایانکرد میلیشیا شیعەکانی سەر بە ئێران هەوڵی دەرکردنی هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ناوچەکە بدەن – ئەو هێزانەی کە بۆ رێگریکردن لە گەڕانەوەی داعش و یارمەتیدانی هێشتنەوەی سەقامگیریی ناوچەکە نێردراون". 

 

ئەوەش دەڵێت لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا هیچ کەس ئێرانی بەرپرسیار نەکرد بەوەی کە "ئەکتەرە نادەوڵەتییە وێرانکەر و ژەهراوییەکانی لە دژی ئامانجە بونیاتنەرەکانی هاوپەیمانەکانمان، بۆ سەرتاسەری ناوچەکە دەنێرێت" ئەوانەی کە لە هەوڵی بونیاتنانی ناوچەیەکی گشتگیرتردان. 

 

لە بەر هەموو ئەو هۆکارانەیە کە من باوەڕم وایە، خۆزگە دەخوازم و نزا دەکەم کە دۆکترینی بایدن بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەبێت - پێویستە ئیسرائیلییەکانیش وا بکەن. 

 

ئێستا ئیسرائیل لە سێ بەرەوە لە دۆڕاندایە. ئەو شەڕی گێڕانەوەی چیرۆکی غەززەی دۆڕاندووە. تەنانەت لەگەڵ ئەوەشدا کە حەماس ئیسرائیلییەکانی کوشت و دەستدرێژی کردە سەریان، بەڵام ئەوە ئیسرائیل بوو کە ڕاکێشرایە بەردەم دادگای دادی نێودەوڵەتیی لە لاهای لە بەر کەتونەوەی قوربانی سیڤیل لە غەززە لە کاتێکدا کە هەوڵ دەدات چەکدارەکانی حەماس کە لە ناو مەدەنییەکاندان، ریشەکێش بکات. لەوەشدا دۆڕاوە کە بتوانێت ئارامیی ئیسرائیل بپارێزێت بە بێ ئەوەی بچێتە ماوەیەکی زۆر درێژخایەنەوە – بە داگیرکردنی غەززە بێ ئەوەی هیچ پلانێکی هەبێت بۆ پەیداکردنی هاوبەشێکی ڕەوای فەلەستینیی کە حەماس نەبێت، بۆ بەڕێوەبردنی ئەوێ بە باشی تا ئیسرائیل بتوانێت لێی بکشێتەوە. هەروەها لە بەرەی سەقامگیریی هەڕێمییش لە دۆڕانە. ئێستا ئیسرائیل ئامانجی چوار بەرەی هێرشبەری ئێرانییە – حەماس، حیزبوڵا، حوسییەکان و میلیشیا شیعەکانی عێراق – بەڵام ناتوانێت هاوپەیمانێتییەکی وەها لەگەڵ عەرەب و ناتۆ درووست بکات کە بۆ بردنەوەی شەڕەکە پێویستی پێیەتی، چونکە ئەنجامدانی هەر کارێک بکات بۆ هێنانەئارای هاوبەشێکی فەلەستینیی ڕەوا و باوەڕپێکراو رەت دەکاتەوە. 

 

موسەویزادە دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە ئەگەر دۆکترینی بایدن بێتە ئارا ئەوا "دەبێتە جیوپۆڵەتیکێکی باش لە دەرەوە و سیاسەتێکی باشیش لە ناوخۆ".  

 

دۆکترینەکە لە هەر دوو رووی سەربازی و سیاسییەوە بەرپەرچی ئێران دەداتەوە – بەوەی کارتی فەلەستینی لە تاران دەسێنێتەوە. دەوڵەتداریی فەلەستینی و ئاسایشی ئیسرائیلییش بەهێز دەکات؛ لەهەمانکاتیشدا زەمینەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و سعودیە دێنێتە ئاراوە، بەو مەرجەی فەلەستینییەکانیش بتوانن بیگرنەخۆ. 

  

ئەمەش ستراتیژێکە کە دەتوانێت لەگەڵ عەرەبە ئەمریکییەکانی لەیک میشیگان و هاوپەیمانە عەرەبەکانی کەنداوی فارسیش سەرکەوتوو بێت. ئەمە ستراتیژێکە کە دەتوانێت حساباتێک لە ناوخۆی سیاسەتی ئێرانی، ناوخۆی سیاسەتی فەلەستینی و ناوخۆی سیاسەتی ئیسرائیلیدا بسەپێنێت. 

 

سەرچاوە:  نیویۆرک تایمز - وەرگێڕان: هۆشەنگ دارا

شەیری بکە لە: